ئیکۆی دڵ بۆ منداڵان

گرنگە لە ماوەی دووگیانی و دوای لەدایکبوونی کۆرپە، پشکنینی پێشوەختە بۆ تەندروستیی دڵی منداڵ بکرێت و، ئەگەر هەر کێشەیەک هەبوو، زوو چارەسەر بکرێت. رێکخراوی تەندروستیی جیهانیش پشکنینی پێشوەختە بۆ دڵی کۆرپەلە بەگرنگ دەزانێت.

د. محەمەد كەریم هەورامی پسپۆڕ لە نەخۆشیەکانی منداڵان و تازەلەدایکبووان، بۆردی عێراقی (دکتۆرا) پسپۆڕی ورد لە نەخۆشیەکانی دڵی منداڵان و قەستەرە و ئیکۆی دڵ، دەربارەی ئەوەی کەی پێویستە پشکنینی ئیکۆی دڵ بکرێت بۆ منداڵان ڕوونی دەكاتەوە:

1. ئەگەر نەخۆشەکە شینبوونەوەی هەبوو.

2. ئەگەر زوو ماندوو بوو یان هەناسەی توند بوو یان هەناسەی خێرا بوو لە کاتی شیرخواردن یان یاریکردن.

3. دواکەوتنی گەشەی منداڵ بەتایبەتی ئەگەر کێشی زیادی نەکرد.

4. زوو زوو توشی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە ببێ.

5. لە پشکنیندا دەرکەوت دەنگی ناسروشتی لەگەڵ لێدانی دڵی هەیە.

6. ئەگەر یەکێک لە باوانی منداڵەکە یان منداڵێکی تری ئەو خێزانە نەخۆشی زگماکی دڵی هەبوو وەک کونی دڵ.

7. ئەگەر دایکی منداڵەکە نەخۆشینی شەکرەی هەبێ یان دەرمانی بەکارهێنابێ لەکاتی سکپڕێ بەبێ ڕێنماییی پزیشک.

8. ئەگەر منداڵەکە تێکچونێکی زکماکی تری هەبێ وەک لێوی کەروێشکی و کونی مەڵاشوو یان پەنجەکانی ناڕێک بن یان زیاد بن.

9. ئەگەر نەخۆشەکە ناڕێکی جینات یان ناڕێکی کرۆمۆسۆمی هەبێ وەک منداڵی داون (مەنگۆلی).

10.  ئەو پزیشكە پسپۆڕە ڕوونیشی دەكاتەوە كە چەند نیشانەیەکی تریش هەن کە پزیشک لەکاتی بینی نەخۆشەکە بڕیار ئەدات کە ئەو منداڵە ئەبێ ئیکۆی دڵی بۆ بکرێ.

دەربارەی چارەسەری ئەم نەخۆشیانە چیە بە شێوەیەکی گشتی د. محەمەد كەریم هەورامی دەڵێت:

1. بەشێکی زۆریان تەنها چاودێری ئەکرێن لەلایەن پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشیەکانی دڵ و بە تەواوەتی چاک ئەبنەوە یان ماکی تریان لێ دەر ئەکەوێ و چارەسەری پێویستیان بۆ دائەنرێ

2. ئەکرێ لە ڕێگەی دەرمانەوە چارەسەری نەخۆشیەکە بکرێ بۆ هەندێکی تایبەتی ئەم نەخۆشیانە

3. قەستەرەی دڵی منداڵان یەکێکە لە تازەترین و پێشکەوتوو ترین ڕێگەکانی چارەسەر و هەڵبژاردەی یەکەمە پێش نەشتەرگەری دڵی کراوەو ڕێگەیەکی تاڕادەیەکی باش سەرکەوتووە وەک داخستنی کونی دڵ بە قەستەرە و فراوانکردنی زمانە تەسکەکانی دڵ بە قەستەرە.

4. نەشتەرگەری دڵی کراوە بۆ حاڵەتە قورس و ئاڵۆزەکان .