گۆرانی پەیوەندییەکی هاڕمۆنی (سێ سووە) بە هەرسێ سووەکەی “دەنگ، ئاواز و تێکست” گۆرانی بەرهەمدێت، هەر گۆرانییەک لاسەنگ و لەنگ بوو، ژیرانە بیپشکنە دەگەیتە ئەو ئەنجامەی یەکێک لە سووەکانی گۆرانی نەشازە.
ئەو پەیوەندییە هاڕمۆنییە لە هاوتایی هەرسێ جەمسەرە سەرەکییەکەی گۆرانیدا جێی خۆی دەکاتەوە و جێگیر دەبێت، دەنا گۆرانییەکە ناچێتە سەر باڵی هەست و ناگاتە دڵ.
ڕەنگە تێکستێکی باش، دەنگێکی باش و ئاوازێکی باش پێکەوە نەبنە گۆرانییەکی باش! چونکە لەگەڵ باشیشیاندا ناخێوێنە جەستەی یەکتر، واتا پێویستە دەق لەڕووی ناوەرۆک، مانا، جوگرافیا و زەمەنی دەق و ئاوازی ناوەوەی هەر وشەیەک بتوانێت لەنێو ئاوازەکە ئاسوودە بنیشێت، وردتر بڵێم دەبێ کاتی تێکست بۆ ئاوازێکی کلاسیک هەڵدەبژێری بیر لە گوزارشتی کلاسیکی و زەمەنی پێشتر بکەیەوە، بەڵام نابێ لەبیرت بچێت وشەکان دەبێ ئاوازداربن و گۆرانی بیانگرێتە خۆی، بۆ ئاوازی مۆدێرنیش بە هەمان هاوکێشە، پێویستە تێکستێک لە گوزارشتە نوێیەکان و بە چەمکە ئاوازدارەکان دابڕێژرێت دەنا ناتوانن بە تەبایی لە گۆرانییەکدا کۆببنەوە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، هێشتان ناگەینە بەرهەمێکی باش، چونکە جەمسەری سێیەمیش کە جۆری دەنگەکەیە بارتەقای دوو جەمسەرەکەی دی گرینگە.
دەبێ ئەو دەنگەی گۆرانییەکەی پێ دەگوترێت ئامادەیی ئەوەی هەبێت بەو ئاواز و تێکستە بارگاوی ببێت و نەشاز نەبێت.
هەموو ئەو زانیارییانە بۆ هەر گۆرانیبێژێک پێویستن، بەڵام بە پانتایێکی فراوانتر و وردتر و قوڵایێکی ڕوون و بێ گرێ.
یەکێک لەو هونەرمەندانەی ئەو پسپۆربوونەی بۆ گوتنی گۆرانی بەو وردەکارییەوە تێدا بەرجەستەیە هونەرزانی مێژوو پڕشنگدار زیاد ئەسعەدە، کاتی گوێ لە ئاوازی گۆرانییەکانی دەگری بەبێ ئەوەی هێشتا گوێت لە دەنگی ئەو و هیچ وشەیەک بووبێت هەستت دوای شوێنپێی ئاوازەکە دەکەوێت، کە دەنگی گۆرانیبێژ دەبیستی هەستت لە ڕەوتی خۆی ناسڵەمێتەوە و بەر نامۆیی ناکەویت، لە کاتێکدا چیڕۆکێکی سادەی مانادار لە تێکستێکی داڕژاو بە وشەسازییەکی ئاوازداری سادە دەبیستیت، هاوکات بە دەنگێک و جۆرە گوتنێک، دەڵێی بۆ ئەو ئاواز و تێکستە خولقاوە.
زیاد ئەسعەد پێش ئەوەی گۆرانیبێژ بێت هونەرناسە، ئەو دەزانێت گۆرانی پانتایی شڕۆڤە و شیکاری دەقی ئەدەبی نییە تا تێکستێکی ئاڵۆزی فرەفۆڕم بۆ گۆرانییەکانی هەڵبژێرێت، بەڵکو گۆرانی کردەیەکی مەیدانیی خۆشڕۆ و چالاکییەکی دەنگییە، بۆیە پێویستە تێکستەکە لە بیستنێکدا لەڕووی ماناوە خۆی بەدەستەوە بدات.
هاوکات شارەزایێکی وردی لە میوزیک و ئاواز و نۆتە هەیە، بۆیە دەتوانێت ئەو چەمکانەی لەنێو ئاواز باشتر دادەنیشن و ئاوازدارن بژار بکات و لە چەمکەکانی دی جیایان بکاتەوە و لە تێکستێکی ناوازەدا کۆیان بکاتەوە چیڕۆکێکی دڵگیری شایستە بە گۆرانی پێ بگێڕێتەوە.
زیاد ئەسعەد، ئەگەر بۆ گۆرانیێک تێکستێکی پێویستبووبێ یان خۆی دایڕشتووە، یان لەگەڵ شاعیرێکی لیریکنووس تاوتوێی کردووە و دوای گفتوگۆ لەسەرکردن شاعیرەکە بۆی نووسیوە، بۆیە لە هیچ لە بەرهەمەکانی زیاد ئەسعەد هەست بە نەشازی و لەنگی ناکەی، چونکە هەرسێ جەمسەرە سەرەکییەکەی گۆرانی وەک سێ ئاشنای لەمێژینە خزاونەتە پاڵ یەک و بوونەتە گۆرانییەک.
بۆیە لەخۆوە و بێ هۆ نییە شاعیر و ڕۆشنبیری ناودێر شێرکۆ بێکەسی ڕەحمەتی دەڵێت “زیاد ئەسعەد وەک نەورەسێکی سپی ئاسمانی گۆرانی کوردی وایە و هەمیشە دەبریسکێتەوە.
جگە لەوەی لە گۆرانییەکاندا زۆر ڕوون هەست بەو کاریزماییە هونەرییەی زیاد ئەسعەد دەکرێت، لە زۆر دیمانە و لێدوانی هونەریشدا زیاد ئەسعەد ئەو پەیوەندییە هارمۆنییەی جەمسەرە سەرەکییەکانی گۆرانی شیکردووەتەوە و باسی کردوون.
تەنانەت لەڕووی ساغلەمیی دەنگیشەوە شارەزا و لێزانە، لەبیرمە لە دیمانەیەکی تەلەفزیۆنیدا باسی چۆنیەتی خۆپاراستنی گۆرانیبێژی دەکرد لە پەتای هەڵامەت و ئەزیەت گەییشتن بە دەنگەژێکان، کە تەنیا بە چۆنیەتی هەڵمژین و دانەوەی هەناسە ئەو ژێپارێزی و دەنگپارێزییەی کردووە.
ئەگەر وردتر لە کارکردنی زیاد لە گۆرانی ڕابمێنین، هەست دەکەین زیاد پڕۆژەکەی لەوە فراوانتر بووە تەنیا گۆرانیبێژ بێت، یان بەس گۆرانی بڵێت، بەڵکوو پلانی بە قوتابخانەکردنی شێوازەکەی خۆی هەبووە، چونکە زیاد ئەسعەد بۆ پۆلێک گۆرانیبێژی دەنگخۆش ئاواز و تێکستی داناوە و درەوشاونەتەوە، بەڵام دوای ئەوەی زیاد نەخۆشکەوت و نەیتوانی کاریان بۆ بکات، ئەوانیش تروسکاییان لە کزی داوە و لە درەوشانەوە کەوتوون.
ئەو پڕۆژەسازی و بیرفراوانییەی زیاد ئەسعەد بۆ هونەر تەنیا شتێکی خۆرسک و لەخۆوە نییە، بەڵکو بەرهەمی کۆشش و هەوڵدانی چەندین ساڵەیەتی کە لە قوتابخانەی جیاوازی هونەری جیهانی، بە ڕۆژهەڵاتی و ڕۆژئاواییەوە خوێندوویەتی و خۆی و هونەرەکەی پێ بنیادناوە، لە تاران بگرە تا دەگاتە ڕووسیا، کەنەدا، سوید و ئەڵمانیا، ئەوە جگە لە بەدواداچوون و خوێندنەوەی بەردەوامی لەبواری گۆرانی و میوزیک و تێکست.
ئەو خۆ داراکردنە هونەرییە وایکردووە زیاد بەرەو بەقوتابخانەبوون بچێت کە بەهۆی نەخۆشکەوتنی ماوەیەک پەکی کەوت، دەنا پێم وایە زیاد هێشتان هەم تەمەن هەم هێزی بەبەرەوە ماوە پڕۆژەی بەقوتابخانەبوونی خۆی تەواو بکات و هونەرمەندانی تریش وەخرۆش بخاتەوە، تەنانەت دەنگی تازەش بێنێتە نێو ئەتڵەسی هونەری گۆرانی.
سەرکەوتوویی زیاد لە کاری گۆرانی دروستکردندا بۆ ئەو هەموو خۆڕۆشنبیرکردنە و ناسینی هەرسێ سووەکەی گۆرانی دەگەڕێتەوە، چونکە زۆر بە وردی بڕیار لەسەر هەڵبژارنی ئاواز و تێکست دەدات بۆ هەر دەنگێک، تەنانەت ڕەگەزی خودان دەنگ و تەبەقەی و ئاستی دەنگەکەش لەبەرچاو دەگرێت.
دەنگی گۆرانیبێژانێک کە تێکست و ئاوازەکانیان هی زیاد ئەسعەدە بەراورد بکەن دەبنە بڵگەی بۆچوونەکەی من.
نامەوێ زیاتر لەبارەی تواناکانی زیاد ئەسعەد لەڕووی کوالێتی دەنگ و ئاستی ڕۆشنبیری هونەرییەوە قسە بکەم، با ئەو بەڵگەیە بۆ لێهاتوویی و کارامەیی ئەو بەس بێت، وا بۆ دوو دەیە دەچێت بەرهەمی پێشکەش نەکردووە، کەچی هێشتان دەنگێکی بڵند و بەردەوامی پانتایی گۆرانی کوردییە.
چاوڕێم جارێکی تر هەورەتریشقەی زیاد دەنگی بێت، ڕێژنەیەکی نوێی گۆرانی دابکات و گۆمی مەنگی گۆرانی بشڵەقێت و شەپۆل بدات، لە ئاسمانی سەر ئەو شەپۆلانە نەورسەکەی شێرکۆ بێکەس باسی دەکات دیسان ببریسکێتەوە.
عزەدین زەکیزادە