هەڵمەتی سەربازی عێراق و بەریتانیا بۆ سەر دەڤەری بارزان ١٩٣١-١٩٣٢

وەرگێڕان: شێرکۆ حەبیب

پێشەکی
سەرجەم ئەم بەڵگەنامانەی بە سوپاسە لە رۆژنامەی هەولێر بڵاو دەکرێنەوە بەشێوەی زنجیرە، سەرجەمیان لە ئەرشیفی نیشتمانی بەڵگەنامەکانی بەریتانی دەستم کەوتووە بۆ سەر زوبانی عەرەبی وەرمگێڕاوە و چاپ کراوە و، پێشەکیەکەی بەڕێز پڕۆفیسۆر عەبدولفەتاح بۆتانی نووسیویەتی کە ١١ پەرتووکن (کەس مافی دووبارە بڵاوکردنەوەی نییە) و لێرەدا بە زوبانی کوردی دەیخەنە بەر دیدی خوێنەرانی بەڕێز بە زوبانی کوردی، بۆ ئەوەی تۆزێک لەگەڵ ئەو مێژووە ئاشنا بن.

ئەڵقەی دووەم
تایبەتمەندییە تۆپۆگرافییەکانی ناوچەکە:
دیارترین سیماکانی ناوچەکە وەک ئاشکرایە هەروەک هەموو ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی عێراق، ڕیزبەندی هاوتەریبی شاخەکانن کە لە باکووری ڕۆژئاواوە بۆ باشووری ڕۆژهەڵات درێژ دەبنەوە و لە ناوچەی بارزان بەرز دەبنەوە بۆ بەرزی نزیکەی ٨هەزار پێ، بەشێک لەم شاخانە بە دار و درەخت و دارستانی جۆراوجۆر داپۆشراون و بەرزییەکەی دەگاتە نێوان ٦هەزار بۆ ٧هەزار پێ،. لە نێوان ئەم زنجیرە چیایانەدا دۆڵی قووڵ و بەپیت هەیە کە لە زۆربەی حاڵەتەکاندا ئاوی باشیان هەیە.
تایبەتمەندییەکی تایبەتی سەرنجڕاکێشی ئەو شارۆچکە شاخاویانەی کە هاوسنوورن لەگەڵ زێی گەورە و بارزانی لێ پێک هاتووە، ئەو شێوازەیە کە زێ و لقەکانی لە دۆڵی قووڵ و تەسک و قووڵاییی نائاساییدا ڕێگەی خۆیان بەناو شاخەکاندا بڕیوە، وەک دیمەنێکی سروشتی ئەم دۆڵە زەبەلاحانە ئەوەندە سەرنجڕاکێشن کە تایبەتمەندییە تۆپۆگرافییەکانی دیمەنی ترسناکن بۆ کاری سەربازی.
شاخی سەرەکی لە دەڤەری بارزان (چیای شیرین) کە لە سەرەوە باسمان کرد، لەگەڵ درێژەی چیای ناڤخین درێژ دەبێتەوە بۆ باشووری ڕۆژهەڵاتی بە شێوەیەکی هاوتەریب لەگەڵ ئەم زنجیرە چیایە، لە باشووری ڕۆژئاوای ئەویش لە دیوەکەی تری زێدا زنجیرە چیای سەختی پیرێسە، لە ناوچەی زیبار و هەریر و، زیاتر لە باشووری ڕۆژئاواشەوە ئاکرێ داغ (کە خێڵی سورجی تێدایە).
ڕووباری زێی گەورە، دوای ئەوەی لە چیاکانی تورکیاوە دێتە خوارەوە و دەچێتە ناو درێژکراوەی باکووری ڕۆژئاوای ڕووباری چیای شیرین، دەبێتە دوو لەتەوە؛ پێرێس بە درێژایی دۆڵەکە بەرەو باشووری ڕۆژهەڵات تاوەکو بە زۆر بە ڕێڕەوێکی بەرزی جیاوازدا تێپەڕ دەبێت لە دۆڵی نێوان پێرێس و ئاکرێ و پاشان بۆ دەشتای بۆ ڕووباری دیجلە.
لەکاتێکدا بە دۆڵی نێوان پێریس و چیای شیریندا دەڕوات، زێی گەورە لە کەناری چەپیدا دوو ڕووبار بەیەکەوە دەبەستێتەوە کە بە شێوەیەکی شایستە ڕێگەی خۆیان بە ئاراستەی ڕاستدا لە ڕێگەی سیستەمی زنجیرەشاخەکانی هاوتەریبەوە دەبڕن. یەکەم: ڕووباری شەمدینان هەیە، کە لە دۆڵی باڵندە سەرچاوە دەگرێت، کە شیوێکی قووڵە و لاکانی بەرزن.
دووەم: ڕووباری (روکوچک) کە لە چیای شیرین لە ڕێگەی زنجیرە چیاکانەوە خۆی دەسەپێنێت و پاشان لە (رێزان) بە دووری 1.5 میل لە خوارەوەی (بلێ) دەچێتە پاڵ زێ.
تایبەتمەندییە تایبەتەکانی ناوچەی بارزان:
گەرووی سولی و گەرووی باڵەندە هەردووکیان بە تەڵەی مردن ناوبانگیان دەرکردوە، ڕێگاکە لە هەر حاڵەتێکدا ئەوەندە بەرز و تەسکە و بە شێوەیەکی ناجێگیر بە ڕووی ئەو بەردبارانە کراوەکانەوە دەلکێت کە لایەکانی گەرووەکە پێک دەهێنن، کە مشتێک پیاو لە بەرامبەر هەموو سوپایەکەدا دەتوانن بۆ ماوەیەکی نادیار بەرگری بکەن، چیای شیرین خۆی لە دیوارێکی بەردەوام و تۆکمەی شاخی ناڕێک پێک دێت کە بەرزییەکەی لە پێنجهەزار پێ کەمتر نییە و، لە هەندێک شوێن بەرز دەبێتەوە بۆ سەرووی حەفتهەزار پێ.
هەرچەندە ئاسانە بچیتە لێواری سەرەکی باشووری ڕۆژئاوای دەڤەری بارزان (لە نێوان چیای شیرین و زێی گەورە) بە دەربازبوون لە رووباری شەمدینان لە سوری یان زێی گەورە لە بلێ، یان ڕوکوچوک لە ڕێزان، بەڵام مەحاڵ بوو زیاتر بچیتە باکووری ڕۆژهەڵات بەبێ سەرکەوتن بەسەر لێوارە بەرزەکانی چیای شیرین یان بە تێپەڕبوونی بە زۆرەملێی بە یەکێک لە ناوچە سەرەکییەکانی بارزان لە ڕێگەی ڕێگای شەمدینان بەسەر گەرووی باڵندە، یان لە ڕێگەی ڕوکوچوکەوە لە چامە بەرامبەر شێروان مەزن، بەڵام رووبەڕووی بەرەنگاری سەخت دەبیتەوە.
لەناو خودی ناوچەی سەرەکی بارزاندا هەمان ئەو تایبەتمەندییە تۆپۆگرافییەی شاخی سەخت و هاوتەریب لەگەڵ دۆڵی قووڵ هەیە کە تایبەتمەندی تەواوی ئەم بەشەی کوردستان لە خۆ دەکرێت. ئەم شوێنە بە زنجیرە چیای بەرزی شاخاوی دادەنرێت کە تەواوی بەشی ناوەڕاستی ناوچەی (شێخی بارزان) لەخۆ دەگرێت، لوتکە سەرەکییەکانی ئەم کۆمەڵە شاخانە بریتین لە کۆرێ هۆرێ (٧٨٠٦ پێ)، ساریا هۆری (٧٨٥٦ پێ) و ساریا موسکا (٦٠٨١ پێ). لە باکووری ڕۆژهەڵاتەوە پوتین (٨٥٤١ پێ) و سەرێ خانکێ (٨٠٤٧ پێ) هەن کە بە ڕیز بەستراوەتەوە بە ئەوانی دیکەوە کە لانیکەم بەرزییەکەی ٤٤٠٠ پێیە. ئەم بەرزاییە چیایەی دۆڵی گۆڤندا ڕاستەوخۆ بەرەو باکووری ڕۆژهەڵاتی خاکی تورکیا بە دۆڵی تەسک جیا کراوەتەوە.

دەڤەری شێروان:
زەوی ناوچەی شێروان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ڕوکوچوک تا ڕادەیەک مامناوەندترە، شاخەکان نزمترن و دۆڵەکان فراوانترن، بەڵام هێشتا ئەوەندە بەهێز و بەرزن کە بەربەستێکی سەربازی ترسناکتر هەژمار دەکرێت، چیاکانی ناڤەخین لە گەرووی ڕەواندزەوە تا ٨ میل لە ڕوکوجوکەوە دیوارێکی شاخی بەردەوام پێک دەهێنن. لێرەدا دیواری شاخەکە بە گەروویەکی قووڵی دیکە دابەشکراوە کە بەهۆی لافاوێکی شاخاوی کەمەوە کە یەک میل لە خوار ڕێزانەوە دەچێتە پاڵ زێ لە دەرەوەی ئەم گەرووییە شاخەکان فراوانتر دەبن و ڕیزێکی شێوە (پێی ئەسپ) پێکدەهێنن کە لە سەرووی گەرووی سولی لێراپیر.
لوتکە سەرەکییەکانی زنجیرە چیاکانی هاوتەریب بەرەو باکووری ڕۆژهەڵات بریتین لە چیای قەلەندەر (٦٥٠٣ پێ)، سارا هیربات (٦٨٢٥ پێ) لە نێوان دوو لوتکەی کۆتاییدا ڕێگایەک بەسەر شاخەکەدا بە دەروازەیەکی تەسکدا تێدەپەڕێت. دەروازەکە لە (ژاژۆک) بۆ خوارەوە بۆ دەشتی (بیری).
لە نێوان ئەم دوو زنجیرە چیایە سەرەکییەدا دۆڵی ڕووباری بالیکیان هەڵکەوتووە، کە لە مێرگەسۆر بەرزترین ئاست لەخۆ دەگرێت، بەرەو خوارەوە دەڕوات بۆ بالیکیان (لە کۆتایی ڕۆژهەڵاتی گەرووی ڕەواندز بۆ ڕووباری ڕەواندزە، ئەم دۆڵە لەژێر ئیدارەی حکومەتدایە ـ بنکەی پۆلیس لە (شێتنا) نۆ میل لە (بالیکیان)ـەوە دوورە.
کەشوهەوا:
وا چاوەڕوان دەکرێت، وەکچۆن تەنها لە بەرزایی و سروشتی شاخاوییەکانەوە تەواوی ئەو ناوچەیەی کە لە سەرەوە باسمان کرد بە درێژایی مانگەکانی زستان بە بەفر داپۆشراوە، لە دۆڵەکانی خوارەوەی دەڤەری شێروان تا کۆتایی مانگی ئازار کە بەفر ئەوکات دەتوێتەوە، بەڵام لە نزیک لوتکە بەرزەکانی ناوچەی سەرەکی تا کۆتایی مانگی ئایار بەردەوام دەبێت.
توانەوەی بەفر و بارانبارینی بەخوڕی بەهار، دەبێتە هۆکاری لافاوێکی بەهێزی رووبارەکانی ئەو ناوچەیە، لە ناوچەی بارزان هیچ پردێک بۆ پەڕینەوە لەسەر زێدا نییە و پەڕینەوە مەحاڵ مەگەر مەلە بکەیت، تاکە پردەکانی سەر هەر یەکێک لە لقەکانی (شەمەدینان و ڕوکوجوک) چەند پردێکی کاتی بوون لە دار و لقەکانی چنار کە لەلایەن خەڵکەکەوە دروست کرابوون، بۆ مەبەستی سەربازی سوودیان نییە.
لە بلێ بەلەمێک هەبوو بەکار دەهات لە دۆڵی بارزان لە کەناری چەپی زێ، بەڵام وەک پێشتر ڕوونمان کردۆتەوە، ئەمە ڕێگەی گەیشتن نەبوو بەناوچەی سەرەکی بارزان، لە باکووری ڕۆژهەڵاتی چیای شیرین. هیچ هێزێکی سەربازی ناتوانێ بچێتە ئەو پەناگایە جگە لە ڕووباری ڕوکوجوک کە ئەویش دەتوانی پێش مانگی حوزەیران بپەڕێتەوە.

باشترین وەرز بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی:
پرسیاری باشترین وەرز بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان پرسیارێکی قورسە، لە وەرزی زستاندا کە ناوچەکە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ژێر بەفردایە، خێڵەکان لە گوندەکانیاندا قەتیس دەبن. پێموانییە بتوانین بە ئازادی لە ناوچەکەدا بجووڵێین، بۆیە ئەمە باشترین کاتە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی، لە ڕاستیدا لە وەرزی زستاندا بۆ هەر ماوەیەک بەرەنگاری هێرشی ئاسمانی بۆ خەڵکی عەشیرەتەکان قورس دەبێت. لە لایەکی ترەوە بارودۆخی زستان بۆ هێزەکانی ناوچەکە سەخت دەبێت، کە پێم وابوو مەرج نییە تێپەڕین نەبێت لە ڕاستیدا هەندێک جار لە وەرزی زستاندا جووڵەکردن لە دۆڵەکاندا ئاسانتر دەبێت وەک لە وەرزی بەهاردا.
لە وەرزی بەهاردا کە بەفر دەست دەکات بە توانەوە، ناوچەکە بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی مەحاڵ دەبێت، بەڵام خێڵەکان دەتوانن گوندەکانیان بەجێ بهێڵن و بەم شێوەیە ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی کەمتر کاریگەر دەبێت؛ بەهار بۆ ئۆپەراسیۆنی ئاسمانی گونجاو نییە. لەم کاتەدا هێشتا ئەو دار و دارستانانەی کە شاخەکان دادەپۆشن زۆربەیان بێ گەڵان و دانیشتوانی گوندەکان بە شێوەیەکی سەرەکی لە دۆڵەکاندا جێگیر دەبن و ناتوانن بە ئاسانی لەناو ئەو بەفرە زۆرە بجووڵێن کە هێشتا بەرزاییەکانی داپۆشیوە. هەروەها بەفر یارمەتیی فڕۆکەکە دەدات هەم لەبەر ئەوەی کە شتەکان و جووڵەکان بە ڕوونی لە بەرامبەر پاشبنەمایەکی سپیدا دیارن و هەم لەبەر ئەوەی جووڵەکان شوێنەواری ڕوون بەجێ دەهێڵن کە سوودێکی زۆریان هەیە لە دیاریکردنی شوێنی لایەنەکانی دژمن.
لەگەڵ پێشکەوتنی بەهاردا بەفرەکە زۆر ناخایەنێ و دەتوێتەوەو جێگای سەوزایی تازەی کیا و گەڵا نوێیەکان دەردەچن، لەم کاتە سەختییە ڕاستەقینەکانی ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکان دەست پێدەکەن، ناوچەکەکە بە دار بەروو و درەختەکانی تر داپۆشراوە، زۆر تاریک دەبێت و جووڵەی عەشیرەتەکان لە بەشێکی دیاریکراوی شاخەکاندا قەتیس نابێت. لە هەموو شوێنێک ئاو و لەوەڕگە هەیە و لە سەرەتای هاویندا ئازادن لە جووڵەکردن یان نیشتەجێبوون لەگەڵ مەرو ماڵاتیان نزیکەی لە هەموو شوێنێکی ناوچەکە هەرچەندە هێشتا کەمێک شێدارە بۆ جووڵەی سەربازەی، بەڵام بە خێرایی وشک دەبێتەوە و لەگەڵ ئەوەشدا ڕووبارەکان هێشتا ئاستی ئاویان بەرزە و، بە گشتی وەرزەکە لەبارە بۆ ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان.
لەگەڵ درێژبوونەوەی وەرزی هاوین، دەڤەرەکە بە خێرایی دەبێتەوە وشکای و ئێستا ئاو لە زۆربەی ناوچە شاخاویەکاندا وشک بووە و تەنها لەو شوێنانەدا بەدی دەکرێت کە لە لەوەڕگەی کانییە هەمیشەییەکان نێو دۆڵەکاندا سەرچاوە دەگرێت، ئەم ماوەیە لە سەرەتای هاوین تاڕادەیەک لەبارترە بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی ئاسمانی، چونکە دژمن بە شێوەیەکی سەرەکی لە دەوروبەری کانییە هەمیشەییەکانن زۆربەیان دەتوانرێت بە فڕۆکە ببنە ئامانج، هەروەها باشترین وەرزە بۆ جووڵەکانی سەربازی، تاکە کەموکوڕی ئەوەیە کە دۆڵەکان کەمێک گەرم دەبن بۆ ڕێپێوان و سەرکەوتن کە دەبنە هۆی ماندوویەتی و هیلاکی.

پەیوەندییەکان:
دوو ڕێگای سەرەکی گرنگ هەیەکە بتوانرێت ئۆپەراسیۆنی سەربازی لە باکووری کوردستان ئەگەری ئەنجامدانی هەبێت، ڕێگای مووسڵ لە دهۆکەوە تا دەکاتە سوارەتوکە ئامێدی بەهاری ساڵی ١٩٣١ و، تا بەهاری ساڵی ١٩٣٢ بیبادی لە قەراغ ئامێدی، ئەم ڕێگایە وای کرد کە لە ناوچەی سەرەکی بارزان نزیک ببێتەوە لە باکووری ڕۆژئاواوە، بەڵام جووڵەی سەربازی لە ناوچەکانی نێوان ئامێدی و سەرووی ڕووباری شەمدینان سەختە.
ڕێگای دووەم لە هەولێرەوە بەرەو گەرووی ڕەواندزەوە تا باپشتیان دەروات، لەوێ ڕێگایەکی نوێی مێرگەسۆر تا ڕووباری بالیکیان لقێکی بەرەو مێرگەسۆر لێ دەبێتەوە و، لە باپشتیان بەرەو سەروی دۆڵەکە بۆ مێرگەسۆر و لەوێشەوە بەرەو چاما، هەرچەندە ئەم رێگایە بە هیچ شێوەیەک ئاسان تر نییە، بەڵام کورتترە لە ڕێگای ئامێدی.
لە پاییز و زستانی ساڵانی ١٩٣١-١٩٣٢ ڕێگای سێیەم کە مووسڵ بە ئاگرێ دەبەستێتەوە تەواو بوو، ئەم ڕێگایە وەک دوو ڕێگاکەی تر پردی باشی لەسەر دروست کراوە و گونجاوە بۆ هاتوچۆی تایەی قورس، بەڵام لە دەرەوەی ئاگرێ تەنها ڕێڕەوێکی سەخت و دەروازە بەرزەکانی سەرووی ئاگرێ و پێرس هەیە کە تەنیا ریگای وڵاغە. هەرچەندە پلانی ڕێگایەک لە ئاگڕی بۆ بارزان بۆ ماوەیەک دوا خرا، بەهۆکاری گرفتەکان کە پەیوەندی نێوان ئەم دوو شوێنە بۆ جووڵاندنی گواستنەوە بۆ چەند ساڵێکی تر دوا دەخات.
لە ئەڵقەی داهاتوو:
زانیاری دەربارەی ناوچەی بارزان:
پێگە و کاریگەریی شێخ ئەحمەد:
سەرکردایەتیی سەربازی.
هەڵکوتانە سەر گوندی بارزان، کانوونی یەکەمی ساڵی ١٩٣١