سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی: فرەکولتووری هێزە نەک ئاستەنگ

چوارشەممە، 23-04-2025، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە  ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان، لە شاری هەولێر گوتارێکی پێشکەش کرد. 

سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی لە گوتارەکەیدا بەخێرهاتنی گەرمی میوانانی ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان کرد و گوتی “لە دەستپێکی شارستانییەتەوە، کوردستان هەوێن و  شوێنی شارستانییەت و نەتەوە جیاوازەکان بووە.”

دەقی گوتارەکەی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی:

خانمان و برایان
سەرکردە باوەڕدارەکان
هاوڕێ بەڕێزەکان لە پەرلەمان و حکوومەت
ئەندامە بەڕێزەکانی شاندە دیپلۆماسییەکان
میوانانی هێژا

ئێوارەتان باش و بەخێرهاتنێکی گەرمی هەمووتان دەکەم بۆ ژەمی بەیانیی یەکەم ڕۆژی نزای نیشتمانیی کوردستان.
بەخێربێن بۆ کوردستان. بەخێربێن بۆ ئەو خاکەی بانگی نوێژ، زەنگی کڵێساکان و ئەو سروودە ئارامانەی لە پەرستگا کۆنەکانەوە سەرچاوە دەگرن، چەندین سەدەیە دەنگیان داوەتەوە.

مایەی شانازییەکی گەورە و خۆشحاڵییە ئەمڕۆ، بە ئامادەبوونی سەرکردە و کەسایەتییە ئایینیەکان، نوێنەری کۆمەڵگەکان، دیپلۆمات و شوێنکەوتووانی ئایینە جیاوازەکان لەبەردەم ئێوەدا وەستاوم. ئامادە بوونی ئێوە، ڕەنگدانەوەیەکی بەهێزی ڕۆحی کوردستانە: خاکی پێکەوەژیانی ئاشتییانە و فرەچەشنی و خۆڕاگری.
لە سەرەتای شارستانییەتەوە، کوردستان لانکەی کەلتوور و ئایین و نەتەوەکان بووە. دەشت و دۆڵ و چیاکانی خاکەکەمان گەواهیدەری سەرهەڵدان و بەیەکەوە ژیانی چەندان باوەڕی جیاواز و نەتەوە و کۆمەڵگە بووە. لێرە، زۆرێک لە باوەڕەکان بە فۆرمە جیاوازەکانی خۆیان گەشەیان کردووە. خەڵکی لە پاشخانی نەتەوەیی جیاوازەوە شان بە شانی یەکدی، به‌ڕێز و شکۆوە ژیاون.

لە مێژووی نزیکمان، گەلەکەمان بەبێ جیاکاریی نەتەوەیی، یاخود ئایینی ڕووبەڕووی ئالنگاری گەورە بووەتەوە. ڕژێمی زۆرداری سەدام حوسێن، لە چەوساندنەوەدا جیاکاریی نەکرد لە نێوان کورد، عەرەب، تورکمان، ئاشووری و کلدانییەکان؛ وەک چۆن جیاوازی لە چەوساندنەوەی موسڵمان، کریستان و ئێزدییەکانیشدا نەدەکرد. هەڵمەتە توندوتیژ و کۆمەڵکوژییەکانی هەوڵی سڕینەوەی ناسنامە و بێدەنگکردنی ئەوانەی دەدا کە دژی ڕژێمەکەی بوون.
نزیکتر لەم مێژووە، جارێکی دیکە داعشی تیرۆریست و وەحشی کۆمەڵگەکانی بەبێ جیاوازی کردە ئامانج. کڵێساکانی سوتان، پەرستگەی ئێزدییەکانی وێران کرد و خوێنی کەسانی بێتاوانی ڕشت.

لەگەڵ ئەوەشدا، لەو ڕۆژە ڕەشانەدا، ڕۆحی کوردستان و خەڵکەکەی چۆکی دانەدا. پێشمەرگە قارەمانەکان، کوڕ و کچەکانمان هەستانەوە بۆ بەرگریکردن لە هەموو کۆمەڵگەکان، نەک وەک سەربازی یەک باوەڕ و نەتەوە، بەڵکو وەک بەرگریکارانی کوردستان، عێراق و هەموو مرۆڤایەتی. پێشمەرگە موسڵمانەکان هاوشان لەگەڵ برا سەربازە ئێزدی و کریستیانەکان شەڕیان کرد. هەر یەکەیان ئامادەبوون ڕووبەڕووی مەرگ ببنەوە بۆ ئەوەی ئەم مزگەوتە بانگی تێدا بدرێت، ئەم کڵێسایه‌ زەنگی تێدا لێ بدرێت، پەرستگەی ئێزدییەکان بە شکۆوە بمێننەوە و خەڵکی لە هەموو باوەڕەکان بە ئازادی و بەبێ ترس جارێکی دیکە پەرستش بکەن.

ئەمڕۆ، حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندە بەم ئەرکە پیرۆزەیەوە. ئێمە تەنیا خانوو و شارەکان بونیاد نانێینەوە، بەڵکو پەیمانمان نوێ دەکەینەوە بۆ پاراستنی ئازادیی ئایینی، پەرەپێدانی پێکەوەژیان و بەهێزکردنی ئاشتی لە هەموو سووچێکی خاکەکەمان.

شانازی دەکەین شاری عەنکاوە، لێرە لە هەولێر، تاکە شاری کریستیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەورەبوون بەخۆیەوە دەبینێت و ژمارەیان ڕوو لە زیاد بوونە، ژمارەی دانیشتوانی لە 2011-ەوە دوو هێندە بووە. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونمان بە فرەچەشنی و پێکەوەژیان. لەهەمان کاتدا، وەبەرهێنان دەکەین لە بونیادنانەوەی شوێنە پیرۆزەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان، هاوکات پارێزگاری لە مزگەوت و کڵێسا و پەرستگاکانی تەواوی کۆمەڵگەکان دەکەین.

هاوشان لەگەڵ ئەم سێ باوەڕە سەرەکییەی ئاماژەم پێدان، کوردستان نیشتمانی زۆرێک لە ئایینەکانی دیکەیە، لە نێویشیاندا، کاکەیی، زەردەشتی، جوو و بەهائییەکان. حکوومەتەکەمان بەشێوەیەکی چالاکانە کاردەکات بۆ بونیادنانی مزگەوت، کڵێسا و پەرستگەی زیاتر، بۆ ئەوەی دڵنیابینەوە هەموو دانیشتووانمان مافی بەجێگەیاندنی باوەڕی خۆیان بە ئاشکرا و سەلامەتی هەیە.

پەروەردە بەهەمان شێوە ڕۆڵێکی گرنگ لە داڕشتنی داهاتوویەکی تەبا و هاوسەنگ دەگێڕێت، بۆیە چاکسازی لە پرۆگرامی خوێندنی قوتابخانەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی سرووشتی ڕاستەقینەی، هەمەچەشنی و گشتگیریی کوردستان بێت. منداڵەکانمان تەنیا فێری نەریتەکانی خۆیان ناکەین، بەڵکو نەریتی دراوسێکانیشیان فێر دەکەین بۆ ئەوەی کاتێک گەورەبوون، ڕێز لە یەکدی بگرن و بەیەکەوە ئاهەنگ بگێڕن.

لە پەرلەمان، حکوومەت و دامەزراوە گشتییەکان شوێنکەوتەی هەموو باوەڕ و نەتەوەکان نوێنەرایەتییان هەیە و بەم شێوەیەک بەردەوام دەبێت. ئەم فرە کولتوورییە ئالنگارییەک نییە، بەڵکو بەهێزییەکە لە بونیادنانی کوردستانێکی ئاشتی، دیموکراتی و بوژاوە پشتمان پێی بەستووە.

دیدگای ئێمە بۆ کوردستان ڕوونە: هەرێمێک تێیدا خەڵکی هەموو باوەڕ و نەتەوەکان بە ئازادی بژین، هەماهەنگیی تەواو بکەین و لە داهاتوویەکی هاوبەشدا هیوا بدۆزنەوە. پێویستە جیاوازییەکانمان ببینین نەک جیاکارییەکان، وەک بناغەی کۆمەڵگەیەکی دەوڵەمەندی، خۆڕاگری و لێبوردە.

جێگەی شانازی بوو کاتێک 2021 پاپا فرانسیس سەردانی هەولێری کرد و کۆبوونەوەیەکی گەورەی لە یاریگەی فەرەنسۆ هەریری ساز کرد، تێیدا هەزاران کەس بەشدارییان کرد. لە کۆبوونەوەم لەگەڵ بەڕێزیان لە هەولێر و لە ڕۆما، درکم بە پابەندبوونی ئەو بە ئاشتی و لێکگەیشتن کرد. هەموومان خەمبارین بە کۆچی دوایی ئەو و نزا دەکەین میراتی ئەو هانی یەکڕیزیی لە نێوان هەموو گەلانی جیهان بدات.

هەر بۆیە ئەمڕۆ لێرە کۆبووینەوە، لە باوەڕ و نیازباشی یەکمان گرتووە، بەیەکەوە نزا دەکەین.
نزا بۆ ئەو بێ تاوانانە دەکەین، هێشتا گێرۆدەی ئازارن.
نزا بۆ ئەوانه‌ دەکەین باوەڕەکەیان هێرشی کراوەتەسەر، بەڵام هەرگیز لەناونەچوون.
نزا بۆ ڕۆحی بەرگریکارە مردووەکانمان دەکەین.
لە کاتێکدا نزا بۆ کوردستان، عێراق، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهانێک دەکەین، تێیدا پێویست نەکات هیچ کەسێک بەهۆی ئەوەی باوەڕی پێیەتی، ئەو زمانەی قسەی پێ دەکات یاخود ئەو وڵاتەی لە دڵیان هەڵیان گرتووە گیرۆدە بێت.

هیواخوازین ئەم ژەمی بەیانییەی یەکەم ڕۆژی نزای نیشتمانی کوردستان ببێتە نەریتێک، پەیوەندییەکانی نێوانمان بەهێزتر بکات و ببێتە ڕووناکییەکی یەکگرتوویی و باوەڕ بۆ نەوەکانی داهاتوو.

سوپاس،  ئاشتی و بەرەکەت بڕژێت بەسەر هەمووتاندا.