سلێمان تاشان – ههولێر
کۆڕبەندی ئەمساڵی ئابووریی داڤۆس لە ٢٠ی کانوونی دووەم دەستی پێ کردووە و بڕیارە تا ٢٤ی مانگ بەردەوام بێت. داڤۆس کۆڕبەندێکی گرنگی جیهانییە کە هەموو مانگێکی کانوونی دووەم لە ناوچەی گەشتیاری و کوێستانیی داڤۆس کە هاوکات یەکێک لە بەرزترین شوێنەکانی کیشوەری ئەوروپا و سویسرایە، بەڕێوە دەچێت و ڕێبەرانی سیاسی و ئابووریی جیهان لەو کۆڕبەندەدا دواین پێشکەوتنە ئابووریی و پێوەندییەکانیان تاوتوێ دەکەن و بۆ ئەمساڵیش شاندێکی باڵای هەرێمی کوردستان بەشدارە.
سەرووی سێ هەزار ڕێبەر لە سەد و بیست وڵاتی جیهان لەو کۆڕبەندەدا بەشدارن و شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەو کۆڕبەندەدا بەشدارە و هەر لە ڕۆژانی یەکەم و دووەمی کۆڕبەندەکەدا سەرۆکی حکوومەت چاوی بە سەرۆک و نوێنەری ژمارەیەک وڵاتی جیهان کەوت و پەرەپێدانی پێوەندییەکانی هەرێمی کوردستانی لەگەڵیاندا تاوتوێ کرد.
ئەو لە یەکەم ڕۆژدا ماڵی کوردستانی کردەوە و ڕای گەیاند دڵخۆشە بەوەی بۆ دووەم ساڵ بە ناوی ماڵی کوردستان، بەشدارن. دوێنێ دووشەمەش سەرۆک وەزیران لە داڤۆس، لەگەڵ یان لیپاڤسكی وەزیری دەرەوەی كۆماری چیك و پاشان ئەلیکساندەر دیکروو، سەرۆک وەزیرانی بەلجیکا و سەرکردەی ژمارەیەک وڵاتی تری جیهان کۆ بووەوە و لە ڕۆژانی دواتریشدا کۆمەڵێک کۆبوونەوە و پانێلی دبێت. قەیرانی ژینگە و کەشوهەوا و کێشەکانی پێوەست بە جیۆئێکۆنۆمی و فرەجەمسەریی کلتووری و قەیرانی بازرگانیی جیهانی بەشێکی گرنگی گفتوگۆکانی ئەمساڵی داڤۆس پێکدەهێنێت و ئەمساڵ بە جیاواز لە ساڵانی پێشتر لەو کۆڕبەندەدا بایەخ بە دواین پێشکەوتنەکانی ژیریی دەستکرد و کاریگەرییەکانی لەسەر ئابووری جیهان و هاوکێشەکانی کوانتۆمی و بایۆتەکنەلۆجیا بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ستانداردەکانی ژیان دەدرێت. یەکێک لە ئامانجەکانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە سیستمە ئابووری و بانکییەکەی بە جیهان ببەسترێتەوە و سەرخستنی پڕۆژەی هەژماری من لەو سۆنگەیەوە سەرچاوە دەگرێت و دەخوازێت بە هەمەجۆرکردنی ئابووری، گرنگیدان بە خزمەتگوزارییە بانکییەکان، دۆزینەوەی بازاڕی نوێ بۆ بەرھەمە کشتوکاڵییەکانی کوردستان، وەبەرھێنان لە بواری کانزا، نەوت و گاز و وزەی پاک، بەرەنگاربوونەوەی کاریگەرییە نەرێنییەکانی گۆڕانی ئاووھەوا و وشکەساڵی، ھەروەھا لە پێشھات و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە هەنگاوی ڕژد بنێت.
ئەمساڵ لە کاتێکدا کۆڕبەندی داڤۆس بەڕێوە دەچێت کە هەرێمی کوردستان هەڵبژاردنێکی سەرکەوتووی کردووە و خەریکی دامەزراندنی حکوومەتی نوێیە و هەندێک گۆڕانکاریی گرنگی وەک ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد ڕوویان داوە و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە بایەخەوە لە ڕۆڵی کورد لە سەقامگیری و ئاشتیی ناوچەکە و جیهان دەڕوانێت. کۆڕبەندەکە لە ڕابردوودا هاوکاری چاکسازی ئابووری زۆرێک لە وڵاتانی جیهانی کردووە و هەرێمی کوردستان ئامانجیەتی لە بواری ئابووری و فرەچەشنکردنی سەرچاوەکانی ئابووری هەنگاو بنێت و کێشە ئابوورییەکانی خۆی لەگەڵ بەغدا یەکلایی بکاتەوە.
کۆڕبەندی داڤۆس بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٧١ی زایینی لە شاری داڤۆسی سویسرا لە لایەن کلاوس شواب بەڕێوەچوو و مەبەستەکەش لەو کۆڕبەندە ئەوە بوو ڕێبەرانی ئابووری و وەبەرهێنەرانی ئەورووپا کە پاشان بوو بە هیی جیهان، کۆببنەوە و تاوتوێی پرسە ئابوورییەکان بکەن. لەو کاتەوە ئەرکەکانی ئەو کۆڕبەندە ساڵ بە ساڵ فراوانتر بووە و تەنانەت ناوەکەشی لە کۆڕبەندی کارگێڕیی ئەورووپا بۆ کۆڕبەندی ئابووری جیهان گۆڕی و ویستی جگە لە تاوتوێکردنی پرسە ئابوورییەکان هەنگاو بۆ چارەسەری پرسە سیاسییەکانیش بنێت.
لە ساڵی ١٩٧٤ەوە جگە لە ڕێبەرانی ئابووری جیهان ڕێبەرانی سیاسیش بانگهێشتی کۆڕبەندەکە دەکرێن ساڵی ١٩٨٨ کە شەڕی نێوان یۆنان و تورکیا بوو لە کۆڕبەندەکەدا ڕێککەوتننامەی ئاشتی واژۆ کرا و ساڵێک دواتر لە هەمان کۆڕبەند کۆریای باکوور و کۆریای باشوور کۆتاییان بە ململانێکانیان هێنا. لە رابردوودا یەکێکی تر لە گرنگترین چالاکییە سیاسییەکانی ئەو کۆڕبەندە دروستکردنی ئەڵمانیای یەکگرتوو بووە هەر دوو ئەڵمانیای ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوای بە یەکتر گرێ دا و مشتومڕ و دانوستانەکان هەر لەو کۆڕبەندە ئەنجام دراون.
هەرێمی کوردستان وەک قەوارەیەکی سیاسی، ڕۆڵێکی گرنگی لە کایە سیاسی، ئابووری و تەناهیی جیهانیدا هەیە و بۆیەش بوونی لەو جۆرە کۆڕبەندانە و هەوڵەکانی بۆ پەرەپێدانی پێوەندییەکان لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێگەکەی بەهێزتر دەکات.