ماكوان عێزەت – ههولێر
زۆر کەس لە وەرزی زستاندا زۆر بەدەست سەرمای وەرزییەوە دەناڵێنن؛ نیشانەکانی بریتین لە:
* بەرزی پلەی گەرمای لەش (تا).
*ژانەسەر.
*ئازاری ماسوولکە.
*ئاوی لووت
مەترسییەکان
سەرمابوون نەخۆشییەکی باوە کە مەترسی بۆ کەسانی ئاسایی دروست ناکات و لە ماوەی هەفتەیەکدا بە ئاسانی چاک دەبێتەوە دەتوانیت سەردانی پزیشک بکەیت و دەرمانی گونجاو بخۆیت بۆ ئەوەی چاکبوونەوەت خێراتر بێت. پێویستە خۆت بەدوور بگریت لە بەکارهێنانی دەرمان بە شێوەیەکی هەڕەمەکی، چونکە بەکارهێنانی دەرمان بە ژەمە هەڵەکان ڕەنگە یارمەتیدەر نەبێت لە پرۆسەی چاکبوونەوە و ڕەنگە مەترسی لەسەر تەندروستی تاکەکەسەکە دروست بکات. لەلایەکی ترەوە ڕەنگە هەڵامەت مەترسیدار بێت بۆ ئەو کەسانەی بەرگری لەشیان لاوازە، وەک منداڵ و کەسانی بەساڵاچوو، چونکە دەبێتە هۆی تووشبوونیان بە هەناسە تەنگی، ئەمەش ڕەنگە پێویستی بە خەواندنیان لە نەخۆشخانە هەبێت. لەم چوارچێوەیەدا، پزیشكان جەخت لەسەر گرنگی شیرپێدانی سروشتی دەکەنەوە، کە ڕۆڵێكی بەرچاوی هەیە لە بەهێزکردنی بەرگری منداڵان و پاراستنیان لە ئاڵۆزییەکانی سەرمابوونی وەرزی.
خۆپاراستن
کوتان ڕێکارێکی گرنگی خۆپارێزییە بۆ ئەو کەسانەی کە بەرگری لەشیان تێکچووە چونکە لە ئاڵۆزییەکان دەیانپارێزێت. سەبارەت بە نەخۆشە ئاساییەکان دەبێت ڕێکارەکانی خۆپارێزی پەیڕەو بکەن بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی هەوکردن بۆیە باشتر وایە لە یەکەم ڕۆژەکانی سەرمابوون لە ماڵەوە بمێننەوە جەستە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو پشوو بدات وە دەمامک بەکاربهێنن بۆ ئەوەی هەوکردنەکە نەگوازرێتەوە بۆ ئەندامانی خێزان تا كاتی چاکبوونەوە.