یەکەم کاروانی نەوتی سپیی عێراق گەیشتە سلێمانی و دهۆک

وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ چوارشەممە، 22-01-2025، یەکەم کاروانی نەوتی سپیی حکوومەتی فیدراڵی گەیشتە هەردوو پارێزگای دهۆک و سلێمانی.

هاوکات فەلاح مەولوود، بەڕێوەبەری گشتیی نەوت و وەبەرهێنانی کانزایی، لە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، گوتی: “ئەو بڕە نەوتەی حکوومەتی عێراق بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت تەنیا لە ٪19 پشکی هەرێمی کوردستانە، چەند ڕۆژێک لەمەوبەریش پشکی پارێزگای هەولێری ناردبوو.”

فەلاح مەولوود، گوتیشی: “وەزارەتی نەوتی عێراق خۆی بڕەکە دیاری دەکات بۆ پارێزگاکان، ئیدارەسەربەخۆکانیش لە چوارچێوەی پارێزگاکان دان، وەزارەتی سامانە سروشتییەکان، بەهیچ جۆرێک بەرپرس نییە، حکوومەتی فیدڕاڵی بڕ و میکانیزمەکەی دابین دەکات و دەنیردرێت، چونیەتی دابەشکردنیش، ئێمە دەسەڵاتمان بە پارێزگاکان داوە”.

ئەو بڕە نەوتەی حکوومەتی عێراق بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان دەنێرێت، بەمشێوەیە:

1-سلێمانی: 21 ملیۆن و 50 هەزار لیتر نەوت.

2-هەولێر: 15ملیۆن و 800هەزار لیتر نەوت.

3-دهۆک: حەوت ملیۆن و 900 هەزار لیتر نەوت.

4-هەڵەبجە: پێنج ملیۆن و 250 هەزار لیتر نەوت.

– کۆی گشتیی: 50 ملیۆن لیتر نەوت.