چوارشەممە، 05-03-2025، شاندی پارتی دیموکراتی کوردستان کە بە سەردانێکی فەرمی لە چینە، لە یەکەم ڕۆژی بەرنامەی کارەکانیدا، سەردانی پەیمانگەی حزبی کۆمۆنیستی چین و پەیمانگەی بەڕێوەبردنی لە شاری شەنگەهای کرد.
شاندەکەی پارتی لە لایەن وان یوجی، سەرپەرشتی پەیمانگەی حزبەکە پێشوازییان لێ کرا. وان یوجی، بەخێرهێنانی شاندەکەی کرد و دواتر پوختەیەکی لەسەر دامەزراوەکەیانی باس کرد. پاشان، د. هێمن هەورامی، سەرۆکی شاندی پارتی سوپاسی بانگهێشتکردن و ئەو پێشوازییە گەرمەی کرد.
هەر لەو چوارچێوەیەدا، هەورامی داوای کرد، شاندێکی پەیمانگەکە سەردانی کوردستان بکەن بۆ قووڵکردنەوەی پەیوەندییەکان و سوود وەرگرتی لە ئەزموونی سەرکەوتووی پەروەردە و پێگەیاندنی حزبی کۆمۆنیستی چینی.
لە تەوەری دووەمی سەردانەکەدا بۆ پەیمانگەکە، سیمیناریێک لەلایەن د. هاو، مامۆستای پەیمانگەکە بە ناونیشانی (دەستکەوتەکانی وڵاتی چین، لە گەشەسەندنی خێرا بۆ گەشەسەندنی کوالێتیی بەرز) پێشکەش کرا.
لە کۆتاییدا پرسیار و گفتوگۆ ڕاگۆڕینەوە و دیاری لەلایەن هەردوو لایەنەوە پێشکەش بە یەك کرا.