رۆژنامەی ھەولێر

توركیا لە ٢٠٢٧دا دەچێتە ناو هەڵبژاردن

كارزان گلی – هە‌ولێر

هەموو پارتە سیاسییەكانی توركیا، بەشێوەیەك سیاسەت دەكەن وەكوو بڵێی لەناو پروپاگندەی هەڵبژاردندا بن، بەتایبەت پارتە ئۆپۆزسیۆنەكان، ئاكەپەش وەكوو گەورەترین پارتی پەرلەمانی توركیا، خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە دەكات.

یاساناسانی سەر بە ئاكەپە، لە هەوڵی ئەوەدان دەرچەیەك بدۆزنەوە تا رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا بتوانێت بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێر بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بەڵام تاوەكوو ئێستا هەوڵەكانیان نەبووەتە كردار. ئەوەی قسەی زۆری لەسەر دەكرێت و عومەر چەلیك، وتەبێژی ئاكەپەش ئاماژەی بۆی كرد، ئەردۆغان پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە.
بەشێوەیەكی ئاسایی توركیا لە ٢٠٢٨دا دەچێتە ناو هەڵبژاردنی گشتی و سەرۆكایەتی، هەروەها بەگوێرەی دەستووری توركیا بێت، هەموو كەسێك بۆی هەیە دووجار ببێتە بەربژێری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، بەمەش ئەردۆغان بۆی نییە ببێتەوە بەبەربژێر، بەڵام ئەگەر بێت و شەش مانگ بەر لە تەواوبوونی وادەی خولی پەرلەمان، پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، ئەوكات خولی دووەم بۆ ئەردۆغان هەژمار ناكرێت و بۆی هەیە بۆ جاری سێیەم ببێتەوە بەبەربژێر، بۆیە پلانە سەرەكییەكەی ئاكەپە هەڵوەشانەوەی پەرلەمانی توركیایە.
ئۆپۆزسیۆنی توركیا پەرت بووە، ئاكەپە رۆڵی گەورەی لەو پەرتبوونەدا هەیە بەتایبەت جەهەپە، كە باڵێكی گەورەی لێ جیابووە و پارتێكی تازەیان بەناوی پارتی نوێ دامەزراند و ئۆزگوور ئۆزەل بووە سەرۆكی ئەو پارتە. هەروەها مەنسوور یاڤاش، سەرۆكی گەورە شارەوانیی ئەنكەرا، دەستی لە جەهەپە كێشایەوە و نەچووە پاڵ پارتی نوێ، بەڵكوو گوتی بەسەربەخۆیی سیاسەت دەكات، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە بێئومێد بووە لە ئۆپۆزسیۆن و لە ئاكەپە نزیك بووەتەوە.
پێشتر هەموو راپرسییەكان بۆ ئەوەبوون ئاكەپە ناتوانێت ببێتەوە بەزۆرینەی پەرلەمان، بەڵام دوای پەرتبوونی ئۆپۆزسیۆنی توركیا، دەنگی ئاكەپە هاوتا بووەتەوە لەگەڵ پارتی نوێ، لەكاتێكدا پێشتر پارتی نوێ لەپێش ئاكەپەوە بووە.
چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، باشترین كات بۆ هەڵبژاردنی گشتی و سەرۆكایەتی لە توركیا ٢٠٢٧ە، واتە لەو ساڵەدا ئەردۆغان پەرلەمان هەڵوەشێنێتەوە و توركیا بباتە ناو هەڵبژاردنی پێشوەختە، چونكە ئاكەپەهەر لەناو كێبڕێی پارتی یەكەمدا دەمێنێتەوە و بردنەوەی ئەردۆغانیش بۆ بوونەوە بەسەركۆماری توركیا زۆر بەهێزە.

بەهۆی ئەوەی دەم پارتی، لەناو پڕۆسەیەكی گرنگدایە لەگەڵ ئاكەپە و مەهەپە، ئەویش پڕۆسەی چەكدانانی پەكەكە و پڕۆسەی ئاشتییە، بۆیە بەئەگەرێكی زۆرەوە دەم پارتییەكان دەنگ بە ئەردۆغان دەدەن بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی، دەنگی دەم پارتی بەردەوام كلیلی سەركەوتنی هەر بەربژێرێك بووە لە هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیدا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی میدیاكانی توركیا، عەبدوڵا ئۆجەلان داوای لە دەم پارتی كردووە بۆ هەڵبژاردنی داهاتوو دەنگ بە ئەردۆغان بدەن، چونكە ناكرێت پڕۆسەی ئاشتی بوونی هەبێت لەگەڵ ئاكەپەدا، كەچی لە هەڵبژاردندا دژایەتی ئەردۆغان بكرێت، ئەمە دەبێتە هۆی ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی لەبار بچێت.
ئەردۆغان دركی بەوە كردووە هەڵبژاردن لەبەرژەوەندی ئەودایە، بۆیە بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ لەرێگەی میدیای خۆیەوە باس لە هەڵبژاردن دەكات و ئۆپۆزسیۆنی توركیاش تۆمەتبار دەكات بەوەی شایەنی ئەوە نین وڵاتیان لەبەردەستدا بێت، چونكە لەناو خۆیاندا كۆك نین و لەسەر كورسی سەرۆكی حیزب بەردەوام شەڕیانە.