شۆڕش غەفووری – هەولێر
(ئۆرهان پاموك ـ Orhan Pamuk) یەكێك لە بەنێوبانگترین و جیهانیترین نووسەری توركە كە خەڵاتی نۆبێلی ئەدەبیاتی پێ بەخشراوە و كتێبەكانی بۆ 63 زمانی دنیا وەرگێڕدراون و نزیكەی 15 ملیۆن نووسخەی لە زیاتر لە 100 وڵات بڵاو كراونەتەوە. ئۆرهان، نووسەری ڕۆمانە بەنێوبانگەكانی (ژیانی نوێ، مۆزەخانەی بێتاوانی، بەفر، كتێبی ڕەش و ناوی من سوورە) و زۆر ڕۆمانی ناوازەی دیكەیە. لە منداڵییەوە تا 22 ساڵی، حەزی لە وێنەكێشان بوو، بەڵام لە 23 ساڵی بڕیاری دا ببێتە ڕۆماننووس، بۆیە هەموو شتێكی بەجێهێشت و خۆی لە ماڵەوە زیندانی كرد تەنها بۆ ئەوەی بنووسێت. لەم گفتوگۆیەی خوارەوە، وەڵامی چۆنیەتی نووسین و بوونە نووسەر دەداتەوە:
ـ چۆن ڕۆمان دەنووسیت و بەردەوامیت تێیدا؟ بەرنامەی پێشوەختەی بۆ دادەبڕێژیت یا خود خۆی بە پێی كەسایەتییەكان دەچێتە پێشەوە؟
پامۆك: ڕەنگە بتوانم لێرەدا ئەوە بڵێم كە لە چاو ڕۆماننووسەكانی دیكە، كەمتر لەسەر بنەمای شهوود و هەست كار دەكەم. لەڕاستیدا وەها نییە كە بە تەواوی خۆم بدەمە دەست هەڵچوون و جۆش و خرۆشەوە؛ بەڵكو نووسین بۆ من هەوڵدانە؛ واتە پلان و بەرنامە دادەڕێژم و ڕۆمان دەنووسم. ڕەنگە باشتر بێت بڵێم من ڕۆماننووسێكی ڕێك و بەتەرتیبم كە نەخشەڕێگە و پلانی گشتی ڕۆمانەكەم پێش دەستپێكردن دادەڕێژم و دواتر دەست دەکەم بە نووسینی.
ـ پلانی هەموو كتێبەكە وردەكاریی تەواوەوە دادەڕێژیت؟!
پامۆك: هەڵبەت دەزانم وێناكردنی هەموو ڕۆمانەكە بەر لە نووسین مەحاڵە و بیر و یادەوەری مرۆڤ سنووردارە. لەوانەیە زۆر شت لە كاتی نووسیندا بێتە مێشكی نووسەر؛ بەڵام من بۆ ئەم حاڵەتە و پاڕەكانی ڕۆمانەكانیش پلانم هەیە و نەخشەڕێگەكە دەزانم، بۆیە كەسایەتییەكان هەرگیز لە كۆنتڕۆڵی خۆم دەرناچن و دەتوانم هەموو شتێك كۆنتڕۆڵ بكەم.
ـ ئێ باشە بەم جۆرە نووسینی ڕۆمان، وشك و بێ ڕۆح نابێت؟
پامۆك: هەردەم بیر و هزرم واڵایە بۆ ڕووداوە لەناكاو و ئیلهامە كتوپڕەكان. داڕشتن و دانانی نەخشەڕێ، بە واتای ئەوە نییە كە ئیتر بە زەڕە ناتوانم لەو بەرنامە و پلانە لادەم، بەڵكو دەكرێت بە واتای نووسینی كۆنترۆڵكراو بێت و چەندین جاریش گوتوومە كە من چێژ لەم جۆرە نووسینە وەردەگرم. ڕاستییەكەی، من لە نووسیندا وەك كەشتیوان و كاپیتانێك وام كە دەزانم بۆ كوێ دەڕۆم و لە تەمومژدا ون نابم؛ هەرچەندە ئەوەش دەزانم كە ونبوون لە تەمومژ سەرنجڕاكێشی خۆی هەیە و هەندێك لە نووسەران حەزیان لێیەتی.
ـ دەكرێت باسی وردەكارییەكانی پلانەكەت لە ڕۆماننووسین بكەیت، كە ئاخۆ چی لەخۆ دەگرێت؟
پامۆك: سەرەتا گشتییەتی ڕۆمانەكە واتە هەیكەلی ڕۆمانەكە دادەنێم و پاشان سەرە پاڕەكان (بەشەكان)ی ڕۆمانەكە دیاری دەكەم؛ واتە ئەوەی لە هەر پاڕێكدا چ ڕوودەدات، هەندێك وردەكاری و هەندێك هێڵی نووسین و شتی لەم شێوەیە؛ و یادداشتگەلێكیش دەربارەی پرسە لێكۆڵیراوەكان دەهێنمەوە. واتە ئەگەر ئەگەر لێكۆڵینەوە پێویست بێت هەندێك لەو لێكۆڵینەوانەش بەر لە نووسینی ڕۆمانەكە ئەنجام دەدەم.
ـ لە ڕۆژێكدا چەند وشە دەنووسیت؟
پامۆك: هەروەك گوتم كە من نووسەرێكی بەتەرتیب و پلانم و پێموایە ڕۆماننووس دەبێت ڕێكوپێك بێت. ئەوەش دەبێت بڵێم لەو كاتەوەی كە بە شێوەیەكی ڕێكوپێك كار دەكەم، هەستم بە ماندووبوونی كار ناكردووە، چونكە زۆربەی كاتەكان هەست دەكەم منداڵێك لە ناخمایە و من خەریكی یاریكردنم لەگەڵی. كەواتە كە دەڵێم زۆر كار دەكەم، بە تێڕوانینێكی نەرێنییانەوە ئەوە ناڵێم. مەبەستم لەم باسە ئەوەیە تا پێت بڵێم كە من نووسینم خۆش دەوێت، كە دەنووسم چێژێكی زۆر لە ژیان وەردەگرم.
ـ ڕۆژانە دەنووسیت یان بە شەو؟
پامۆك: تا نزیك 40 ساڵی، واتە تا ئەو كاتەی كچەكەم لەدایك بوو، تا كاتژمێر ٤ی نیوەشەو دەمنووسی و بەیانی تا نیوەڕۆ دەخەوتم، بە شێوەیەك لە شێوەكان وەك داستایۆفسكی؛ بەڵام لەو كاتەوەی كچەكەم بووەتە پێنج ساڵان، ئاخر دەبێت بەیانیان بیبەمە قوتابخانە، بەرنامەكەم گۆڕا. ئێستا كاتژمێر پێنجی بەیانی خەبەرم دەبێتەوە و بۆ ماوەی دوو كاتژمێر دەنووسم. پاشان كچەكەم دەبەمە قوتابخانە و خۆشم دەچمە شوێنی كارەكەم كە لەوێش هەر دەنووسم. من بۆ نووسین، نووسینگەیەكم هەیە كە جیایە لە خێزان و قەرەباڵغی و لەوێ بە بێدەنگی و بە شێوەیەكی ڕێكخراو دەنووسم؛ بێ ئەوەی كەس یان شتێك بێزارم بكات.
ـ ئەگەر داوات لێبكەن ئامۆژگاریی تازە نووسەرەكان بكەیت بۆ ئەوەی باش بنووسن، چییان پێ دەڵەیت؟
پامۆك: گرنگترین ئامۆژگاری كە دەتوانم بیكەم ئەوەیە، گوێ لە ئامۆژگاری هیچ كەسێك ڕانەگرن، تەنانەت ئامۆژگاری منیش و درێژە بە ڕێگەی خۆیان بدەن و ڕێگەی تایبەتی خۆیان بیدۆزنەوە. نووسەر ئەگەر پەیڕەوی لە ڕێباز و شێوازی خۆی بكات، بەدڵنیاییەوە دەگاتە ئەنجامێكی دڵخواز؛ تەنها بەو مەرجەی كە باش تێبكۆشێت و هەوڵ بدات و زۆریش بخوێنێتەوە.
ـ تۆ زیاتر وەك نووسەرێكی ئیستانبوڵی دەناسرێیت؛ واتە لەو كەشەی ئیستانبوڵ دەرنەچوویت. ئێستاش لە ئەمەریكا دەژیت. كە لەسەر خاك و زێدی خۆت دەنووسیت، كێشەت بۆ دروست نابێت؟ قورس نییە؟
پامۆك: نا؛ تەنانەت دەتوانم بڵێم بە پێچەوانەوە؛ ئەم جۆرە كاركردنە خۆشحاڵیشی لەگەڵە. هەرگیز بیرتان نەچێت كە (جەیمز جۆیس ـ James Joyce) ئەو كاتەی (دۆبلینییەكان ـ Dubliners)ـی دەنووسی، لە ئیرلەند نەدەژیا. كە مرۆڤ لەبارەی شارێكەوە دەنووسێت و لێی دوورە، خواست و حەزە وەسفنەكراوەی، هەر جۆرە دوورییەك پووچەڵ دەكاتەوە و نایهێڵێت. ئەمە بۆ من لە كتێبی (ئیستانبوڵ ـ Istanbul) ڕووی دا. ئەو كتێبەم كاتێك نووسی كە لە نیویۆرك بووم، بەڵام بیر و خەونم لای ئیستانبوڵ بوو. بە جۆرێك لە جۆرەكان وەك جۆیس…
ـ ئایا شتێكمان هەیە بە ناوی نووسەری جیهانی؟ دەكرێت ببیتە نووسەرێكی جیهانی؟!
پامۆك: لە ڕاستیدا، ڕەنگە بكرێت وا بگوترێت، بەڵام ڕێگەم بدە ئەوەت پێ بڵێم كە زۆرێك من بە نووسەرێكی جیهانی هەژمار دەكەن، كەچی من خۆم بەو واتا و چەمكە پێناس نەكردووە. هەمیشە لە كاتی نووسینیشدا نەك هەر بیر لە بابەتگەلی لەم جۆرە ناكەمەوە، بەڵكو پێم وایە كە پێویستە هەموومان وێناكێش و حیكایەتبێژی مرۆڤایەتی بین. هەروەها پێموایە نووسەر بۆ جیهانیبوون سەرەتا دەبێت نەتەوەیی بێت و خوێنەرانی نەتەوەكەی خۆی بخاتە ئاستێكی بەرزتر و لە پێشینەیان دانێ.
ـ ئێستا ژیان و كاری ڕۆماننووسێك لە توركیا چۆنە؟
پامۆك: پیشەی كتێب و چاپ لە توركیا خەریكە گەشەكردنێكی گەورە بە خۆیەوە دەبینێت و ئەگەر ئێوە ڕۆماننووس بن لە توركیە، ئازادی دەربڕین و بەیانی تەواوت هەیە كە ئەمە لە گرنگترین بابەتەكانە كە دەتوانێت یارمەتی نووسەر بدات. بیرتان نەچێت كە داستایۆڤسكی یان تۆڵستۆی ڕۆمانەكانیان لە سەردەمێكدا دەنووسی كە سانسۆڕی حكومی لە بەرزترین ئاستی خۆیدا بوو. هەر چۆنێك بێت، لە توركیای ئەمڕۆدا ڕۆماننووس كێشەی زۆری نییە؛ بەڵام هەڵبەت ئەمە بە مانای بوونی ئازادی تەواو لە توركیا نییە و شڕۆڤەكارانی ئابووری، ڕۆژنامەنووسان، ئەو كوردانەی بێپەردە قسە دەكەن و ڕادیكاڵەكان زۆر جار ڕووبەڕووی كێشە دەبنەوە.
ـ پاڵەوانی ژیانی تۆ چ لە ئێستا و چ لە منداڵی و هەرزەكاریدا، كێ بووە؟
پامۆك: بنۆڕە، من پێم وایە كە لە دونیادا قارەمان و پاڵەوان نییە. من زۆرم خوێندووەتەوە و مرۆڤایەتی دەناسم. ساتگەلێك هەن كە من تیایاندا پەسن و ئافەرین دەڵێم بە حەز و ئارەزوو، هۆش و هەوڵدانی بێوچانی تاكەكەسێك. ئەمانە تایبەتمەندیگەلێكن كە ئەگەر لە نووسەرێكدا هەبن جێگەی ستایشن و كەسانی زۆریش هەن ئەم تایبەتمەندییانەیان تێدایە؛ بەڵام ئەمە بەو واتایە نییە كە ئەوان پاڵەوانی ژیانی منن.
ـ باشە، با پرسیارەكە وا لێ بكەین و بپرسین كە ستایشی كێ دەكەیت؟
پامۆك: ستایش (نوام چۆمسكی ـ Noam Chomsky) دەكەم. كە گەنج بووم (ژان پۆل سارتەر ـ Jean-Paul Sartre)م خۆش دەویست. بە گشتی دەتوانم بڵێم ڕۆشنبیرە ڕاشكاوەكان و بە دەربڕینێكی دیكە ڕاستگۆكانم خۆش دەوێن و ستایشیان دەكەم؛ هەڵبەت لە لایەكی دیكەوە هەڵە و لووتبەرزییەكانیان دەبینم. هەموویان مرۆڤن و دەكرێت هەڵە بكەن. شێوازی ڕوانینی من بۆ ڕۆشنبیران كە زۆربەی كاتەكان ستایشم كردوون، بەم جۆرەیە كە چ كارێكیان بە باشترین شێوە ئەنجام داوە و شكستەكانیان چی بووە، واتە هەردوو ڕەهەندەكەیان پێكەوە دەبینم.
ـ ئایا دوای ئەم هەموو نووسین و سەركەوتنە، هێشتا شتێك هەیە نیوەشەوان خەوت بزڕێنێت؟
پامۆك: تەنها چیرۆكەكانمن كە خەوم دەزڕێنن و ڕێگە نادەن بخەوم؟ ئەوەی كە ئاخۆ ئەم كارەم جوانە؟ بە پێی پێویست باش دەرچووە؟ ئەم پاڕەی باش بووە؟ ئەمانە پرسیارگەلێكن كە زۆربەی جار دەمخەنە دڵەڕاوكێ و نیگەرانییەوە، نیگەرانی لە ئەنجامدانی كارەكەم كە بۆ گەیشتن بە وەڵام بەردەوام خۆم ڕەخنەباران دەكەم.