نەتەوە یەكگرتووەكان كار بۆ پێشخستنی كەرتی گەشتوگوزاری هەرێم دەكات

ئاریان دەرگەڵەیی – هەولێر

 

بەرنامەی گەشەپێدانی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، بە سەركەوتوویی تەواوكردنی پرۆگرامی پەرەپێدانی كارگەی گەشتیاری لە هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند. ئەم بەرنامەیە لەلایەن كۆمپانیای (USAID)ـەوە پارەدار دەكرێت، بە هاوكاری وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار – دەستەی گەشتوگوزاری حكومەتی هەرێمی كوردستان، و ئامانجی پەرەپێدانی كەرتی گەشتیاری و بەرزكردنەوەی ڕۆڵی ژنان و گەنجانە لە سەرتاسەری هەرێمی كوردستانی عێراق.

بەرنامەی ڕاهێنانەكە كە لە نۆ شار و شارۆچكەی هەرێمی كوردستان ئەنجام درا كە بریتین لە هەولێر، سلێمانی، دەهۆك، هەڵەبجە، گەرمیان، سۆران، ڕاپەڕین، زاخۆ و ئاكرێ؛ لە بەرنامەکەدا 170 بەشداربووی ژن و گەنجیش بەشدارییان كرد بۆ دەستگەیشتن بە هەلی فێربوون بۆ باشتركردنی بژێوی ژیانیان. ڕاهێنانەكان تیشكیان خستە سەر بەهێزكردنی ژنان و گەنجان بۆ بەرهەمهێنانی بەرهەمی دەستی گەشتیاری كە ڕەنگدانەوەی كولتوور و میراتی كوردستان بێت.
ئاوكە لوتسما، نوێنەری نیشتەجێی بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان لە عێراق وتی: “ئەم هاوكارییە پابەندبوونمان بەرجەستە دەكات بۆ پشتیوانیكردن لە گەشەپێدانی گشتگیر و بەردەوام لە عێراق و هەرێمی كوردستان بە وەبەرهێنان لە بنیاتنانی تواناكانی ژنان و گەنجان، ئێمە نەك هەر ئابووری بەرز دەكەینەوە بەڵكو بەشداری دەكەین لە پێشكەوتنی گشتیدا.”
خاتوو ئێرین مون ماركێز، بەڕێوەبەری ئەركی USAID لە عێراق و هەرێمی كوردستان لەو مەراسیمەدا گوتی: “تەواوكردنی سەركەوتووانەی ئەم ڕاهێنانانە جەخت لەسەر گرنگی هاوبەشی دەكاتەوە لە هاندانی گۆڕانكاری ئەرێنی و، ئەو مەراسیمە هۆكارێك دەبێت بۆ ڕەخساندنی هەلی كار، هەمەچەشنكردنی ئابووری و خۆشگوزەرانی لە هەرێمی كوردستان.”
لە ڕێگەی ئەم ڕاهێنانانەوە، حكومەتی هەرێم و بەرنامەی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پەرەپێدان و ڕێكخراوی USAID ئامانجیان بەهێزكردنی ژنان و گەنجانە نەك تەنها بۆ چوونە ناو پیشەسازیی گەشتیاری بەڵكو دامەزراندنی بزنسی بچووكی تایبەت بە خۆیان.