ماكوان عيززهت-هەولێر
ڕەبۆ یەكێكە لە نەخۆشییە درێژخایەنەكان و ئەگەری ئەوەی هەیە تووشی هەر كەسێك ببێت. ڕەبۆ بریتییە لە هەوكردنی درێژخایەنی لوولەی هەوا لە كەسەكەدا لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی تەسكبوونەوەی لوولەی هەناسە و دواتر نیشانەكانی نەخۆشییەكە سەر هەڵدەدەن.
دكتۆر فەرەیدوون ئیبراهیم پسپۆڕی نەخۆشییەکانی سنگ، ڕەبۆ، تەنگەنەفەسی ڕوونی دەكاتەوە كە: كاتێك باسی تەنگەنەفەسی ئەكەین یەكسەر ڕەبۆ یەتە خەیاڵمان، پێویستە ئەوە بزانرێت هەموو تەنگەنەفەسییەك ڕەبۆ نییە، بەڵام هەموو ڕەبۆیەك تەنگەنەفەسیی لەگەڵدایە، ڕەبۆ بریتییە لە نەخۆشییەكی هەستیاری درێژخایەن لە ئەنجامی تەسكبوونەوەی لوولەکانی سنگ دروست دەبێت، كاتێك ماسولكەكانی دیواری بۆری سنگ گرژ دەبن، كە بە هەر هۆكارێك بێت و، دەبێتە هۆی ناڕەحەتی بۆ كەسی توشبوو.
نەخۆشینی ڕەبۆ نەخۆشییەكی باوە و زۆربەی وڵاتانی دنیا پێوەی دەناڵێنن بەتایبەت لەو وڵاتانەدا زۆرە كە ڕێژەی شێ تیایدا بەرزە، بەریتانیا یەكێكە لەو وڵاتانەی (10% بۆ 15%) ی دانیشتوانەكەی گیرۆدەی ئەم نەخۆشییەن، هەرێمی كوردستانیش ئەم نەخۆشییەی لێ هەیە و رۆژبەرۆژ لەزیادبووندایە.
ڕەبۆ چەند جۆرێكی سەرەكیی هەیە؛ ڕەبۆی سادە، ڕەبۆی مامناوەند، ڕەبۆی قورس و زۆر قورس) ئەمەیش لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر جیاوازە، هەندێ كەس ڕەبۆی هەیە نیشانەیەكی سادەی تیا بەدی دەكرێت پێی دەوترێت ڕەبۆی مامناوەند هەندێجار بە هەستەوەریی لەش پۆلێن دەكرێت، هەندێ ڕەبۆش هەیە بەپێی تەمەن دیاری دەكرێت كە زۆرجار لە سەرەتای ژیاندا واتە لە منداڵییەوە دروست دەبێت و لە شەش مانگیدا دەکرێ دەستنیشان بكرێت یا لە تەمەنی هەرزەكاری یان لە تەمەنی (50) ساڵان بەدواوە.
” نیشانەكانی نەخۆشینی ڕەبۆ بریتین لەوەی سەرەتا نەخۆش دەست دەكات بە كۆكەی وشك كە هەندێ جار بەڵغەمی لەگەڵدایە؛ دواتر هەناسەتوندی و پاشان كەمخەوی دەیگرێت، بەڵام هەموو تەنگەنەفەسییەك ڕەبۆ نیە هەرچەندە هەموو ڕەبۆیەك تەنگەنەفەسیی لەگەڵدایە.
ئەو ڕەبۆیانە قورسن بۆ كۆنترۆڵكردنی چەند جۆرێك چارەسەر بەكار دێنن ئەمەیش مەترسی هەیە لەسەر ژیانیان كە بە ڕەبۆی شووشەیی (بریتڵ ئەسما) ناو دەبرێت ئەمەیش وا لە مرۆڤ دەكات بە هەوایەكی كەم و پەتایەكی سادە بكەوێتە نەخۆشخانە، كاتێك نەخۆش بە ڕەبۆ گیان لەدەست دەدات كە تووش بووبێت بە ڕەبۆی (بریتڵ ئەسما). ئەوانەی نەخۆشینی شەكرەیان هەیە بەو پێیەی بەرگریی لەشیان دادەبەزێت بەردەوام تووشی پەتا دەبن و ئەمەیش دەبێتە دروستبوونی نۆرە ڕەبۆ ئەمەش كوشندەیە؛ واتە ئەگەر نەخۆشییە درێژخایەنەكان لەگەڵ ڕەبۆدا هەبن، دەبێتە هۆی قورسبوونی ڕەبۆكە .