دانـا شوانی – هه‌ولێر
هۆشیاری وه‌ك پرۆسه له هه‌موو كۆمه‌ڵگه مرۆییه‌كان ئاست و قه‌باره‌ی جیاوازی هه‌یه، به‌ڵام له هه‌ر قۆناغێكی كۆمه‌ڵایه‌تی له كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌ره‌تاییه‌وه بیگره تا ده‌گاته كۆمه‌ڵگه‌ی مۆدێرن پرۆسه‌ی هۆشیاری سه‌باره‌ت به ژیانی كۆمه‌ڵایه‌تیمان بوونی هه‌یه، نه‌بوون یان كه‌مبوونه‌وه‌ی ئاستی هۆشیاری كاریگه‌ری له‌سه‌ر سه‌رهه‌ڵدانی هه‌ندێ دۆخی تایبه‌ت و دیاریكراو له مرۆڤ ده‌رده‌كه‌وێ، له‌م باره‌یه‌وه ماركۆزه پێی وایه به‌ربه‌ستدانان له به‌رده‌م هۆشیاری و نامۆیی بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه له ڕێگه‌ی ژیانی ماددی و فۆرمی خۆی له‌گه‌ڵ كۆمه‌ڵگه‌ی پیشه‌سازی یه‌ك ده‌گرن و تێركردنیان له ڕێگه‌ی هه‌ڵهێنجانی ویسته سه‌ره‌كییه‌كان له‌م كۆمه‌ڵگه ده‌زانرێت، ئه‌مه‌ش كارێكی ئه‌سته‌م و قورسه. پرسی یه‌كگرتنی تاك و كۆمه‌ڵگه، وێناكردنێكی بێبنه‌ما نییه و پشتئه‌ستووره به واقیع، ئه‌و واقیعه‌ی كه فراوانبوونی دۆخی نامۆبوونی مرۆڤه‌كان له كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی پیشه‌سازی ئاراسته ده‌كات و به‌ته‌واوی لایه‌نێكی بابه‌تییانه‌ی هه‌یه. له كۆمه‌ڵگه‌ی سه‌رمایه‌داری، كاركردن نه‌ك ته‌نیا كاڵاكان به‌رهه‌م ده‌هێنێت، به‌ڵكو هه‌روه‌ها كرێكاره‌كانیش وه‌ك كاڵایان لێ دێت و كرێكار ده‌بێته كاڵایه‌كی هه‌رزانتر به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی خۆی به‌رهه‌می ده‌هێنێت و ئاستی هۆشیاریشی تا دێت له كورتی ده‌دا و نه‌ك ته‌نیا كاركردنی خۆی له‌ده‌ستده‌دات، له ڕووی فیزیكی و ڕووحانییه‌وه‌ش ده‌بێته ئامێر، به‌ڵكو هه‌روه‌ها خود و مرۆڤایه‌تیی خۆیشی ده‌فرۆشێت (Marcuse، 2007: 14-15).
ماركۆزه ئایدیای تێکەڵکردنی هونەر و ژیان و هۆشیاری و زاڵبوون بەسەر نامۆبووندا لە ڕێگەی هاوپەیمانییەوە بەرەو کۆمەڵگایەکی هاوسەنگ ئاراسته كرد. مارکۆزه لە تێزه‌كه‌ی خۆیدا به ناونیشانی “تیۆری گێڕانەوەی ئەدەبی ئەڵمانی”دا زۆرجار باس لە یاخیبوونی هونەری دەکات وەک ڕەتکردنەوەی هۆشیارانەی کۆمەڵگەی بۆرژوازی و سیستەمی سەرمایەداری کە فۆرمەکانی پێشووی ژیانی لەناوبردبوو، هه‌روه‌ها بەربەستی تازه‌شی بۆ دۆزینەوەی نامۆبوونی هونەری دروستکردبوو(Marcuse، 2007: 13).
ماركۆزه لە کتێبی “مرۆڤی تاكڕەهەندی”دا دەنووسێت: تا ئەو شوێنەی پەیوەندی بە حه‌قیقه‌تێكی دیاریکراوەوە هەیە، بیرکردنەوە و ڕەفتار و هۆشیارییەکی ساختە هاندەدەن کە یارمەتیدەرە بۆ پاراستنی سیسته‌می ساختەی واقیع و لەگەڵیدا دەگونجێت. ئەم هۆشیارییە درۆینەیە لە شێوەی ئامرازە تەکنیکییە زاڵه‌كان دەردەکەوێت، کە لە بەرامبەردا، بەرهەمهێنەری ئەم هۆشیارییە درۆینەیەن. بە بڕوای مارکۆزه، ئەم جۆرە لایەنگری و هۆشیارییە درۆینەیه، دەرئەنجامی سیاسیی قووڵی هەیە. ئازاد دەبەن و ڕێگای بەدیهێنانی بەهرە مرۆییەکانیان دەگرن، کە بەهۆی پێشکەوتنی کۆمەڵگا پیشەسازییەکان بووەتە مه‌حاڵ. ئەرک و خواست و بەڵێنی تیۆرە سیاسییەکانیش بریتییه له ڕزگارکردنی مرۆڤایەتیی لە لایەنگری و پاشان لە سیستەمی کۆمەڵایەتی ستەمکار. ئەو تێڕوانینە فیکرییە جدییەی کە لە تیۆری سیاسی‌دا شاراوەتەوە، هێزێکی چەوسێنەرە کە مرۆڤایەتی دەتوانێت ئازادی ڕاستەقینە بەدەستبهێنێت. وێڕای ئه‌وه‌ش ده‌توانین بڵێین یەکێک لەو دیاردە گرنگانەی کە دەبێتە هۆی ڕەفتاری تاكڕه‌هه‌ندی، ئامرازەکانی پەیوەندیی جەماوەری و سەرگەرمی و پیشەسازییە کات بەفیڕۆدەرەکانە کە داهێنان و بیرکردنەوەی تاکەکەسی لەناو دەبەن. هه‌ر بۆیه ماركۆزه له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت ڕیکلامی ئەمڕۆ لە ڕێگەی ئامرازەکانی پەیوەندیی جەماوەرییەوە، هەوڵ نادات ڕاست لە ناڕاست و حه‌قیقه‌ت لە ساخته و درۆینه جیا بكاته‌وه. گوێ‌گران بێ بیرکردنەوە و سەرنجدان ده‌وروژێن. بۆیە تێگه‌یشتنی نوێ و هۆشیارییه‌كی ڕاسته‌قینه لە بیرکردنەوەکانیاندا دەرناکەوێت.
لە سەرەتای سەدەی حه‌ڤده، فەلسەفە بە تەواوه‌تی وزه و بنەماکانی چینی ناوەڕاستی تازەپێگەیشتووی هەڵمژیبوو. ئەقڵ ببوو بە دروشمی ڕەخنەیی ئەم چینە، ئەو دروشمەی کە ئەم چینە شەڕیان لەگەڵ هەر شتێک ده‌كرد کە ڕێگری لە گەشەسەندنی سیاسی و ئابووری بكردایه. ئەم دەستەواژەیە لە شەڕی زانست و فەلسەفەدا دژ بە کەنیسە، لە هێرشی ڕۆشنگەری فەرەنسی دژ بە ستەمکاریی ڕەها و لە مشتومڕی نێوان لیبرالیزم و مەرکانتیلیزمدا، لەم سەردەمی ئەقڵانیه‌ته‌دا، هیچ پێناسەیەکی ڕوون و دیاریکراوی نەبووە و مانای ئەقڵانیه‌ت به‌مانای گۆڕینی بنەمای چینایەتیی بوو، گۆڕینی پێگه‌ی چینی مامناوەند. تایبەتمەندییەکانی ئەقڵانه‌یت لە ڕوانگەی ماركۆزه بریتین له:
یه‌كه‌م: مەرج نییە چەمکی ئەقڵ دژی ئایین بێت، بەڵکو دەبێت سەرەتا دونیا بە کردەی ژیرانەی مرۆڤ بدۆزرێتەوە و بگۆڕدرێت. سروشت لە بونیاده ڕاستەقینەکەیدا، بە شێوەیەکی شیاو لەبەرچاو دەگیرا.
دووه‌م: ئەقڵی مرۆیی بەشێوەیەک ڕوونکرایەوە کە چیتر بە سیستەمێکی پێشوەختە دامەزراو، جا سیستمێکی کۆمەڵایەتی بێت یان سیستەمێکی تر سنووردار نابێت، بەم شێوەیە وەدیهاتنی ئەقڵ بە مانای کۆتاییهاتنی هه‌موو جۆرێك لە دەسەڵاتی دەرەکی بوو.
سێیه‌م: ئەقڵ به‌مانای گشتگیرییه.
چواره‌م: فیکر نەک هەر فرەچەشنی جیهانی سروشتی بەڵکو فرەچەشنی جیهانی کۆمەڵایەتی و مێژووییش یەک دەخات. ناسینی بیرکردنەوە، واتە سەرچاوەی گشتێتی مانا، لە هەموو مرۆڤەکاندا وەک یەکە، چەمکی ئەقڵ ئاماژەیە بۆ مامەڵەکردن بەپێی ئەقڵ. یەکێکی تر لە کێشەکانی جیهانی تاکڕەهەندی پەیوەندی نێوان ئەقڵانیزم و جیهانی فیکر و زانستە، شیكردنه‌وه‌كانی ماركۆزه و ئەندامانی تری قوتابخانەی فرانکفۆرت بۆ چەمکی ئەقڵئامرازی، سوودوه‌رگرتن بوو لە تێڕوانینەکانی ماکس ڤێبەر سەبارەت بە ئەقڵانیەت، ئه‌و خاڵه‌ی كه دیدی ڤێبه‌ری به خۆیه‌وه سه‌رقاڵ كرد و هەوڵیدا ڕوونی بکاتەوە بریتییه له ئەقڵانیزمی نوێی ڕۆژئاوا، کە بە بۆچوونی ئەو لە هیچ شارستانیەتێکی دیکەدا نادۆزرێتەوە.
یەکێک لە لێکچوونەکانی دیدگای ڤێبەر و بۆچوونەکانی قوتابخانەی ڕەخنەیی ئەوەیە کە لە هەردوو ڕوانگەدا، ئەقڵانییەتی تەکنیکی یان به‌ئەقڵانیکردن وەک تاکە هێزێک وێنا دەکرێن کە کۆمەڵگا لەقاڵب دەدەن، کە بە جۆرێک لۆژیکی ناوه‌كیكراو و شێوه‌ی كۆمه‌ڵگه دروست ده‌كه‌ن.
ڤێبەر سروشتی تایبەتی کێشەدارانەی واقیعی سەردەمی ئێمە بە “ئەقڵانییەت” کورت دەکاتەوە. بە بڕوای ڤێبەر، ئەو ئەقڵانیەتەی کە لە ئەنجامی پرۆسەی گشتی به‌ئەقڵانیکردنی تەواوی ژیانمانەوە دێتە ئاراوە، بە ڕوونی “نائەقڵانی” و تێنەگەیشتنە. لەبەر ئەم هۆکارە، هەرچەندە بۆ نموونە، پارەپەیداکردن بۆ مەبەستی خۆپاراستن شتێکی لۆژیکی و ئەقڵانییە، بەڵام ئەو حاڵەتە ئەقڵانییە ڕوون و ئەقڵانییەی پارە پەیداکردن لە پێناوی پارەدا (کە خۆی لە خۆیدا بە ئامانجێک دادەنرێت) ئەوەیە كه بە ڕوونی نائەقڵانییە. هەروەها ڤێبەر بە ڕوونی دەڵێت زۆر پێویسته کە هەموو ئەقڵانیکردنێکی ڕادیکاڵ، نائەقڵانییەت دروست بکات.