نووح چارنی
نووسەر و ڕۆماننووسی (كارێن ڕاسڵ ـ Karen Russell) یا هەمان ڕۆماننووسی (سوامپلاندیا ـ Swamplandia)، دوایین کتێبی واتە (خوێنمژەکانی نێو دارلیمۆکە: چیرۆکەکان ـ Vampires in the Lemon Grove: Stories)، یەکێکە لە کتێبە چاوەڕوانكراوەكانی ساڵ. لەم گفتوگۆیەدا باسلای ئەزموونی نووسینی خۆی و ئەو پاڵەپەستۆ و هەیەجانە دەكات كە لە نزیکبوونەوەی پێشكەشكردنی خەڵاتی پولیتزەر بۆ یەکەم کتێبی تووشی بوو.
ـ تۆ سەرەتایەکی نائاسایيت هەبوو، مەبەستم یەکەم ڕۆمانت (سوامپلاندیا)یە كە پاڵێورا بۆ خەڵاتی پولیتزەری 2012. بە گوێرەی بۆچوونەکان دەبوو خەڵاتەكە وەربگریت. ئاخۆ دەستپێکێکی وا سەرکەوتوو چ کاریگەرییەكی لەسەر كتێبی ئایندەت هەبوو؟
كارێن ڕاسڵ: کاتی نووسینی كتێبی دووەمم زۆر سەیر بوو. چیرۆکەکانی تازە بوون و ماوەیەکیش خەریكی نووسینیان بووم. وابزانم نیوەیان چاپ کرابوون كە كەوتمە نێو گێژاوی (سوامپلاندیا). نیوەکەی تریان دواتر نووسران. ژیانم بە جۆرێک دابەش بووە پێش و پاش ڕۆمانەکەم. دڵنیا نیم ئاخۆ ئەمە شێوازێکی تەندروستە بۆ تێگەیشتن لە ژیانی مرۆڤ یان نا. من کاتێکی جوانم لە بەرلین بەسەر برد، لە ئەکادیمیای ئەمریکی کە خولێکیان بۆ نووسەران كردبووەوە و ئەوە خەونێک بوو بۆ من، چونکە وانەم نەدەوتەوە یان سەفەرم نەدەکرد، دەمتوانی بە تەواوی خۆم تەرخان بکەم بۆ نووسینی چیرۆک و پێداچوونەوەی چیرۆکە بڵاوکراوەکان و كۆكردنەوەیان. پێم وایە خەڵاتەكە بۆ من قورستر دەبوو لە قۆناغێکی پێشتری نووسینی (خوێنمژەکان)، بەڵام ئەو كاتە زانیم بوومەتە پاڵێوراوی خەڵاـەكە، كە خەریک بوو دەستنووسەكەم بگەیەنمە سەرنووسەرەکەم. پێم وایە کۆتاییەکانی پاڕی نۆیەم بوو. ترسی گەورەم ئەوە بوو لە نێو بەربژێرەكان تووشی شکست ببم. هەرچەندە شەرەفێکی گەورە بوو نێوم بكەوێتە لیستێکەوە كە (دێنیس جۆنسۆن ـ Denis Johnson) و (دەیڤید فۆستەر واڵاس ـ David Foster Wallace)ـی تێدابێت، بەڵام ئەو دڵەڕاوکێیانە نەیاندەتوانی کاریگەرییان لەسەر کتێبە نوێیەکە هەبێت، چونکە كتێبەكە پێشتر ڕێگەی خۆی گرتبوو. هیوادارم بەرهەمەكانی ئایندەم متمانەی لیژنەی پولیتزەریان بەنەسیب ببێت. ئەوان بۆ جۆرێك هانیان دام تا بتوانم درێژە بە نووسین بدەم.
ـ سەرسام نەبوویت بە میدیاكان كە دەربارەی بڕیاری لیژنە بۆ پێنەدانی پولیتزەر قسەیان لەسەر تۆ دەكرد؟
كارێن ڕاسڵ: من لە دەرەوەی وڵات بووم، زمانی ئەڵمانی و زەریاكان دووریان خستمەوە لە هەندێک ژاوەژاوی میدیایی. خۆشحاڵیش بووم لە بازنەکە دوور ببووم و هەوڵم دا خۆم بەدوور بگرم لە بیروڕای خراپ، چونکە خۆت دەزانی ژاوەژاوی میدیایی چەندە مەترسیدارە بۆ نووسین. من هەوڵم دەدا چیرۆکەکەم تەواو بکەم. ڕوانگەی لیژنەی هەڵسەنگاندنیشیم (مۆرین کۆریگان ـ Maureen Corrigan) و (سوزان لارسۆن ـ Susan Larson) و ( ـ مایکڵ کەنینگهام ـ Michael Cunningham) خوێندنەوەو زۆر دڵگەرمكەرانە بوون. ئەوان بەرگرییان لە کتێبەکانی لیستەكە كرد. ئەمە مانایەکی زۆری بۆ من هەبوو، بەتایبەت پشتگیرییە بێوێنە و بەخشندەکەیان بۆ کتێبەکانمان. (ئان پاچێت ـ Ann Patchett)یش وتارێكی بەنرخەی بۆ نیویۆرک تایمز نووسی. بەدەر لە هەمووشتێك، دەركەوت خەڵکی بە گرنگییەوە لە چیرۆکی ئەدەبی دەڕوانن. لەو هەرا میدیاییە، هەستم بە خۆهۆشیاری کرد و خۆشحاڵ بووم توانیم لە ڕووی جوگرافییەوە لە هەندێکیان دوور بم.
ـ تۆ لە کوێ دەژیت و بۆ ئەوێ؟
كارێن ڕاسڵ:من ئێستا لە فیلادێلفیا دەژیم و لە زانكۆی (براین ماور ـ Bryn Mawr) خەریکی وانەوتنەوەم. دەمەوێت پاییزی ئەمساڵ وانەیەكی ماستەر بۆ دکتۆرای هونەرە جوانەكان (MFA) لە زانكۆی (ڕۆتگەرز ـ Rutgers) بڵێمەوە، ڕێك لەوبەری پردەکە. بەڕاستی حەزم لە فیلادێلفیا بوو، گەورەیی شارەکە و پارک و مۆزەخانەکانی، شانازیكردنی خەڵکی بە شارەکەیان و دۆستایەتییە سادەكییان. ڕاستە هێشتا ڕانەهخاتووبم بە دووربوون لە نیویۆرک و حەزم لێیە بچم و سواری پاسی مێگا بووسی 8 دۆلاری بم، و وا نیشان دەم كە تەنیا چوار میترۆ لە هاوڕێکانمەوە دوورم، بەڵام ئێستا لێرە باشم، ژیان کەمێک هێمنترە. هەست دەكەم نیویۆرکی ئەدەبی هەرا و هۆسەیە بۆ من. نیویۆرک، هەر نووسەرەو لەسەر نووسەر كۆی كردووەتەوە.
ـ باسی ڕۆتینی بەیانیانتمان بۆ بكە.
كارێن ڕاسڵ: بەردەوام قاوە، ئەوە خواردنەوە جادووییەكەی منە. زۆر جار زیادەڕۆیی تێدا دەکەم. زیادەڕۆیی لە کافاین وەک هەڵهاتنی خۆرێکی بەهێز و چاوكوێركەرە لە مێشکتدا، سەرئێشەیەک کە مەرج نییە وەرگێڕدرێتە سەر زمانێکی شیعری، تێدەگەیت؟ لە چەند مانگی ڕابردوو هەوڵم داوە بەیانیان مێدیتەیشن بکەم – كە زۆر خراپم تێیدا، بەڵام پێم وایە سەرەتایەکی باشتر بێت بۆ دەستپێكی نووسینی جوان. ڕۆتینی من پشت بە پڕۆژە دەبەستێت. جاری وایە هەست دەکەم گوێم لە دەنگێکە، یان هەست دەکەم بناغەی چیرۆکێکم بە دروستی داناوە و ئەمەش تەنها دڵخۆشیی منە. زۆر جار خۆم ناچار دەکەم چەند کاتژمێرێک كار لەسەر پڕۆژەیەک بكەم. لەم دواییانە بیستم (جێنیفەر ئیگان ـ Jennifer Egan) بە دەستی دەنووسێت. منیش تاقیم كردەوە و دواتر خستمەوە سەر کۆمپیوتەر، ئەزموونێكی زۆر باش بووە. هەستێكی خۆشی هەبوو. بوونی پارچە کاغەزێکت بەبێ هەڵكردنی کۆمپیوتەر و جیهانی ئەلیکترۆنی.
ـ پێویستە چەندە بنووسیت تا هەست بکەیت ڕۆژێکی بەرهەمدارت هەبووە؟
كارێن ڕاسڵ: زۆر نووسەر دەناسم کە هەوڵ دەدەن هەموو ڕۆژێک ژمارەیەکی دیاریکراوی وشە بنووسن، بەڵام بۆ من، پێوەری باشتر هەن بۆ ئەوەی ڕۆژەكەم بە بەرهەمدار بزانم. تا ڕادەیەک نووسەرێکی بەرهەمهێنەرم، دەتوانم وشەی زۆر بنووسم، بەڵام قەبارە باشترین پێوەر نییە بۆ من. بەڵكو گرنگترین شت بۆ من پرسیارە، وەك ئایا بۆ چوار یان پێنج کاتژمێری تەواو نووسیومە؟! كە مێزەکەم جێنەهێشت، چی بووە هۆی ئەوەی لە جیهانی چیرۆک دانەبڕێم؟ ئایا توانیم لەوێ بمێنمەوە و پابەند بم بە نووسین، بێ ئەوەی لە نێوەڕاستی نووسینەكمدا بیر لە خوێندنەوەی ئیمەیلەکانم بكەمەوە یان بچمە سەر ئەنتەرنێت بۆ سێرچكردن، یان بچم سەلاجەكەم پاک بکەمەوە؟ لە ڕاستیدا، ڕۆژێکی باشی نووسین بۆ من ئەو کاتەیە کە دەتوانم لە ناو چیرۆکێکدا بچمە پێش، چونکە چێژێكی زۆر لە پێكداپژانی ڕستەکان وەردەگرم، بەتایبەت لەوەی زۆر جار دەبێت دژی ویستی خۆم بجەنگم. کەواتە ئەگەر بتوانم بە ڕاستەڕیی بە نێو چیرۆکەکەكانمدا بڕۆم و یا تیایاندا بمێنمەوە و تووشی بێ هیوایی و بێزاری نەبم، ئەوە هەست دەكەم ڕۆژێکی زۆر باشی نووسینم هەبووە. نووسەران خۆیان لە خۆیان تێک دەدەن. من دڵنیام، دەتوانم بە سەدان شێوە ڕۆژی نووسینی خۆم بەڕێ بكەم و چیرۆکێکی باش بنووسم، بەو مەرجەی پێشتر بڕیارم دابێت باش بڕوات. هەڵبەت ئەمە لایەنی ئازاردەری خۆشی هەیە، وەك ونکردنی خۆم لە کەسایەتییەکدا نێو چیرۆكەكانم، بۆیە بڕیارم داوە بە فێڵێك ئەمە چارەسەر بكەم، بەوەی چەند کاتژمێرێک درێژە بە نووسینی كارەكتەرەكە بدەم بێ گوێدانە هەڵسەنگاندنی خۆم. ئامادەبوون و مانەوە بە ئامادەییەوە، ڕۆژێکی باشی نووسینە.
ـ هیچ خوو و تایبەتمەندییەكی سەیرت لە كاتی نووسیندا هەیە؟ وەك کڵاوێکی جادوویی یان شتێکی وا؟
كارێن ڕاسڵ: من کڵاوێکی شۆڕی پەڕی تاووسم لەسەرە و نزا و سڵاوی مەریەم بە چرپەوە دەهێنمە سەر زمانم تا نیوەڕۆ كە پشوو دەدەم و نان دەخۆم (پێ دەكەنێت). نا، من هیچ شتێكی وام نییە، تەنانەت ئیرەیی بە نووسەرانی دیكە دەبەم كە شتی وایان هەیە. دەمەوێت هەموو ئەزموونی ئەوان تاقی بکەمەوە. وەک جێنی ئیگان كە بە دەست دەنووسێت. هاوڕێیەکم پێی گوتم (بالزاک ـ Balzac)ی فەڕەنسی بەردەوام بەر لە نووسین دەستپەڕی دكرد. من هێشتا ئەمەم تاقی نەکردووەتەوە؛ ڕەنگە تاقیشی نەكەمەوە، ئاخر ڕەنگە بالزاك ئامێری ئیسپرێسۆی نەبووبێت بۆ چێژوەرگرتن لە قاوە.
ـ کاتێک دەنووسیت، دەتوانیت دەستبەجێ بزانیت “خراپە”؟
كارێن ڕاسڵ: ئۆف، من پێم وایە زۆربەی کاتەکان خراپە. هەڵبەت ئەو کاتانەی نووسین بە ئاسانی و بەبێ هەوڵدانی زۆر دێت، زۆر کەمن. واتە زۆربەی کات نووسین بۆ من کارێکی سەخت و دژوارە و ئەمەش حاڵەتێکی ئاساییە بۆ زۆربەی نووسەران – کە ڕێژەی خۆشی بە بەراورد بە بێهیوایی کەمە. بۆیە ئەگەر بتوانیت لەو ڕاستییە بگەیت کە بە ئەگەری زۆرەوە پێویستە 90%ی ڕەشنووسی یەکەمت فڕێ بدەیت، ئەوا دەتوانیت سەركەوتوو بیت و كەمتر بكەویتە ژێر گووشار و تەنانەت چێژ لەو قۆناغەش وەربگریت کە نووسینەکەت باش نییە.
ـ خەڵاتی گۆڤاری نیشتمانی 2012 بەخشرایە كورتە چیرۆكی (پەنجەرەی ڕووباری هۆکس ـ The Hox River Window) بەڕێزتان. ئاخۆ ئەمە پەیوەندی بە شێواز و جیاوازی چیرۆکی کورت و درێژ تۆوە هەیە؟
كارێن ڕاسڵ: بەڵێ، بیستووتە كە خەڵکی دەڵێن فڵانە نووسەرێکی سروشتییە لە چیرۆک یان ڕۆماننووسێکی سروشتییە؟ بەڵام من هەست دەکەم بە قەدیەك لە هەردووكیان ناسروشتیم. هەمیشە هەست دەکەم لە سفرەوە دەست پێدەکەم. لە كۆمەڵە چیرۆكەكەمدا، هەر چیرۆکەی سەرچاوەی سەیری خۆی هەیە. لە سوامپلاندیا لە ڕۆمان نزیک بوومەوە چونكە زیاتر كونجكۆڵییە. بۆ نموونە من بە وێنەیەک لە ناوەڕاستەوە دەست پێدەکەم یان دیمەنێک کە هەست دەكەم لە ئەنجامی کتێبەکە نزیكە. بەم شێوەیە بەردەوام دەبم تا هەستێکی دیاریکراوترم بۆ دروست دەبێت لەسەر کەسایەتییەکان و پرسی سۆزداریی چیرۆکەكە. یان هەندێک جار کۆتاییەکەم لە پێشەوە نووسیوە، بەمەش دەبێتە ئەوەی كە كارێكی شێوازی “مێمێنتۆ” پێچەوانە بكەمەوە.
ـ نەخشەڕێگە بۆ كارەكانت دادەنێیت یا هەر خۆیان دەچنە پێشەوە؟
كارێن ڕاسڵ: بەڕاستی حاڵەت بە حاڵەت جیاوازە. هەندێک لە چیرۆکەکانی (خوێنمژەکان) بە ئاگاییەوە دیزاین کراون بۆ بەدواداچوونی پرسیاری وەک “ئایا پەشیمانی دەتوانێت سوودی هەبێت؟” یان “چۆن دەتوانین بە ڕابردوودا بچینەوە بێ ئەوەی گیرۆدەی بین و یان بێ ئەوەی تووشی دڕندەیی تاوان و توندوتیژ ببین؟” لە حاڵەتی تردا هەستم كردووە بە نێو تاریكیدا باز دەدەم و یاری دەکەم و تێیدا كەشف دەكەم كە چیرۆکەکە بەرەو كوێ بڕوات. سەرەتا بە گاڵتەوە بە برا و خوشکەکەمم گوت: ئەگەر خوێنمژەکان بۆ کەمکردنەوەی ئالوودەبوونیان بە خوێن، لیمۆیان وەک میسادۆن بەکار هێنابوایە، چ دەبوو؟ هەر ئەم بیرۆکەیە بووە ئامرازێك بۆ بیرکردنەوە لە پرسیاری گەورەتر دەربارەی خۆشەویستی و تەنیایی. بۆیە هەندێک لەم چیرۆکانە نەخشە و گەڵاڵەیان بۆ کێشراوە، لە کاتێکدا هەندێکی تریان نا.
ـ یەكێك لە چیرۆكەكانی (خوێنمژەکانی دارلیمۆکە) كە بتەوێت بە خوێنەرێکی پێشنیار بكەیت بۆ بیخوێنێتەوە، كامەیە و بۆچی؟
كارێن ڕاسڵ: واو، با کەمێک بیر بکەمەوە. پێم وایە چیرۆکی سەرەتا باشە. چونكە هەست دەكەم دەلاقە و چاویلکەیەکە دەتوانیت بە هۆیەوە چیرۆکەکانی تری پێ بخوێنیتەوە. باسی گۆڕانکارییە زەبەلاحەكان و ئاڵوودەبوون دەکات، سەختیەکانی خۆشەویستییەكی بەردەوام. پێم وایە لە ڕووی دەنگەوە هەموو ژانرەکانی كۆمەڵە چیرۆكەكە لەخۆ دەگرێت. ئەم كۆمەڵە چیرۆكە تێكەڵەیەكە لە بەزمەسات و مەرگەسات.
ـ من پڕۆژەیەکی یەك مانگیم دەست پێکردووە كە ڕۆژانە چیرۆکێکی جیاواز دەخوێنمەوە و وەڵامێکی کورتی بۆ دەنووسم. دەكرێت پێشنیاری هەدنێك چەند چیرۆکی کورتی نایابم بۆ بكەیت؟
كارێن ڕاسڵ: ڕاست پێش ئەوەی تەلەفۆنم بۆ بکەیتە، هیوادار بووم ئەمەم لێ بپرسیت. بێگومان، چیرۆكی (دایناسۆرەکان ـ The Dinosaurs)ـی (ئیتالۆ کالڤینۆ ـ Italo Calvino). خوێندووتەوە؟!
ـ نا، بەڵام ئێستا دەیخوێنمەوە.
كارێن ڕاسڵ: یەكێكە لە چیرۆكەكانی کتێبە بەناوبانگی کالڤینۆ، واتە (کۆسمیکۆمیکس ـ Cosmicomics)، و هەر چیرۆکەی بە ئیپیگرافێکی زانستی (تیۆرییەكی زانستی) دەست پێدەکات کە وەک تۆست وشکە، و پاشان خوێنەر ڕاستەوخۆ دەخاتە ناو جیهانی كەسایەتی (کفوفک ـ Qfwfq)ـی چیرۆكەكەوە، گێڕەرەوەیەک کە بە ئەندازەی گەردوون تەمەنی هەیە و دەچێتە ناو جەستەی ژمارەکان، ئەمیبیا و گەردیلەکان. ئەمە چیرۆکی دڵخوازی منە لە کۆکراوەی دایناسۆرەکان کە زۆر بە سادەیی دەست پێدەکات. “بۆ ماوەیەکی کورت، من دایناسۆر بووم…” ئەوە یەکێکە لە دڵڕفێنترین چیرۆکەکان کە خوێندوومەتەوە، و هەروەها فێری کردم کە دەتوانیت ژیرانە و ناڕاستەوخۆ زمانێکی نوێ دابهێنیت بۆ گەیشتن بە هەندێک پرسیاری گەورە. من ئەم چیرۆکەم خۆش دەوێت و پێم وانییە ئەمڕۆ زۆر کەس خوێندبێتیانەوە. دوو چیرۆکی تر کە پێم وایە هەموو کەسێک دەبێت بیخوێنێتەوە، ئەمانەن: (دارستانی زەریا ـ Sea Oak)ی (جۆرج ساوندەرس ـ George Saunders) و (میوانی ڕێزدار ـ The Honored Guest)ی (جۆی ویلیامزـ Joy Williams).
ـ هیچ شتێک هەیە کە هەمیشە لەگەڵ خۆتی هەڵگریت؟
كارێن ڕاسڵ: من ئەم ئەنگوستیلەیەم لە پەنجە کردووە کە کۆنترین هاوڕێی منداڵیم لە میامی پێی دام. من هەموو شتێک ون دەکەم، بۆیە ئێستا سەیر و پەڕجوویە کە هێشتا ئەمەم لە پەنجەیە.
ـ خواردنی دڵخوازەکەت چییە؟
كارێن ڕاسڵ: من ئاڵوودەی بنێشتم، (ئێکسترا پۆلار ئایس ـ Extra Polar Ice). سەیر، بەهێزە. جووتنی وەک ئەوە وایە جنۆکە لە خۆت دەربکەیت.
ـ چ ئامۆژگارییەکت هەیە بۆ نووسەرە لاوەكان؟
كارێن ڕاسڵ: بەردەوام بن لە خوێندنەوە. ئەگەر ئاڵوودەی چیرۆکی خەیاڵین، ژیاننامە بخوێنەوە. هەموو نووسەران دەبێت شیعر بخوێننەوە.
ـ دەوێت چی لەسەر کێلی گڵكۆكەت هەڵکەنرێت؟
كارێن ڕاسڵ: سوپاس بۆ ئەم پرسیارە. لەم ماوەیە هاوڕێیەکم لەبارەی كورتی ژیانەوە دەیگوت ڕستەی “هەر چۆنێك بێت، هەندێک بەشی خۆش بوو”، گونجاوە بۆ سەر گڵكۆكەم، بەڵام ئەگەر ئازیزانم پارەیەکی زۆرترم بۆ کێلێکی مەڕمەڕی ئیتاڵی یان شتێکی وەنا بۆ تەرخان بكەن و نایانەوێت بەو گاڵتەكردنەی من خراپی بکەن، پێم وایە دوا ڕستەکانی کتێبی (فیسکادۆرۆ ـ Fiskadoro)ی (دێنیس جۆنسۆن ـ Denis Johnson)، كۆتاییەکی جوانن بۆ من كە دەڵێن: “لە دەم ڕابوون، بە بزاوتێك بەئاگا هات و، لەو بەئاگابوونەوەش، هۆشیار بووەوە.”