فەلسەفەو مێژووی فــــەلسەفە لەیەکتری جیاناکرێـــنــەوە

ن: هێمن کەمال غەمبار
بۆ تێگەیشتن لەفەلسەفە دەبێ مێژووی فەلسەفە بخوێندرێتەوە،مێژووی فەلسەفە واتا مێژووی پەرەسەندنی بیروهزرولۆژیکی فەلسەفییە. لەفەلسەفەی کلاسیکی گریک واتا یۆنانی کۆن،کەبنەما عەقڵییەکەی لە. سوکرات وئەفلاتۆن وئەریستۆوە دەستپێدەکات،تاچەرخەکانی ناوەراست وڕۆژگاری ئەمڕۆماندا. فەلسەفە سەرەتا بەسەرسووڕمان وڕامان دەستیپێکردووە،تا پرسیاروبیرکردنەوە وبیرکردنەوە لەخوودی بیرکردنەوە. فەلسەفە لەسەرەتادا بەتایبەت لەچاخی کلاسیک کاریگەری میتافیزیکی لەسەر بووە واتا ئەودیو سرووشت،ئەگەرچی سوکراتی فەیلەسووف لەڕێگەی میتۆدەکەی فەلسەفەی لەئاسمانەوە هێنایە سەرزەوی وەکوو ئەریستۆ دەڵێ؛ واتا لەڕێگەی دیالیکتییکی سوکراتییەوە کەشیوازێکە لەگفتوگۆی فەلسەفییانە،کەپشت بەپرسیاردەبەستێت بۆ گەیشتن بەکرۆکی ڕاستییەکان،ئەمەش یەکێکە لەبنەما سەرەکییەکانی فەلسەفە لەڕێگەی سازدانی گفتوگۆیەکی ئەرگۆمێنتانە،کەگریمانە ودژە گریمانە لەخۆ دەگرێت. دیارە ئەفلاتۆنی فەیلەسوفی گەورەی ئایدیاڵیزم،کەقوتابی سوکرات بووە،زۆر کاریگەر بووە بەمامۆستاکەی تەنانەت کتێبێکی بەناوی کۆماری ئەفلاتۆنی نووسیووە،کەیەکێکە لەشاکارە فەلسەفییەکان کەبەر لە زیاتر لە2500سالپێش نووسراوە کە باس لەکرۆکی فەلسەفەکەی سوکرات وبنەمای فەلسەفەئەخلاقییەکەی دەکات،هەروەها ناکرێت ڕۆلێ ئەریستۆ نکۆڵی لیبکرێت،کەیاسای لۆژیک ومیتافیزیکیی داناوە وبنەمای زۆرێک لەزانستەکانی داناوە لەسەردەمی خۆیدا،بۆیە زۆر جار ناوی بەفەیلەسووفی زانا هاتووە،ویەکەم تیۆریزانە لەمێژووی فەلسەفەدا. فەلسەفە تا چەرخەکانی ناوەڕاست بەم شێوەیە بووە وکاریگەری لۆژیک وفەلسەفەی ئەریستۆی لەسەربووە واتا فەلسەفەیەکی ئەریستۆیی بووە،تەنانەت کلێسا لەژێر کاریگەری فەلسەفەکەی دابووە وفەلسەفەکەی وەکوو شتێکی پیرۆز سەیرکراوە،تا فڕەنسیس بیگۆنی ئینگلیزی ودیکارتی فەڕەنسی ڕەخنەیان لەفەلسەفەی گرت ئەویش لەڕێگەی فەلسەفەی پڕاکتییکی بیگۆنەوە کەفەلسەفەیەکی پڕاکتیکیی بووە،وفەلسەفەی دیکارت؛ کە لێرەدا بناغەیەکی نوێی عەقلگەراییانەی بۆ فەلسەفە دەمەزراند کە خوودی مرۆڤ بکاتە بنچینە لەڕێگەی بیرکردنەوە (من بیردەکەمەوەکەواتە من هەم )ئەمە کۆجیتۆکەی دیکارتە واتا میتۆدەکەیەتی بۆگەیشتن بەڕاستی ودەرک کردن بەبوونمان،بەڵام لەپێناو یەقینێکی میتافیزیکییانە. گرنگی دیکارت لەبەکارهێنانی عەقڵە بەشێوەیەکی میتۆدییانە،
وبەناوبانگترین کتێبیشی لەو بارەیەوە (وتارێک دەربارەی میتۆد )ە کەیەکێکە لەکتێبە دانسقەکانی. هەروەها ڕۆڵی فەیلەسووفی هۆڵەندی (بارۆخ سیپینۆزا) لەبیرناکرێت کە فەلسەفە لەکاریگەری لاهوتێکی چەقبەستوو ڕزگاردەکات،کەباوەڕی بەیەکبوونی بوون هەیە (وحدە الوجود ) وپەیوندییەکی سۆزداری لەگەڵ سرووشتدا دروست دەکات. تائێرە فەلسەفە کاریگەری ئایدیاڵی ئەفڵاتۆنی ودوالیزمەکەی هەرلەسەرە،بەڵام هیگڵی فەیلەسووف ئەم دوالیزمە ناهێڵێت،لەڕێگەی میتۆدە دیالیکتیکیەکەی. دیالیکتییکی هیگڵ دیالیکتیکێکی زانستییە وگریمانەو دژە گریمانە لەخۆدەگرێت تادەگات بەتێهەڵکیشی بیرۆکەکان،واتا دەبێ هەموو شتێک دژەکەی هەبێت،بەڵام دیالیکتییکی هیگڵ سەرچاوەکەی بیرۆکەی باڵایە واتا عەقڵی باڵایە کەسەرچاوەی بوونە .واتا هزر( بوون )دیاری دەکات نەوەک پێچەوانەکەی،لەپاش هیگڵ مارکس دێت وسوود لەدیالیکتیکی هیگڵ وەردەگرێت و واقیع دەکات بەبناغە واتا بوونی کۆمەڵایەتی ئاگایی و هوشیاری کۆمەڵایەتی دیاری دەکات،نەوەک پێچەوانەکەی. بەلێ هزر لەماتەرەوە دروست دەبێت وهەر هزریشە کاریگەری وکارلێکی دەبێ لەگەڵ ماتەر،ئەمە دیالێکتییکی ڕاستەقینەیە،مارکس ململانێی چینایەتی کردە بناغەی پەرەسەندنی کۆمەڵگا مرۆییەکان. مۆڕاڵی کۆمەڵگا ڕەنگدانەوەی مۆڕاڵی دەسەڵاتە،مۆڕاڵ واتا ئەخلاق شتێکی ڕیژەییە ومرۆڤ ڕەنگدانەوەی واقیعی ئابوورییە،لەپاش مارکس فەلسەفە ئاراستەیەکی کرداری وەرگرت،لەپاش ئەو. وتەیەی کەدەڵێ (ئەگەر تاکوو ئێستا فەیلەسووفەکان دنیایان شرۆڤە کردبێت ئیتر لەمەودوا دەبێ بیگۆڕن ). لەسەدەی بیستەم وپاش جەنگی جیهانی یەکەم ودووەم،زانست گەشەسەندن بەخۆوە دەبینێت وبیرکردنەوەی زانستی ڕۆڵی خۆی دەگێڕێت و چەند فەیلەسووفێک دێنە گۆڕەپانەکە ودەبنە تەوژمێکی بەهێز وەکوو بوونگەراییەکان بەڕابەرایەتی هەردوو فەیلەسووف؛ (سارتەر و هایدگەر)، کە ئەوانەش لەژێر کاریگەری( نێتچە) ی فەیلەسووفی( نەهلییزم) و(سورین کیرگگار) دادەبن،کەبەباوکی فەلسەفەی بوونگەرایی ناودێر دەکرێت،ئەوانەش واتا وبەڵگەی نوێیان خستە ناو کایەی فەلسەفەوە ولەدژی مۆدێرنە وەستانەوە،بۆیە زۆر جار بەپێشەنگی پۆست مۆدێرنە ئەژماردەکرێن،تادەگات بە(فۆکۆ ودریدا)،،بەڵام ئەوفەیلەسووفانە نکۆڵیان لەمۆدێرنە کرد ولەڕیڕەوە مێژوویەکەی مۆدێرنە لایاندا. (یۆرگن هابرماسی) فەیلەسووف دەڵێ،ئێمە دەبێ بگەڕێینەوە سەرمۆدێرنە بەمەرجێک گۆڕانکاری تێدا بکەین وبەسەرمان
نەشکێتەوە چوونکە مۆدێرنە،ئەگەر دەسکەوتی باشیشی هەبووبێت بۆمرۆڤایەتی،شەڕوجەنگ وماڵویرانی لێکەوتۆتەوە سیستمی دیکتاتۆری وەکوو نازیزم وفاشیزمی بەرهەم هێناوە. .