لەسەر ئاگرکەوتنەوەکەی هۆتێلەکەی باکووری ڕۆژئاوی تورکیا، خاوەنی هۆتێلەکە و هەشت کەسی دیکە دەستگیرکراون و ژمارەی قوربانییەکانیش حەفتا کەسی تێپەڕاند.
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕایگەیاند، ژمارەی قوربانیانی ئاگرەکەی هۆتێلی گراند کارتال لە کارتالکایا لە شاخەکانی بۆلو بەرزبووەتەوە، 76 کەس گیانیان سپاردووە و دەیان کەسیش برینداربوونە.
وەزیری ناوخۆی تورکیا ئاماژەشیدا، لێکۆڵینەوەکان لە ڕووداوەکە بەردەوامن، تاوەکوو ئێستا خاوەنی هۆتێلەکە و هەشت کەسی دیکە دەستگیر کراون.
بۆ ڕێزگرتن لە گیانی قوربانییەکان، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا، یەک ڕۆژ ماتەمینی لە تورکیا ڕاگەیاند.
هەروەها لە ڕاپۆرتی ژووری ئەندازیارانی کارەبایی تورکیا هاتووە، بەهۆی نەبوونی سیستەمی ئاگرکوژێنەوە ژمارەی قوربانیان بەرزبووەتەوە.
هاوکات بەشێک لە ڕزگاربووانی ئاگرکەوتنەوەکە دەڵێن: ”پلیکانەی فریاگوزاری لە هۆتێلەکە نەبووە بۆ ئەوەی میوانانی هۆتێلەکە بتوانن خۆیان دەرباز بکەن “.
هەر بە گوتەی عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، بۆ بەشێک لە قوربانییەکان پشکنینی DNA دەکرێت، بەهۆی ئەوەی بە تەواویی سووتاون و ناتوانرێن بناسرێنەوە.
هەروا ئاماژەیداوە، تاوەکوو ئێستا 45 تەرمیان ڕادەستی بنەماڵەکانیان کردووەتەوە.”
بەگوێرەی میدیایەکانی تورکیا، ئاگرەکە لە بەشی ڕێستورانتی هۆتێلەکە کەوتووەتەوە و لە تۆماری پێشوازی میوانەکانیشدا ناوی 238 کەس تۆمارکراوە.
پێشتریش هەر یەک لە سەرۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پەیامی سەرەخۆشیان ئاراستەی حکوومەت و خەڵکی تورکیا کردبوو.