ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر
لێكۆڵینەوەیەكی سەرنجڕاكێشی نووسەر و توێژەری كورد كە بە زمانی كوردی ئالاكۆمە بڵاو كراوە كە باس چارە چارەنووسی میری ڕواندز لە كۆنترین ڕۆژنامەی سوێدیدا دەكات
وەك لە توێژینەوەكەدا هاتووە:
ڕۆژنامەی (POST-och INRIKES TIDNINGAR) ٣٨٠ ساڵ لەمەوبەر دەستی بە وەشان كردووە و یەك لە ڕۆژنامە هەرە کۆنەکانی جیهانە؛ بە هەڵدانەوەی لاپەڕەكانی ئەو ڕۆژنامەیە سەدان هەواڵ دەربارەی كوردستان دەكەونە بەرچاو كە لە ماوەی چەند سەدەی ڕابردوودا بڵاو كراونەتەوە. بەشێك لەو هەواڵەنەیش تایبەتن بە محەمەد پاشای میری ڕواندز (1784 – 1837).
نووسەری گەورەی كورد بەكر شوانی سەبارەت بەم توێژینەوەیە نووسیویەتی: یەكەم جار ساڵی 1784 (ئەگەر سەرنج بدەن، ساڵی لەدایكبوونی میری ڕواندزە)، ڕۆژنامەی ناوبراو وشەی “كوردستان” لە هەواڵێكدا بڵاو دەكاتەوە و بە شێوەی (Curdistan) دەینووسێت. هۆكاری بڵاوكردنەوەی ئەوە هەواڵە بەم جۆرەیە: ڕووسەكان ساڵی 1783 نیمچەدوورگەی “كریم” داگیر دەكەن و قەیسەری ڕووس کاترینای دووەم ساڵی دواتر بانگەواز ئاراستەی گەلانی كوردستان و ئەرمەنستان و چەركەس و ئەوانی تر دەكات ڕوو لە كریم بكەن و تیایدا نیشتەجێ ببن.
ڕۆژنامەی (POST-och INRIKES TIDNINGAR) لە ساڵانی دواتردا دەیان هەواڵ و ڕووداوی دەربارەی میری ڕواندز و ژیان و شەڕەكانی و دەستگیركردن و لەناوبردنی بڵاو كردووەتەوە.
بەپێی هەواڵێكی ڕۆژی 21ـی دێسەمبەر (کانوونی یەکەم)ـی 1837، دوای ئەوەی سوڵتانی عوسمانی لە میری ڕواندز خۆش دەبێت و پاشناوی “پاشا”ی پێ دەبەخشێت، دەینێرێتەوە بۆ كوردستان و فەرمانی بۆ دەردەچێت كە لەژێر چاودێریی والیی بەغدادا درێژە بە فەرمانڕەوایی خۆی بدات. بەڵام میر كاتێك دەگاتە تراپزۆن، بە تۆمەتی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ سەرهەڵدێرەكانی كوردستاندا فەرمانی لەسێدارەدانی بەسەردا جێبەجێ دەكرێت. مایەی سەرنجە هەر لەو كاتەدا وەزیری ناوخۆ پەرتەو پاشاش دەستگیر دەكرێت و بۆ ئەدرنە دوور دەخرێتەوە و لەوێ لەسێدارە دەدرێت. ڕۆژنامە سوێدییەكە دەنووسێت كە پەرتەو پاشا بەڵێنی بە میری ڕواندز داوە بەرامبەر بە بڕێكی زۆر پارە و زێر لە مردن ڕزگاری بكات، بەڵام پلانەكەی ئاشكرا بووە و لەلایەن دەوڵەتەوە دەستگیر كراوە.
ڕۆژنامەكە لە هەواڵێكی تردا دەنووسێت كە لەسێدارەدانی میری ڕواندز لە ناو كوردەكاندا كاردانەوەی گەورەی بەدوادا نەهاتووە و هەندێك لە سەرۆك عەشیرەتەكان هەوڵیان داوە دۆخەكە بقۆزنەوە و جێگەی میر بگرنەوە، بەڵام هێزەكانی سوپای عوسمانی هەموویانی سەركوت كرد.
هەروەها بەكر شوانی نووسیویەتی كە سوێدییەكان تەنانەت 60 ساڵ دوای لەسێدارەدانیشی، وتاریان دەربارەی میری ڕواندز بڵاو كردووەتەوە. گۆڤاری (Lördagen) كە گۆڤارێكی سوێدیزمانی سوێدییەكانی فینلاندە، ساڵی 1899 وتارێكی بە سەردێڕی “خۆنەچەماندنی كوردێك” بڵاو كردووەتەوە و تیایدا سەربووردەی میری ڕواندز بۆ خوێنەران دەگێڕێتەوە. لەم وتارەوە بۆمان دەردەكەوێت كە پیاوەكانی دەوڵەتی عوسمانی بە هەموو شێوازەكانی ئەو سەردەمە میری ڕواندزیان ئەشكەنجە داوە و ویستوویانە زانیاریی لێ دەربهێنن، بەڵام ئەو تەنانەت وشەیەكیشی نەدركاندووە و ئەوەش جێبەجێكردنی بڕیاری لەسێدارەدانی خێراتر كردووە.