دیاکۆ هاشمی
بەیانییەکی ساف و ڕوون، ئاسمانی هەولێر وەک ئاوێنەیەکی شین دەدرەوشایەوە. ئۆقیانووسی زمانی کوردی پەلی کێشابووە هەموو لایەک، ئەم جارە پێی نابووە دڵنشینترین ناوەندی بەرگری لە زمان لە هەولێر.
بە شانازی و دڵی پڕ لە هیواوە، لەگەڵ مامۆستا ناسر حسامی بەرەو بینای ئەکادیمیای کوردی ڕێمان گرتە بەر، ئەو مەڵبەندە دێرینەی کە وەک قەڵایەکی پتەو لە بەرانبەر هەڕەشەکانی سڕینەوەی زمانەکەماندا وەستاوە.
لە دەرگاکەوە کە چووینە ژوورەوە، گەرمای پێشوازییەکی ڕەسەن و کوردانە باوەشی پێدا کردین. ئەو پێشوازییە گەرمەی کە تایبەتمەندی بەڕێوەبەران و ئەندامانی ئەکادیمیا بوو، وای کرد هەست بکەم لە ناوەندێکی بێگانەدا نیم، بەڵکوو ئەوە ماڵی هەموو کوردێکە کە دڵی بۆ زمانەکەی لێ دەدات.
دوو جار سەردانی ئەکادیمیامان کرد، لە هەر دوو سەرداندا، هەمان گەرمی و ڕێز و خۆشەویستی بەدی دەکرا، وشەکان لە ناخی دڵەوە هەڵدەقوڵان. لە هەر دوو دانیشتندا، باسی گرنگترین کێشەکانی ڕێنووسی کوردیمان کرد. وشەکان وەک پەلکەزێڕینە لەنێوان ئێمەدا هاتوچۆیان دەکرد، هەر یەکە و بۆچوونی خۆی دەربارەی چارەسەری کێشەکان هێنایە بەردەست.
لۆژیکی ئەو ڕێنووسە چییە؟ پێوانەی ئەو شێوەنووسینە چییە؟
لەوێ، لەناو ئەو دیوارانەدا، کە بە کتێب و بەڵگەنامە و وشەنامە ڕازابوونەوە، نهێنیی زمانێک، نهێنیی نەتەوەیەک و چارەنووسی کەلتوورێک حەشار درابوو.
لەپڕ ئاماژەیان بە دوو کتێبەکەی من کرد، ئەو دوو بەرهەمەی کە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک، ئەکادیمیا بڵاوی کردبوونەوە: “پوختەی ڕێنووس و خاڵبەندی” و “فەرهەنگی توێکاری”. خۆشحاڵ بووم کە کتێبەکانم بۆ ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک ئامادە کرابوون. بۆ من دوو جار دیاری بوو، یەکەم بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکەوە و دووەمیش بۆ ئەوەی هەمان ڕۆژ ساڵڕۆژی لەدایکبوونمە. بڕیار بوو ئەو ڕۆژە من و کاک ناسر حسامییش لە یادی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک لە ئەکادیمیادا ئامادە بین، بەڵام بلیتی فڕۆکەمان دەست نەکەوتبوو، ڕێک ئەو ڕۆژە ئێمە لەناو فڕۆکە لە ئاسماندا بووین.
“پوختەی ڕێنووس و خاڵبەندی” چاپی دووەمی ئەکادیمیا بوو، پاریش لە ساڵی ٢٠٢٤، ئەو کاتەش لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک چاپی یەکەمی بڵاو بووەوە. بەڵام ئەم جارەیان کۆمەڵێک خاڵی نوێتری پێ زیاد کرابوو. ئەو کتێبە لە بەردەم ئەوانەی دەیانەوێت ڕێنووسێکی یەکدەست و هاوچەشن بەکار بهێنن، وەک چراوگێک دەبریسکێتەوە. ئەو کتێبەی کە بۆ هەموو نووسەر و خوێندکار و مامۆستایەکی کورد بووەتە هاوڕێیەکی نزیک و ڕێنیشاندەرێکی وەفادار.
کاتێک گەڕاینەوە بۆ هوتێلەکەمان، ڕێنووس و خاڵبەندی، وشە و ماناکان، هێشتا لە گوێمدا دەزرنگانەوە. ئەو سەردانە کورتەی ئەکادیمیا، وەرزێکی نوێی خستە سەر دەفتەری سەفەرنامەکەم، سەفەرێک کە لەگەڵ هەر هەنگاوێکدا، لەگەڵ هەر وشەیەکدا، زیاتر منی هێنایەوە ناو جیهانی ڕاستەقینەی زمانەکەم – زمانێک کە پێم وا بوو دەیناسم، کەچی سات لە دوای سات، ڕووی جوانتر و قووڵتری خۆی نیشان دەدا، وەک کانزایەک کە هەرچی قووڵتر هەڵی بکۆڵی، بەهای زیاتر و خەمڵاویتری دەبینی.
سوپاس بۆ پێشوازیی گەرمی ئەو ئەندامانەی ئەکادیمیا کە لەو ڕۆژانەدا لەوێ بوون، بەتایبەتی سەرۆکی ئەکادیمیا، بەڕێز و هێژا، مامۆستا حەمەسەعید حەسەن، بۆ پێشوازیی گەرمی، کە بەڕاستی زۆر زۆر جێی دەستخۆشی و پێزانینە. هەروەها سوپاس بۆ ئەندامانی دیکەی ئەکادیمیا وەک بەڕێز د. کاروان عومەر، هێژا موئەیەد تەیب، بەڕێز د. قەیس و باقی ئازیزان و هێژایانی تر. هەروەها هێژایانی دیکە لە بەشەکانی دیکەی ئەکادیمیاش. هەروەها سوپاس بۆ پڕۆفیسۆر وریا عومەر ئەمین کە زەحمەتی کێشا و هات و لەوێ چاومان بە یەکتر کەوت. دواییش هاوڕێی هێژام، دوکتۆر ئاران ئەمینی دوکتۆرای بواری ئایتی و ژیریی دەستکرد کە لە فەرانسەوە هاتبوو، هات و کۆڕەکەی ڕازاوەتر کرد.