دانـا شوانی – ههولێر
ڕێکخستنی ئێستای کۆمەڵگا به هۆی سەپاندنی کۆمەڵایەتی کاركردنی ناپێویست و سنووردارکردنی ناپێویست بۆ ئارەزوو و سیستەمی کۆمەڵایەتییهوهیه کە لە دەوری قازانج و ئیستغلال ڕێک خراوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش کۆتایی چهپاندن و دروستکردنی کۆمەڵگایەکی نوێ به پێویست دهزانرێ و لەم ڕووەوە، جەخت لەسەر جۆرێکی تری شۆڕش دەکرێتهوه کە پێی دەوترێت شۆڕشی بنیادی. بێگومان لە چوارچێوەی ئەو سیستهمهی کە هەیە، پێویستی بە هەلومەرجی کارکردنی باشتر و داهاتی زیاتر و ئازادی زیاتر بەدی دەهێنرێت.
بۆیە ئەوەی هاووڵاتیان ناچار دەکات لە شێوەی شۆڕشدا ئەو بنیاده ههییه پەک بخات، شتێکە لەودیو ئەو بابەتانەوە کە دەبێتە هۆی ئەوەی کەسانێک هەموو شتێکیان هەیە، یان دەتوانن هیوای ئەوە بخوازن لە داهاتوودا هەیانبێت (وەک جلوبەرگی گونجاو، خۆراکی پێویست، تیڤی، ماڵ و، هتد)، هەڵوەشاندنەوەی سیستهمی ههیی پێویستیەکی گرنگ و سهرهكییه. وێڕای ئهوهش، یاخیبووان له دژی كهلتووری زاڵ، لە هەمان کاتدا، لە جوانییەکانی ئەم كهلتوورە، دژی فۆرمە زۆر بەرز و دابڕاو و ڕێکوپێک و هاوئاهەنگەکان دهبوزێن، چونکە هونەر دەتوانێت توخمێكی شۆڕشگێڕانەی هەبێت و لە دژی تۆتالیتاریزمی نوێ کە لە فۆرمی پلۆرالیزمی هاوسەنگ خۆی نیشان دەدات، قۆڵی لێ ههڵدهماڵێ (Marcuse، 2001: 153).
بە بڕوای ماركۆزه، گۆڕینی ئاراستەی بیرمەندانی ڕۆشنگەر و شێوەی ئێستای بەرهەمهێنانی ماددی پێویستی بە شۆڕش هەیە لە جیهانی سەرمایەداریدا”ویژدان و هۆشیاری ئازادکراوی مرۆڤ یارمەتیی پەرەسەندنی زانست و تەکنۆلۆژیا دەدات و لە کۆت و بەندەکان ڕزگاری دەکات، بۆ دۆزینەوە و وەدیهێنانی ئەگەرەکانی شتهكان و مرۆڤەکان لە پێناو پاراستن و باشترکردنی ژیان. هۆشیاری ڕزگاركراو بۆ گەیشتن بە ئامانجەکە، فۆرم و شێوه وهردهگرێت. لەو حاڵەتەدا تەکنیک دەگۆڕێت بۆ هونەر و هونەریش، واقیع دروست دەکات. دژایەتیی نێوان خەیاڵ و ئەقڵ، بەهرە باڵا و نزمەکان و لە نێوان بیری شیعری و بیری زانستیدا پووچەڵ دەبێتەوە. واقیعێکی نوێ سەرهەڵدەدات، لەژێر ڕۆشنایی ئەودا، هەستیاری نوێ لەگەڵ زیرەکی زانستیدا تێکەڵ دەکرێت بۆ دروستکردنی بەهایەکی جوانیناسی. ههر بۆیه هێربهرت ماركۆزه لە کتێبی “ئیرۆس و شارستانیەت”دا هەوڵی دا ئەگەرێکی نوێی سیاسی بنیات بنێت و بەو ئاراستەیە، دژایەتیی بۆچوونەکانی زیگمۆند فرۆید دەکات. ئەو پێشمەرجە گشتیەی کە فرۆید بە ڕوونی باسی کردبوو، ئەوە بوو کە شارستانیەت لەسەر بنەمای چهپاندن دامەزراوە. بەم مانایە مرۆڤ بۆ گەشەسەندنی شارستانیەت دەبێت تا ڕادەیەکی زۆر خواست و ئارەزووەکانی واز لێ بێنێت. بەم لێکدانەوەیە، ناکرێ هیچ کۆمەڵگایەک هەموو هاووڵاتیانی خۆی بەبێ چاودێری بە تەنیا جێبهێڵێت؛ چونکە داواکارییەکانی هاووڵاتیان سازشی لێ ناكرێ و هەموویان بەدی نایەن و ئەگەر بێ چاودێریش بمێنێتەوە، کۆمەڵگا وێران دەکات. ماركۆزه لە دژایەتی ئەم بۆچوونەدا دەڵێت، تێرکردنی ویست و ئارەزووەکانی مرۆڤی ئەمڕۆ زۆر ئاسانە، ئەو سەرکەوتنە ئابوورییەی لە كۆمهڵگا پیشەسازییەکاندا بەدەست دێت، دەتوانێت مرۆڤ ئازاد بکات، بۆیە تێربوونی تەواوەتی ئارەزووە زگماكییهكان، لەگەڵ کۆمەڵگایهكی ڕێكخراو یەکسانە. له پهیوهستی نێوان هونهر و دۆخی دهروونی ماركۆزه بۆچوونی تابیهتی ههیه، ههر بۆیه ئهو بە دابەشکردنی هونەر بۆ ئهركگهرایی و سوریالیزم، هونەری كۆمهڵگای هاوچەرخ بە ئهركگهرایی و هونەری بازاڕی دەزانێت کە هەوڵی ڕازاندنەوەی کۆمەڵگا دەدات. بە بەراوردکردنی هونەری هاوچەرخ لەگەڵ هونەری ڕابردوو، هونەری ڕابردوو وەک هونەرێکی بەرز و ڕەخنەگرانە بە دۆخی ئێستا دەناسێنێت و ئامانجهكانی بریتییه له ناڕازیبوون لە دۆخی ئێستا. لە کاتێکدا هونەری سەردەمی نوێ بەهۆی تەکنەلۆژیا شێواوە، کە هیچ ڕەنگێکی ناڕەزایی تیا نییە و تەنانەت جەوهەری هونەریش کە ئاوڕدانەوەیە لەوەی دەبێت چی بێت، سەرلێشێواو دهردهكهوێ. مارکۆزه سەبارەت بەم بابەتە دەڵێت: لە بەرهەمە ئەدەبی و هونەرییەکاندا، کە پێشتر ڕەنگی ململانێ و ناڕازیبوونیان هەبوو، بێباکانه دەرکەوتووە. هونەری ئەمڕۆ لە خۆشی و خۆشگوزەرانی لەدایک دەبێت. ئامانجی هونەری بنیاتنەر ناتەبایی لەگەڵ دۆخی ئێستا و نیشاندانی ناڕەزاییه، لە کاتێکدا تەکنۆلۆژیای ئەمڕۆ، فۆڕمی نهریتیی هونەری تێکداوە و جیاکردنەوەی مرۆڤ لە کۆمەڵگا لە ڕووی هونەرییەوە قورس کردووە. بە واتایەکی تر، تەکنەلۆژیا نەک هەر زۆرێک لە شێوازە هونەریەکانی لەناو بردووە، بەڵکو جەوهەری هونەریشی لەناوبردووە. دواجار دهتوانین بڵێین كه هونهر وهك فۆرمێكی كولتووری، له دنیای مۆدێرن ڕۆحی تیا نهماوه، بهڵكو بۆته هونهرێكی ڕووكهشی و بازاڕی، هۆكاری سهرهكیی پشت ئهم به بازاڕیی و ڕووكهشیبوونهی بریتییه له كاریگهرییهكانی تهكنهلۆژیا.