سەركوولەكە گوتی گرێوت لەگەڵ دەكەم ناتوانی ئەو چیرۆكە
بنووسی و لە ناوەڕاستی چیرۆكەكەدا نەگری. منیش گوتم گرێوت
لەگەڵ دەكەم تۆش ناتوانی ئەو چیرۆكە ببیستی و لە كۆتاییدا پێنەكەنی،
من وەك هەمیشە گرێوەكەم دۆڕاند. سەر كوولەكە،
وەك هەمیشە گرێوەكەی بردەوە.
بۆ خوشكەكانم
عیدی خەپل پێمدەڵێ: «سەركوولەكە.» دادە مەنیژە پێمدەڵێ «تۆ هەم سەر كوولەكەی و هەمیش گوێ درێژ.» دەڵێ: «تۆ كەری. كەرێكی لەندەهۆری بۆندڕن.» دایكم پێمدەڵێ من جوانترین منداڵی دونیام و تەنیا كەللەی سەرم هەندێك گەورەیە. دایكم راست ناكا. دەیەوێ من نیگەران نەبم. من بۆخۆم دەزانم هەم كەللەی سەرم زۆر گەورەیە و هەمیش گوێچكەكانم. تازە وا زمانیشم هەڵدەنگوێ. كاتێ دەمەوێ قسەیەك بە مەنیژە بڵێم ئەوەندە درێژە دەكێشێ كە بۆخۆشم پەست و ماندوو دەبم. چ بگا بە مەنیژە. من بابم نەماوە. بابم سێ هاوین لەمەوبەر مرد.
نیوەڕۆ یەكێك لەو مێشومەگەسە سەوزە پیسانەم كوشت، بەردەوام بەسەری لووتمەوە دەنیشت. بەسەر قلینچكی چاوانمەوە. كوشتم و دواتر دەرزییە سنجاقەكەی سەری دادە مەنیژەم لە سكی راكرد. مەنیژە گوتی: «بكووژ. مرۆڤكووژ!» گوتی: «خوا لە ئاگری دۆزەخت داوێ.» خەریك بوو پرچی دادێنا كە ئەوەی گوت. قژی سەری مەنیژە ئەوەندە درێژە دەگاتە سەر ئەژنۆ و رەفیسكانی. درێژ و نەرم و لووس و رەنگ ئاڵتوونی. واتا نەك زۆریش ئاڵتوونی كەمێك ئاڵتوونی. كاتێ خەریكە پرچی دادێنێ دادەنیشێ و پرچەكانی دەخاتە سەر كۆشی و ئەوجار بە شانە دایاندێنێ. دەڵێی خەریكە دەست بەسەری پشیلەكەی عیدی خەپلدا دێنێ و دەیلاوێنێتەوە دەكا. مەنیژە هەرگیز ناهێڵێ من پرچی بۆ دابێنم. دەڵێ دەستی من پیسن. پێمدەڵێ بڕۆم شانەیەك لە پرچی خۆم بدەم. بەڵام سەری من مووی پێوە نییە. واتا قژی سەرم كورتە. زۆریش كورت. دووبارە دەڵێ: «بۆچی كوشتت؟! پیاوكووژ!» دەمەویست بڵێم: «ئاخر بە دەمولووتمەوە دەنیشت. تازە، بەڵام خۆ مێش مرۆڤ نییە.» وامنەگوت. هەزار ساڵ درێژەی دەكێشا ئەو شتانە بڵێم.
شەوانە لەسەر بان لەلای دادە مەنیژە دەخەوتم. مەنیژە حەفتاو پێنج دانە ئەستێرەی هەیە. منیش چل و دوو دانە. تا من ئەستێرەیەكی تازە بۆخۆم دەدۆزمەوە مەنیژە خێرا بۆخۆی دەیگرێ. مەنیژە هەموو ئەستێرە گەورە و گەشەكانی بۆخۆی گڕداون. شەوانە كاتێ دەمانەوێ بخەوین، من لەنێو تاریكاییدا بە ئەسپایی پرچەكانی دەخەمە نێو دەمم. مەنیژە حەزناكا بە زمانم یاری بە پرچی بكەم. ئەگەر بزانێ پرچیم خستۆتە نێو دەممەوە خێرا بە كەللەی سەرم دەكێشێ و تا سێ رۆژان قسانم لەگەڵ ناكا. تازە، دوای سێ رۆژەكەش پێم دەڵێ تا سێ ئەستێرەی خۆمی نەدەمێ لەگەڵم ئاشت نابێتەوە. هەر لەبەر ئەوەشە، رۆژ بەرۆژ ئەستێرەكانی من كەمتر دەبن و ئەستێرەكانی مەنیژەش زیاتر. بە دەست خۆم نییە، من پرچەكانی مەنیژەم لەهەر شتێكی ئەو دونیایە خۆشتر دەوێن. واتا سەرەتا پرچی مەنیژەم خۆشدەوێ و دواتر دایكم.. نەخێر، یەكەمجار دایكم خۆشدەوێ و دواتر پرچی مەنیژە و دواتریش ئەستێرەكان. هەندێك جار مەنیژە چەند گوڵێكی هەڵاڵە لە باخچەكە دەچنێ و لە پرچی خۆی دەدا. جارێك پێمگوت: «مەنیژە، خۆزگە من گوڵاڵەسوورە بام. خۆزگەم بە گوڵاڵەكان.»
دوێنێ ئێوارێ مەنیژە دەفتەری ئیملایەكەی بە توندی لەسەری عیدی خەپلە راكێشا. عیدی پێیگوتبووم مەنگۆل و مەنیژیش بە توندی بەسەری كێشابوو، گوتبووی مەنگۆل بۆخۆیەتی و ئەو پشیلە ناشیرینە كلك بڕاوەی.
پشیلەكەی عیدی لە سەرەتاوە قوڵە بوو، واتا كلكی زۆر كورت بوو، كەس نەیدەزانی كەی كلكی بڕاوە، بەڵام عیدی دەیگوت كاری غولام گەماڵە. منیش هیچی لێ نازانم. مەبەستم ئەوەیە من هیچ نازانم. من تەنیا ئەوە دەزانم نان یان سەهۆڵ بكڕم. واتا پارەكانم دەدەم بە هەباس ئاغا و ئەویش نانەكەم دەخاتە سەر دەستی، منیش بۆ ئەوەی دەستم نەسووتێ نانەكە لەسەر سەرم دادەنێم. تا دەگەمەوە ماڵێ كەللەم وەك پۆلۆی سوور دەبێتەوە. ئەوە تەنها ئەو كاتانەی نانەكە گەرمە. كاتێ سەهۆڵیش دەكڕم هەر لەسەر سەرمی دادەنێم، بەڵام تا دەگەمەوە ماڵێ نیوەی دەتوێتەوە و كراسەكەم تەڕ دەبێ. جگە لەوانە من هیچ كارێك نازانم. تەنانەت نازانم ئەستێران بژمێرم، بەردەوام مەنیژە ئەستێرەكانم بۆ دەژمێرێ. تەنانەت من نازانم مەنگۆل بەمانای چییە. بەڵام دیارە كە قسەیەكی باش نییە، عیدی دەیگوت لەبەر ئەوەی گوێچكەكانم و كەللەم گەورەن شتێك نازانم. هەر لەبەر ئەوەیە هەندێ جار دەچمە بەر ئاوێنە و لە كەللەم رادەمێنم. لە گوێچكەكانم. قژم. هەندێك جاریش چاوان دادەخەم و هەردوو دەستم بەملاو لای سەرمەوە دەگرم هەڵی دەگووشم. ئەوەندەی دەگووشم تا وەئازار دەكەوێت و لە ئازاران خەریك دەبێ بچریكێنم، بەڵام ناچریكێنم. هەزارجاریش ئەو كارەم كردووە، بەڵكو كەللەم بچووكتر بێتەوە، بەڵام نابێتەوە.
شەوانی زستان دایكم بە رۆنی ماسی سەرم بۆ چەور دەكا، دەڵێ بەو شێوە كەمتر هەتاو سیرایەت لەسەرت دەكا. دایكم دەڵێ گەرمایی خۆر تەنیا بەندێكی قامكی ئاگری دۆزەخە. دەڵێ دۆزەخ چاڵێكی قووڵە، چاڵێكی زۆر گەورە كە هەزاران هەزار خۆریان خستۆتە ناوێ. دەڵێ بە دڵنیاییەوە من دەچمە بەهەشت. دەڵێ لەنێو بەهەشتدا ئیتر كەللەم گەورە نییە. ئیتر زمانم تەتەڵە ناكا و ناگیرێ. گوێچكەكانیشم بەهەمان ئەندازەی گوێچكەی خەڵكی دیكە دەبن.
لەبەر بەڕۆچكەی حەوشەكە راكشاوم، لە گڵۆپە رەنگاو ڕەنگەكان راماوم. شین. سوور. سەوز. زەرد. گیرفانی پانتۆڵەكەم پڕ كردوون لەبەرد. دایكم لە چێشتخانەكە خەریكی قاپ شۆردنە. مەنیژە لە بەر بێڵایی لەبەر ئاوێنە دانیشتووە و برۆیانی كورت دەكاتەوە. بۆ ئەو سەگبابەی. لەژێر لێوەوە نارەنارێك دەكات كە من بە باشی لێی حاڵی نابم. تەنیا جریوەی چۆلەكان دێ. لەو شوێنەوە كە من ورد دەبمەوە پرچی مەنیژە لەبەر رووناكایی كە لە ئاوێنەكەی بەر دەستییەوە شكاوەتەوە و لێی دەدا، دەتروسكێنەوە. چەند پشیلەیەكیش لەبەر بەڕۆچكەی حەوشەكە لە دەوروبەری من راكشاون.
هەزاران چۆلەكە بەسەر چڵی دارەكانەوە دەجریوێنن، بەڵام ئەوەندەی تەماشا دەكەم تەنانەت ناتوانم یەك دانەشیان ببینم. بەردەوام بیر لەوە دەكەمەوە ئەو پشیلانە چۆن دەتوانن لەنێو ئەو جریوە جریوەی چۆلەكان بخەون. دەست دەبەمە نێو گیرفانم یەكێك لەبەردەكان دەردێنم. خەریكە لەو هەموو جریوە جریوەیان شێت دەبم. تیشكی خۆر بەڕێكی لەدەموچاوم دەدا، بەو هۆیەوە كاتێك بەردەكان دەهاوێژم یەك یان چەند بەردێك بەر گڵۆپەكانی یەكێك لە چلچرایەكە دەكەون و ورد و خاشی دەكەن، ناتوانم شكانەكەی ببینم. یەكێك لە پشیلەكان بە دەنگی شكانی شووشەكە لەخەو هەڵدەستێ و دەچێتە لای چڵە گوڵاڵەكان. چۆلەكەكانیش بۆ ساتێك بێدەنگ دەبن و دووبارە دەست پێدەكەنەوە، چەند بەردێكی دیكەش لە گیرفانم دەردێنم و دووبارە بەرەو دەنگی چۆلەكەكانی دەهاوێژم بەرەو گڵۆپە زەرد، سەوز، شین، سوور. مەنیژە دەقیژێنێ: «ئەوە تۆ شێتی؟»
دایكم دەڵێ كاتێ سبەی شەوێ بۆ بردنی بووك هاتن، من بچمە ژێرزەمینەكە. دەڵێی مەیمەنەتی باش نییە بەو كەللە ناڕێكەمەوە بەدوای بووكدا بڕۆم. دایكم راست دەكا بۆخۆیشم لەنێرگز خاتوونم بیستووە كە بەدایكمی دەگووت نابێ من لە شەوی بووكێنیدا بەردەست و پێیانیان بگرم. لەسەر بان خەوتم. ئاسمان ئەوەندە تاریك بوو دەتگوت ئەستێرەكان بوونەتە دە ئەوەندەی جاران. ئەمە دوا شەوە كە مەنیژە لە ماڵی خۆمان دەخەوێ. مەنیژە بەڵێنی پێداوم شەوانی هەینی لەگەڵ خۆیم بباتە سەرچاكی. شنەبایەكی فێنك لەلای رووبارەكەوە هەڵیكردووە و پرچە خاوەكەی مەنیژەم بە دەم و چاودا دەدا. مەنیژە شتگەلێكی دیكەش دەڵێ، بەڵام من گوێی لێناگرم. نامەوێ گوێی لێبگرم. روو وەردەگێڕم و بەنێو پرچەكانیدا تەماشای گڵۆپە رەنگاو رەنگەكانی نێو حەوشەكە دەكەم. هەندێك لە گڵۆپەكان سووتاون، واتا گوێزەكانیان شكاون. گڵۆپەكان وەك ئەوەی مرۆكان بەكەللە هەڵیان واسیبن، بەسیمی كارەبایەكەوە هەڵواسراون. مەنیژە دەڵێ ئەگەر كوڕێكی باشبم سبەی شەوێ هەموو ئەستێرەكانی دەدا بەمن. كاتێ ئەوە دەڵێ تەماشام دەكا و پێدەكەنێ. منیش چەند تاڵە موویەكی قژی دەخەمە نێو دەممەوە و بەنێویاندا لە ئەستێران رادەمێنم. هەر دەڵێی تیشكیان كەم دەبێت و دووبارە زیاد دەبێتەوە و كەم دەبێتەوە. هەر لە تاریكاییەكەدا مەنیژە دەستی دەخاتە سەركەللە و گوێچكەكانم، بەسەر روخسارمدا و منیش لەخۆمەوە وەك ئەو كاتانەی كە مەنیژە لێم تووڕەدەبێ دڵگیر دەبم و كۆڵەگریم لە قوڕگیدا پەنگ دەخواتەوە تا چاوانم تەڕ دەبن. تا ئەو كاتەی دەڵێی ئەستێرەكان لەنێو ئاودا نغرۆ دەبن.
سێ شەو دواتر كاتێ مەنیژە دەگەڕێتەوە ماڵەوە، هەر كە دەرگایەكە دەكەمەوە چاوم بە پرچی دەكەوێ، هەر لەخۆمەوە قاچەكانم وەك باڵی مێش دەست بەلەرزین دەكەن. گوێچكەم گەرم دادێن و سەرم لە گێژەوە دێ. دەمەوێ بڵێم: «مەنیژە ئەوە پرچت چی بەسەر هاتووە؟» بەڵام زمانم هەڵدەسووڕێ. لەناخەوە جوێنێك بە زمان و كەللە و گوێچكەكانم دەدەم. مەنیژە كەللەم ماچ دەكا و دەستم بە گوێچكاندا دێنێ و دەچێتە لای دایە. بە دڵنیاییەوە ئەمەش فیتی ئەو زاوا سەگبابەیە.
دەگەڕێمەوە نێو حەوشە و لەسەر لێواری حەوزەكە دادەنیشم. دەنگی قسەو پێكەنینی دایكم و پێكەنینیان دەگاتە دەرەوە، بەڵام نامەوێ گوێم لێیانبێ. دەستانم دەخەمە ئەولاو لای كەللەم و بەتوندی هەڵی دەگووشم، تا خەریك دەبێ لە سوێیان كەللەم بتەقێ. دەمەوێ لە هەمان شوێن و لە هەمان ساتدا، نەك لە بەهەشت، كەللەم بچووك بێتەوە. دوایی یەكسەر چاوم بە ئاوی حەوزەكە دەكەوێ. چەند ئەستێرەیەك دەڵێی لەنێو ئاوی حەوزەكەدا مەلە دەكەن، بەڵام دواتر نقووم بوون و مردوون، ئێستا لە شوێنی خۆیان ناجووڵێن.
سەرچاوە: کۆمەڵە چیرۆکی (زیرنورکم) مجموعەی کامل داستانهای کوتاە سال 1371. تهران نشر چشمە.