رۆژنامەی ھەولێر

بەم نزیکانە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی باتیفا دەکرێتەوە

چواس خالید – هە‌ولێر

پڕۆژەی خزمەتگوزاریی بنیاتنانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی باتیفا، کە بە ستانداردێکی هاوچەرخ بنیاتدەنرێت، ڕێژەی تەواو بوونی گەیشتووەتە زیادتر لە ٨٠% و بە تەواو بوونی ئەم نەخۆشخانە چل قەرەوێڵەییە، ڕاستەوخۆ خزمەت بە دانیشتوانی سەنتەری قەزاکە و چواردە گوندی سنوورەکە دەگەیەنێت.

لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و جێبەجێکردنی بنەمای دادپەروەری لە دابەشکردنی پڕۆژەکاندا، پڕۆژەی خزمەتگوزاریی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی قەزای باتیفا هەنگاوی گەورەی بڕیوە و ئێستا لە قۆناغی کۆتایدایە.
ئەم پڕۆژە گرنگە تەندروستییە، کە گوزارشت لە ستراتیژییەتی حکوومەت دەکات بۆ کەمکردنەوەی جیاوازی لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان لەنێوان سەنتەری شارە گەورەکان و ناوچە سنوورییە دوورە دەستەکاندا، تا هاووڵاتییان لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆیانەوە دەستیان بە باشترین چاودێری پزیشکی بگات، بەپێی دواین ئامار و زانیارییەکان، ڕێژەی جێبەجێکردنی کارەکانی نەخۆشخانەی باتیفا، گەیشتووەتە زیادتر لە ٨٠% و جێبەجێکارانی پڕۆژەکە بەپەلەن لە تەواوکردنی باقی کارەکانی دیکەی پڕۆژەکە، تا لە نزیکترین کاتدا بکەوێتە خزمەت هاووڵاتیانی دەڤەرەکەوە.
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی باتیفا، لە مانگی تەمووزی ٢٠٢٣ بەردی بناغەکەی داندرا و لەو کاتەوە بەشەوەیەکی بەردەوام و بەپێی ستانداردی جیهانی کاری بناتنانی بەڕێوە دەچێت، تا پێداویستییە تەندروستییەکانی ناوچەکە بەباشی دابین بکات.
نەخۆشخانەی فریاکەوتنی باتیفا، کە بە شێوازێکی هاوچەرخ و تایبەت بۆ پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکانی فریاکەوتن نەخشەی کێشراوە، لە چل قەرەوێڵەی نەخۆش پێکهاتووە و سەرجەم ئامێر و پێداویستییە سەرەکییە پزیشکییەکانی بۆ دابین دەکرێت، جگە لەوەش نە خۆشخانەکە چەندین بەشی بنەڕەتی لەخۆ دەگرێت، کە ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕن لە ڕزگارکردنی ژیانی هاووڵاتیان، لەوانە بەشی پێشوازی نەخۆش بۆ وەرگرتنی بارودۆخە لەناکاو و بەپەلەکان، هۆڵەکانی نەشتەرگەری پێشکەوتوو، تاقیگەی تایبەت بە پشکنینە پزیشکییەکان، بەشی چاودێری چڕ بۆ دۆخە سەختەکان و بەشی تیشک بۆ دەستنیشانکردنی وردی نەخۆشییەکان.
ئەم پڕۆژەیە کە بڕیارە لە ماوەیەکی نزیکدا بکرێتەوە، تەواو بوونی وەرچەرخانێکی گەورەیە لە کەرتی تەندروستی بۆ ناوچەکە، لەبەر ئەوەی جیا لە دانیشتوانی سەنتەری قەزای باتیفا، ڕاستەوخۆ هاووڵاتیانی چواردە گوندی سنووری قەزاکە لە خزمەتگوزارییە پزیشکی و دەرمانییەکانی ئەم نەخۆشخانەیە سودمەند دەبن، بەمەش بارگرانییەکی زۆر لەسەر شانی هاووڵاتیانی ناوچەکە لادەبات، کە پێشتر ناچاربوون بۆ وەرگرتنی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان، ڕوو لە شارە دوورەکان بکەن و ڕێگەیەکی دژوار ببڕن.
هەر بۆیە دابینکردنی ئەم ناوەندە تەندروستییە لە قەزای باتیفا، هەنگاوێکی کرداری گرنگە لە بەهێزکردنی ژێرخانی تەندروستی لە ناوچە سنوورییەکان و بەدیهێنانی یەکسانی لە دابەشکردنی سامانی گشتی بۆ تەواوی هەرێمی کوردستان، کە بۆ دانیشتوانی قەزای باتیفا و گوندەکانی دەوروبەری پاڵپشتێکی بەهێزە لە سەلامەتی و تەندروستییان.
قەزای باتیفا لە باکووری پارێزگای دهۆک هەڵکەوتووە و سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆیە، بیست و پێنج تا سی کیلۆمەتر لە سەنتەری شاری زاخۆوە دوورە و سی تا سی و پێنج هەزار کەس لە سەنتەری قەزاکە و کۆی گوندەکانی دەوروبەری دەژین.