عومەر چنگیانی
بەپێی ڕێنمایی بۆردی باڵای ئامادەكردنی گوتاری هەینی، بابەتی سەردێڕ، توێشووی گوتاری هەینی زۆربەی مزگەوتەكانی كوردستان بوو و ئێمەیش رێکەوتی ٤/٤/٢٠٢٥ لە مزگەوتی خەدیجە كوبرا كردمانە گوتاری زنجیرە 287مان و سەتەلایتی ئاڤایش بە سوپاسەوە ڕاستەوخۆ گوتارەكەی گواستەوە بۆ بینەرانی، كە تێیدا گوتمان: (ئیسلام گرنگیی داوە بە پاراستنی ژینگە و پارێزگاری لێی و، بە ئەرکێکی ئایینی داناوە؛ كە دەبینین خوای گەورە فەرمانی داوە بە مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگە بە شێوەیەک کە مڵکی گشتییە و پێویستە لەسەر مسوڵمانان پارێزگاری لە پێکهاتەکانی بکەن و سامان و سەرچاوەکانی بپارێزن و، لە ئایەتی 205ـی سوورەتی (بەقەرە)دا، لە وەسفی خراپەکاراندا دەفەرمێت: (خراپكاران هەر لەسەر زەوی بزووتن و گەڕان و جووڵان، هەوڵی بەدكاری نانەنەوە و خراپە تەشەنەپێكردن دەدەن و بەروبووم و كێڵگە و ڕەز و باغ و دێراو و دانەوێڵە و شینایەتی لەناو دەبەن، لە كاتێكدا كە خوا خۆشی لە بەدكار و بەدكاری تەشەنە پێكردن نایەت.)
تەوەری یەکەم/ گرنگیی ژینگە بۆ ژیان: خودای گەورە ئەو زەویەی خستۆتە خزمەتی مرۆڤ، کردوویەتی بە سەرچاوەی ڕزق و ڕۆزی و ئاوەدانی، خودا ئاو و هەوا و ڕووەک و ئاژەڵی بۆ خزمەتی مرۆڤ دروست کردوە، کردوونی بە هۆکاری بەردەوامی ژیان و، پێغەمبەری ئازیز، دروود و سڵاوی خوای لەسەر، گرنگیی هاوسەنگیی ژینگەی ڕوون کردۆتەوە، لە فەرموودەکەیدا و دەفەرمێ:
(بە ڕاستی دنیا خۆش و ڕازاوە و جوانە و خوای گەورە كردووتانیەتە جێنشین و سەیر دەكات داخۆ چۆن ڕەفتار دەكەن و چاودێری كردەوەكانتانە.)
هەموو توخم و پێکهاتەیەکی ژینگە ڕۆڵێکی تایبەت و گرنگی هەیە؛ دار هەوا پاک دەکاتەوە، ئاو زەوی زیندوو دەکاتەوە، ئاژەڵ بەشداری دەکات لە هاوسەنگیی ژینگەییدا. تێکدانی ژینگە و خراپ بەکارهێنانیان پێچەوانەی مەبەستەکانی جێنشینایەتیی مرۆڤە لەسەر زەوی.
تەوەری دووەم/ واجببوونی پاراستنی ژینگە لە ئیسلامدا: ئیسلام زۆر گرنگیی داوە بە پاراستنی ژینگە و کردوویەتی بە ئەرکێکی شەرعی سەرشانی هەمووان و، خوای گەورە هۆشداریی داوە لە تێکدان و فەساد لەسەر زەوی، بەڵکو قورئان تێکدانی ژینگەی کردۆتە هۆی سزای خودا.
تەوەری سێیەم/ ئادابەکانی پاراستنی ژینگە لە کاتی گەشت و سەیراندا:
دینی ئیسلام چەندین ئادابی بەرزی داناوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ژینگە لە کاتی سەیراندا، لەوانە:
یەکەم/ زیان نەگەیاندن بە سروشت: پاراستنی پاکی ئاو و هەوا ئەرکی هەمووانە، پێویستە سروشت تێک نەدەین، چونکە ئەمانەتی سەرشانمانەو دەبێ پارێزگاری لێبکەین، نەبینە هۆکاری پیسکردن و تێکدانی ژینگە.
دووەم/ کەمکردنەوەی بەفیڕۆدانی کاڵاکان: دینی ئیسلام ڕێگری کردووە لە زیادەڕەوی و بەفیڕۆدان، فەرمانی داوە بە مامەڵەکردن لەگەڵ شتەکان بەپێی پێویستی خۆمان نەک زیاتر.
سێیەم/ پاککردنەوەی شوێنی گەشتەکەمان دوای بەکارهێنان. مسوڵمان دەبێ شوێنە گەشتیارییەکان پاکتر بەجێبهێڵێت لەوەی کە هەبووە. هەروەها پێویستە پابەند بین بە ڕێنماییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی لەم بوارەدا، لەوانە: لە کاتی چوونە دەرەوە لە ماڵ دڵنیابین لە کوژاندنەوەی کارەبا، کوژاندنەوەی ئاگر دوای بەکارهێنانیان لە سەیرانگەکاندا، مەلەنەکردن لە ڕووبار و گۆمدا، پەیوەندیکردن بە ژمارەی فریاکەوتن (ژمارەی ١١٥) لە کاتی ڕووداوەکاندا، هێواش لێخوڕین و خێرانەکردن و بێزارنەکردنی خەڵکی تر و، هتد.