ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی کانوونی دووەمی 2025،شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری کاروباری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ستیڤ بیتنەر، کونسـوڵی گشتیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان و کۆڵۆنێڵ گاڤین رایس، بەرپرسی ئۆفیسی هاریکاری ئاسایش لـە کونسوڵخانەی ئەمریکا، راوێژکارانی باڵای سەربازی ئەمریکا و ئەفسەرانی باڵای هێزی پێشمەرگە، بەشداربوون لـە مەراسیمی کردنەوەی چەند هۆڵێکی سەربازیی گرنگ و پێویست بۆ بارەگای فیرقەی دووی پیادە، کە لەلایەن ڕێکخراوی سپریتی ئەمریکی بە هەماهەنگی لەگەڵ کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان؛ بنیاتنراوە.
لەو مەراسیمەدا وەزیری پێشمەرگە ووتەیەکی پێشکەش کردو رایگەیاند؛ “ستایشی هەوڵ و هەنگاوەکانی کونسوڵخانەی ئەمریکا و راوێژکارانی سەربازیی ئەمریکا و هەموو ئەو رێکخراوانە دەکەین کە پاڵپشتی و پشتیوانی بەردەوامی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزی پێشمەرگەی کوردستانن”.
هەروەها لە بەشێکی تری ووتەکانیدا، وەزیری پێشمەرگە پیرۆزبایی لە سەرۆک دۆناڵد ترامپ کرد. بەبۆنەی دەستبەکاربوونی وەک47ـەمین سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
وەزیری پێشمەرگە راشیگەیاند: “ئومێددەکەین هاریکاریی و پاڵپشتییەکانی ئەمریکا، بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگەی کوردستان بەردەوام و فراوانتربێت”.
کونسوڵی گشتیی ئەمریکا ووتەیەکی پێشکەش کردو تێیدا دڵخۆشی خۆیی دەربڕی لە کردنەوەی ئەم هۆڵە گرنگ و پێویستانە بۆ پێشمەرگە رایگەیاند: دڵخۆشین ئەمڕۆ لێرە ئامادەین بۆ کردنەوەی چەند هۆڵێکی سەربازیی بۆ پێشمەرگە کە لەلایەن رێکخراوی سپریتی ئەمریکی جێبەجێکراوە ئەمەش پەیامی بەردەوامی پاڵپشتییەکانی ئەمریکایە بۆ وەزارەتی پێشمەرگە”.
لە کۆتاییدا، وەزیری پێشمەرگە ستایشی فەرماندەی فیرقە و ئەفسەران و پلەدارانی کرد لە بەرامبەر هەوڵی بەردەوامیان لەبەرامبەر جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان و بە دامەزراوەیکردنی فیرقەی دوو هەروەها هیوایی سەرکەوتنی بۆ خواستن و پاڵپشتی و پشتیوانی وەزارەتی پێشمەرگەی بۆ دووپاتکردنەوە.