هەولێر و کۆڵن دوو شاری کولتووری جوان، لە یەکچوو، جیاوازیی

-هەولێر (اربیل): یەکێک لە کۆنترین شارەکانی کوردستان و جیهانە، کە بەردەوام ژیانی تێدا هەبووە، مێژووەکەی بۆ سەرووی شەش هەزار ساڵ دەگەڕێتەوە. هەر لە کۆنەوە ناوەندێکی گرنگ بووە لە ناوچەکە (میزۆپۆتامیا) لە هەموو سەردەمەکان ڕۆڵێکی گرنگی هەبووە هەر لە سەردەمی سۆمەریەکان، ئاشوورییەکان، مادەکان، فارسەکان، تا هاتنی ئیسلام.

قەڵای هەولێر کە ئێستا میراتی جیهانییە سەر بە یونسکۆیە، هێمای مێژوویی شارەکە و هێمای سەرکەوتن و مانەوەی شارەکەیە.

-کۆڵن: پێش ٢٠٠٠ ساڵ لەلایەن ڕۆمەکانەوە بە ناوی (کۆلۆنیا کلاودیا ئارا ئاگریپینزیۆم) دروستکراوە و کۆنترین شاری ئەڵمانیایە، شاری کۆلن بنکەیەکی گرنگی ڕۆمەکان بووە و دواتر بووەتە ناوەندی ئایینی مەسیحی لە ئەوروپا. کلێسای کۆڵن ( کۆلنە دۆم) کە ئەویش میراتی جیهانی یونسکۆیە، ئەو کلێسایە بەناوبانگترین تەلار و هێمای مێژووی سەدەی ناوەڕاست و ئایینی شارەکەیە.

گرنگی جوگرافی 

-هەولێر: دەکەوێتە باشووری کوردستان و باکووری عێراق، ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، لە دەشتاییەکی ستراتیژی نێوان ئاسیا و ئەوروپادایە. لەڕووی مێژووییەوە ناوەندێکی گرنگی بازرگانی بووە و بەردەوام کاروانەکان پێدا تێپەڕیون، دەکەوێتە سەر ڕێگای ئاوریشم. جگە لە دەشتە بە پیت و بەرەکەتەکەی کە خاوەن بەروبوومێکی زۆری دانەوێلە و لەوەڕگەیەکی پان و بەرینی مەڕدارییە، لە باکوورەوە خاوەن ناوچەیەکی شاخاوییە سروشتەکی جوان و لە ڕووی گەشتیارییەوە گرنگی تایبەتی بە شاری هەولێر بەخشیوە. هەولێر لە ئێستادا بۆتە خاوەنی بەنداوێکی مەزن و جوان.

-کۆڵن: دەکەوێتە ڕۆژئاوای ئەڵمانیا لەسەر ڕووباری ڕاین، یەکێکە لە گرنگترین ڕووبارەکانی ئەوروپا، ئەم ڕووبارە کۆڵن بە زۆربەی شارەکانی دیکەی ئەڵمانیا بە یەکەوە دەبەستێتەوە کە دەکەونە سەر ئەو ڕووبارە. ڕۆڵێکی گرنگی بازرگانی هەیە بۆ کۆڵن. کۆڵن ناوەندێکی بازرگانی بووە لە سەدەکانی ناوەڕاست و ئێستادا، بە هۆی شوێنی جوگرافییەوە لەڕێگەی هێڵی ئاسنەوە بە زۆربەی وڵاتانی ئەوروپاوە بەستراوەتەوە

 تەلارسازی و دیمەنی شار

-هەولێر: تایبەتمەندە بە قەڵا و گەڕەکە کۆنەکانی وەک گەڕەکی ( تعجیل، تەیراوە، سێتاقان، عەرەبان، خانەقا، باداوە، هتد. هەروەها عەنکاوە سەر بە هەولێرە، بەڵام گەڕەکێک نییە. دوای دوو هەزارەکان هەولێر سیمایەکی مۆدێرنی وەرگرتووە بە باڵەخانەی بەرز و هۆتێل و خواردنگە و قاوەخانەی ناوازە تێکەڵەیەک لە تەلارسازی کۆن و مۆدێرنیتەی تێدا دروست بووە.

-کۆڵن: بە تەلارسازی گۆتیک ناسراوە، بەتایبەتی کۆڵنە دۆم، بە هەمان شێواە تێکەڵەیەک لە تەلارە مێژووییەکان وەک شورایی شار کە هی سەدەی ناوەڕاست و تەلارسازی مۆدێرن لە دوای جەنگ، چۆنکە کۆڵن لە جەنگی دووەمی جیهانیدا بە تەواوی وێران بوو، بەڵام دوای شەڕ جوانترکراوە.

لەرووی کولتوری و ئایینییەوە

-هەولێر: خاوەنی ئایین و کولتووری هەمەچەشنە، لە ژێر کاریگەری ئیسلام و مەسیحییەت و بیروباوەڕی کۆنی ئاشوری و سۆمەری و ئەکەدی سریانی پەرەیسەندووە و تا ئێستاش شاری بەیەکەوە ژیان و کولتور و ئایینە جیاوازەکانە، بەڵام ناسنامەیەکی کوردیی هەیە. هەموو کەمە نەتەوە و ئایینەکان خاوەن تایبەتمەندی خۆیانن وەک زمان و بۆنە ئایینییەکان و نەریتی خۆیان. هەولێر شێوەزاری خۆی هەیە و لە هەر شوێنێک هەولێرییەک قسە بکات بە شێوەزارەکەی دەناسرێتەوە. ساڵانە لە هەولێر مەولودی پێغەمبەر بە شێوەیەکی زۆر تایبەت بەڕێوەدەچێت کە هەموو شار دەڕازێتەوە و خواردن و خواردنەوە بە خۆڕایی دابەش دەکرێ بە تایبەتی شیرنەمەنی. لە هیچ شێوێنک و وڵاتێکی ئیسڵامی ئەوها یادی پێغەمبەر ناکرێتەوە. لە هەولێر ساڵانە چەندان پێشانگای نێودەوڵەتی جیاواز دەکرێتەوە وەک پێشانگای خانووبەرە، ئوتومبێل، کشتوکاڵ، بەرهەمی جۆراوجۆر، بەڵام لە هەمووی گرنگتر و گەورەتر پێشانگای نێودەوڵەتی کتێبە، کە لە عێراق بێ ڕکابەرە. جگە لەمانە هەولێر خاوەن چەندان زانکۆیە وەک زانکۆ سەلاحەددین، زانکۆی پۆلیتەکنیک، زانکۆی پزیشکی، زانکۆی سۆران، زانکۆی کۆیە، لەگەڵ کۆمەڵێک زانکۆی ئەهلی وەک (کوردستان، تیشک، نۆلیج، جیهان، حەیات، شاهانەی بەریتانی، لوبنانی فەرەنسی، ئەڕبیلی نێودەوڵەتی. خاوەن فڕۆکەخانەیەکی نێودەوڵەتی بەناوبانگە.

-کۆڵن: سەنتەری ئایینی مەسیحییە لە ئەڵمانیا بەتایبەتی ڕێبازی کاسۆلیکی. شێوەزاری خۆی هەیە کە پێدەڵێن (کۆڵیش) زۆرترین ڕێژەیی کەمە نەتەوە و ئایینەکانی ئەڵمانیا لە کۆڵنە، هەروەها کەرنەڤاڵی کۆڵن یەکێکە لە بۆنە بەناوبانگەکانی کۆڵن لە زۆربەی شار و وڵاتان خەڵک ڕوو لە کۆڵن دەکەن بۆ بەشداریکردن لەو کەرنەڤاڵە، چەندان پێشانگای نێودەوڵەتی ساڵانە لە کۆڵن دەکرێتەوە وەک ( پێشانگای هونەر(کۆڵنە ئارت)، فیتنەس – کەرستەی وەرزشی، شیرینی، یاری. هتد) خاوەن زانکۆ و چەندان قوتابخانە و پەیمانگەی گرنگی هەیە لەم ڕووەوە لەسەر ئاستی ئەڵمانیا سێیەمە دوای بەرلین و مونشن. خاوەن سەنتەری میدیاییە و چەندان مۆزەخانەی مێژوویی و هونەری جۆراوجۆری هەیە. هەروەها جاز موزیکی کۆڵن بەناوبانگە.

ئەنجام

هەولێر و کۆڵن دوو شاری گرنگن و مێژوویەکی دوور و درێژ و سەرنجڕاکێشیان هەیە، بەڵام لە چوارچێوەی کولتوری و جوگرافی و مێژوویی جیاوازن. هەولێر وەک یەکێک لە کۆنترین شارەکانە کە بەردەوام خەڵک تێیدا نیشتەجێبوونە، نوێنەرایەتی لانکەی شارستانییەتە سەرەتاییەکان دەکات، سەرەڕای شەڕ و داگیرکردن لە ماوەی سی و سێ ساڵ ئەو گەشەیەی بە خۆیەوە بینیوە.

کۆڵن گەشەسەندنی ئەوروپا لە کۆنەوە تا سەدەکانی ناوەڕاست تا سەردەمی مۆدێرن نیشان دەدات. هەردوو شارەکە نموونەی فرەچەشنی کولتووری و خۆڕاگری مرۆڤایەتین. 

کۆڵن لە مۆزەخانە و کۆنسێرت و سیستمی هاتوچۆ لە پێش هەولێرە. هەولێر لە ئەمن و ئاسایش و ڕێژەیی دەوڵەمەند لە پێش کۆڵنە. کۆڵن ڕووباری بەناودا تێدەپەڕێ. هەلێر ڕووباری بە تەنیشتدا تێدەپەڕێ. کۆڵن سەوزایی لە هەولێر زیاترە. هەولێر سەیارەی زیاترە لە کۆڵن. هەولێر پایتەختە، کۆڵن پایتەخت نییە. کۆڵن دەیان سەنتەری فێربوونی زمانی ئەڵمانی هەیە. هەولێر دەیان سەنتەری فێربوونی زمانی ئینگلیزی هەیە، بەڵام تایبەت بە زمانی کوردی نییە.

کۆڵن کرێکارەکانی خۆی شارەکە پاک دەکەنەوە. هەولێر بەنگلادیشی پاکی دەکەنەوە. هەلێر مۆلی زیاترە لە کۆڵن. کۆڵن ساحەی تۆپی پێ و تێنس و باسکتبۆلی زیاترە لە هەولێر. هەولێر بە خواردنی دۆڵمە و ماست بەناوبانگە. کۆڵن بە پەتاتە خواردن و خواردنەوەی بیرە و دروستکردنی. لەگەڵ ئەوەش کە هەولێر و کۆڵن لە زۆر ڕووەوە لە یەکتر جیاوازن، بەڵام لەڕووی مێژوویی و کولتوری بەیەکەوە ژیان لە یەکدەچن، هەر شارە و خاوەن ناسنامە و تایبەتمەندی خۆیەتی.