خوسرهو جاف
ستۆدیۆی ‘ژمارە دە’ بەرنامەیەکی ڕۆژانە ڕادیۆی جەماھیرە ڕۆژانە لە کاتژمێری دەی بەیانیان بڵاو دەکرێتەوە، ئەو بەرنامەیە زۆرتر باسی بیروڕای کۆمەڵایەتی و دنیای ڕۆشنبیری دەدوێ و لە سیاسەتەوە بەدوورە.
ھەر ڕۆژێک لەگەڵ کەسێکی ناسراوی دنیای ڕۆشنبیریدا گفتوگۆ دەکەن، زۆر پەیوەندییان لەگەڵ کردم تا بمدوێنن نەدەچوومە ژێر باری گفتوگۆ.
لێژنەی سینەما و شانۆی عێراق بە بۆنەی نەورۆزەوە کۆڕێکیان بۆ کردم خەڵکانێکی زۆری دنیای ڕۆشنبیرییان لێ کۆ کردمەوە ھەر لەو کۆڕەدا بەرپرسانی ستۆدیۆی ‘دە’یش لەوێ بوون پیاما ئاڵان و سەر ئەنجام رەزامەندیم دا تا وتووێژیان لەگەڵدا بکەم لە ڕۆژ و کاتی دابینکراو دا ئامادە بووم تمەز خەڵکانێکی ھەر یەكجار زۆریان ئاگادار کردبوویەوە، ئیتر پرسیار یەک بەدوای یەکدا دوو کاتژمێری رەبەقی گفتوگۆ و وەڵامدانەوە وام لێ هات سەرم وەک ئاشە مەکینەی لێ ھاتبوو.
ئەوی لەو کۆمەڵە پرسیارانە سەرنجی ڕاکێشام دەمارگرژیەکی ئاڵۆزم لەبیر ناچێ ئەگەرچی لە وەڵامیدا بۆم روون کردەوە و خۆیشم رووت کردەوە نەمویست زۆرتر فاشیلی کەم، ئەو دەیوت ئەو جەژنی نەورۆزەی ئێوەیە کوتومت بیروبۆچوونێکی مەجوسییە نەک لەگەڵ ئایینی پیرۆزی ئیسلامدا ناگونجێت، بەڵکوو دژمنایەتی دەکات و کار و کردەوەیەکی زندیقانەیە .
لە وەڵامیدا جارێک تۆ لە وشەی زندیق گەڕێ، نەورۆز سەرەتاکانی بەشەریەت زنجیرە شاخی زاگرۆس زۆر سارد بووە کە زستان دەھات ئیتر ئەوەی لەو زنجیرە چیایانەدا دەژیا دڵنیا نەبووە، کە ئەم زستانەی بە سەلامەت لێ دەگوزەرێ کە بەفر و بارانێکی زۆر ترسی مەرگ، یا لە برسا یان لە سەرما مەترسی مەرگی لەسەر بووە. ھەرکەسێک لەناو ئەو زنجیرە شاخە بۆ یەکەم جار چاوی کەوتبایەتە سەر رێچکەی ئاو لە ژێر بەفرەوە وەدەر ھاتووە. ئەوا تێپەڕبوونی سەرماو سۆڵە زانیوە کەوا زستانی بەسەرچووە ئازا خۆی گەیاندووە بڵندی شاخەکەی نزیکی خۆی و ئاگرێکی کردووهتەوە وەک گەیاندنی ھەواڵ. بەڵێ ئەم وەرزەش لە گرفتی زستان ڕزگارمان بووە ئەوەی لە دوور ئەو ئاگرەی دەدیت ئەویش لەسەر پۆپەی شاخی نزیکی خۆی ئاگری کردۆتەوە بەڵێ وا زستان کۆتایی پێ ھاتووە ئیتر ھەروا ئاگر کراوەتەوە بۆ گەیاندنی ھەواڵی تێپەربوونی زستان ئەم حاڵەتە چوار ھەزار ساڵ لە پێش ئایینی زەردەشتەوە ئەو ئاگرکردنەوە وەک مۆبایلی ئێستا وا بووەو تەنھا بۆ ھەواڵ گەیاندن بووە ناپرسی ئەو میللەتانەی وا چەژنی نەورۆز دەگێرن لەناویاندا ھەر کورد ئاگر دەکەنەوە و ئەوان نایکەنەوە وەک فارس، ئەفغان میللەتانی ناوەڕاستی ئاسیا یان ژمارەیەکی زۆری وڵاتی ھندوستان و ھیچ یەک لەوانە لە نەورۆزدا ئاگر ناکەنەوە لە پەیڕەوی ئایینی زەردەشتی بوونە، چونکە سەرەتای ھەواڵەکە لە کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە و ھیچ پەیوەندیەکی بە ئەفسانەی کاوە و زوحاکەوە نە ھەبووە و نە ھەیە. تەنھا بۆ گۆڕانکاری واقعیەتێکی جوگرافی بووە و بەس؛ ئەمەم بۆ ئەو برادەرە گێڕایەوە بۆیە وتم لێم گەڕێ با بێمەوە سەر وشەی زندقی لای تۆ؛ بنچینەی وشەی زندیق لە سەرەتاوە باش گوێ بگرە لە وەتەی مرۆڤ خۆڵقاوە نەیتوانیوە بێ خوا بژیێ بەڵام ھەشبوونە دژایەتی ئەو بۆچوونەیان کردووە و داویانە لەبنی ھەوانەکە و باوەڕیان بە خوا نەبووە و، لەو ڕووەوە ململانێ و شەڕەقۆچ بەردەوام بووە تا گەیشتووەتە ئێستای ئێمەش مرۆڤیش بە ھەردوو بۆچوونەکەوە ڕاھاتووە.
زەندەقیەت جێی خۆشکەری پهیڕهوانی بیروبۆچونی مادیگەریە لە سەردەمی زنجیرە دەسەڵاتی ساسانیدا کە چوارسەد ساڵی کێشاوە لەو سەردەمەیدا مەزدەکیەت وەک بیروبۆچوونێکی ئایینی ھاتە ئاراوە وە تا رادەیەک تەنگی بە دەسەڵاتدارانی ساسانی و موغەکانی ئایینی زەردەشتی ھەڵچنی، زۆر لە خەڵکە مەحرووم و ھەژارەکە پهیڕهوییان لەو ئایینە کرد و بەھەوای دابەشکردنی دارایی و دەسەڵات و ھەتاوەکوو ئافرەت مێینەش لە ڕێی ئایینی مەزدەکدا یەکێک بووە لە خاڵە سەرەکیەکان و، ڕۆژ بە ڕۆژ جێگەیان بە ئایینی زەردەشت چۆڵ کردووە تا سەردەمی “نەوشێروان” کە دەسەڵاتی بەدەستەوە گرت کەوتە قەلەپاچەی چاوساقانی ئایینی مەزدەکی زۆربەیانی لەناو ئاگر زیندووزیندوو دەسووتاند بەسەر ئەوەشدا بیروبۆچوونی مەزدەکی نەتوانرا بنبڕ بکرێت و ھەرمایەوە خەڵکە رەشوڕووتە مەحروومەکە مایەوە ئەوە بووە ھەوێنی ھەر ڕاپەرینێک دژ بە دەسەڵاتی ناوەندی وەک:
ئیبنموقەفەع، قولەکانی خوارەوەی عێراق، شۆڕشی چەکدارانی قرمتیان تەواوی ئەوانە ڕاستەوخۆ دژمنی سەرسەختی ئیسلامگەرای بوونەو ھەر ئایینێکی یەکتاپەرستی بێت. دەربارەی وشەی ( زندیق ) زۆر وتراوە، بەڵام زۆر لە چاوساقانی ئەو بوارە لایان وا بووە ئەو وشەیە (موعەرەب) کراوە لە وشەی (زندیک)ـەوە وەرگیراوە، (زند) ناوی کتاوێکە مەزدەک نوسیویەتی دژ بە (ئاڤێستا)ی زەردەشت ھەر ئەو کتاوە ئەوی موغی زەردەشتی بووە، یان دەسەڵاتدارانی پهیڕهوی ئایینی زەردەشتیان بووە ھەر ھەموویانی تورەو ئاڵۆز کردبوو بە نیشانەی بێ دینی و کوفر و تاوان ناسیوە .
(زند) بە زندیک ناو براون کە بە بێدین و بێئایین دەستنیشان کراون. لە دوای بڵاوبونەوە ئایینی ئیسلام ئەوی (زەردەشتی و مانی و مەزدەک) ھەبوونە بە (زندیق) ناو براون.
لە سەردەمی دەسەڵاتی عەباسیەکاندا وشەی (زندیق) چەند توێژێکی تری گرتۆتەوە بەتایبەت ئەوانەی پهیڕهوی بیروبۆچوونی عیلمی و میتافیزی بوون لەم ڕووەوە (رازی) دەڵێت زەنادقە ئەوانەی تێکڕا دەربارەی شەریعەت و ئایینی پەیامبەر و (گۆڕ) و عزرائیل ھەر ھەموو بە وڕێنە دادەندرێن و بنەمایەکی زانستیان بۆ دانەناوە و خودی پێغەمبەریش بە حەکیم دادەنێن نەک خاوەنی ریسالەی ئاسمانی .
لەوە دەچێ بیروبۆچوونی (زەندەقە) و فەلسەفییەکان لەبەر دەمارگرژیی ئایینی لە مێژدا ڕێگە لێ گیراون و ماوەی وتووێژیان پێ نەدراوە بە جۆرێکی پر لە دڵڕەقی کوژراون، ھەڵواسراون، پەلپەل کراون، ھەرچی نووسینیان ھەبووە سووتێنراوە.
لە سەردەمی دەسەڵاتی ئەمەویەکاندا کۆمەڵێک پەیدابوون بەناوی (الدھریە) لایان وابووە کە مرۆڤ بمرێ زیندووبوونەوەی لە ئارادا نییە زەمانیش ھەتا ھەتایەو باوەڕیشیان بەخودا ھەبووە .
لە سەردەمی عەباسیەکاندا وەرگێڕان کرایە باو بە تایبەت لە بوارە زانستیەکاندا ھەروەھا فەلسەفە، ئەستێرەناسین، ھەندەسە، کیمیا، میکانیکا، جەبر، ریازیات، ئەو تەقالانە ڕۆژ بە ڕۆژ کەوتنە بەرچاو ئاستی ڕۆشنبیری زۆر بەرز بوویەوە، سەرئەنجام فەلسەفەی مادیگەرا خولیای خەڵکێکی زۆربەی بەخۆیەوە خەریک کرد، کۆمەڵهی (موعتەزیلە) ھاتە مەیدانەوە، بەڵام دەربارەی خەلیفە و سیستەمی فیودالیهوه نەکوشتن و بڕینی ئەو جۆرە کۆمەڵانە دڕێخییان نەدەکرد و دەستوەشێنانە رەفتاریان لەگەڵدا کردوون، ئێستاش لەو کەسانە کە زاتەن یاخین لە تەواوی بوارەکاندا لە کۆمەڵگای ئیمڕۆی ئێمەدا زۆرن، لەبیرت نەچێت یاخیگەری خەسڵەتێکی شاراوەی ھەر کەس و زۆر لە میللەتانە ھەی لەو ڕۆژەی خەڵکە زۆرەکە یاخی بن.