كارزان گلی – ههولێر
چوارچێوەی پرۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكە، بە زیاتر لە ٤٦٠ دەنگی بەڵێ لەناو پەرلەمانی توركیا تێپەڕی و بووە یاسا، بەڵام ئەوەی روون نییە و گفتوگۆ و شرۆڤە و ناكۆكیی لێ هەڵگیرساوە، ئازادکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپەیە، بەشێك پێیان وایە دەمیرتاش گرێكوێرەی چوارچێوەی پرۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكەیە.
فەتحی یڵدز، جێگری سەرۆكی مەهەپە، لەبارەی ئازادکرانی دەمیرتاش قسەیەكی تازە دەكات و جیایە لە گوتەی دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپە و دەڵێت: ”نورەدین دەمیرتاش، براگەورەی سەلاحەدین دەمیرتاش، دەتوانێت سوود لەو پڕۆژەیاسایە وەرگرێت و بگەڕێتەوە بۆ توركیا، بەڵام دەمیرتاشی تێدا نییە و ئازادکرانی دەمیرتاش لەو پڕۆژەیاسایەدا دیاری نەكراوە.“
دەم پارتییەكان بە شێوەیەكی تر قسە دەكەن، ئەوان ئازادکرانی دەمیرتاش دەبەستنەوە بەو پڕۆژەیاسایە و دەڵێن ئازاد دەبێت، چونكە دەمیرتاش دەستی نەبووە لە كوشتنی بەئەنقەست و بە هەموو پێوەرێك دەبێت لە زیندان بێتە دەرەوە.
باكوورییەكان خۆشەویستییەكی زۆریان بۆ دەمیرتاش هەیە، بۆیە لە سۆسیال میدیاوە وێنەی دەمیرتاش بڵاو دەكەنەوە و دەڵێن بە تامەزرۆییەوە چاوەڕێی ئازادکرانی تۆین، بەڵام بەگوێرەی ئەو شرۆڤانەی دەكرێت و بەرپرسان قسەی لەسەر دەكەن، ئەو پرۆژە یاسایە دەمیرتاش ناگرێتەوە.
دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا، كە توركیایشی لێ ئەندامە، دوو جار داوای لە توركیا كردووە دەمیرتاش ئازاد بكات و دەستگیركردنی سیاسییە نەك یاسایی، بەڵام توركیا وەڵامی ئەو دادگایەی نەداوەتەوە، بۆیە یاساناسان دەڵێن، بەبێ ئەوەی چوارچێوەی پرۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكە دەمیرتاش بگرێتەوە، دەبێت ئازاد ببێت چونكە دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا توركیای ناچار كردووە ئازادی بكات.
دەمیرتاش بە ٤٣ ساڵ زیندانی لەسەر دۆسییەی كۆبانێ سزا دراوە، بەڵام لەبارەی ئەوەی دەستی هەبووە لە كوشتنی بەئەنقەست، بەتایبەت كاتێك داوای لە خەڵكی باكوور كرد بڕژێنە سەر شەقام و پشتگیریی لە كۆبانێ بكەن تا نەكەوێت و داوا لە حكوومەت بكەن دەرگا بكاتەوە تا گەنجان روو لە كۆبانێ بكەن و دژی داعش بجەنگن و بەو هۆیەوە ٥٠ هاووڵاتی كوژرا، لەسەر ئەو دۆسیەیە بێتاوان دەرچوو، بۆیە بەگوێرەی ئەو پرۆژەیاسایە بێت، هەركەسێك دەستی لە كوشتنی بەئەنقەست و تاوان نەبووبێت پێویستە ئازاد ببێت، لەوەیاندا دەمیرتاش دەبێت ئازاد ببێت.
چەند شرۆڤەكارێك پێیانوایە، ئەگەر بێت و دەمیرتاش ئازاد نەبێت، كاریگەریی زۆر خراپی لەسەر ئەو پرۆژەیاسایە دەبێت و متمانەی باكوورییەكان بۆ ئەو پرۆژەیاسایە كەم دەبێتەوە، رەنگە ئازادنەبوونی ببێتە هۆی ئەوەی جێبەجێكردنی ئەو پرۆژەیاسایە ئەستەنگی بێتە بەردەم.
تاكە ئومێدێك هەبێت بۆ ئازادکرانی دەمیرتاش، دەوڵەت باخچەلی سەرۆكی مەهەپەیە، كە سێجار داوای كردووە ئازاد بێت و تەنانەت دووجاریش بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ دەمیرتاشدا كردووە، بۆیە ئەگەر باخچەلی فشارەكانی چڕ بكاتەوە، بەئەگەرێكی زۆرەوە ئازاد دەبێت، چونكە پێشتریش هەر بە فشار و داوای باخچەلی بوو، ئەحمەد تورك، سەرۆكی لەكارلادراوی مێردین لە زیندان هێنرایە دەرەوە و ئەوكات باخچەلی گوتی، ناكرێت زیندانی بكرێت و باری تەندروستیی ناجێگیرە.
ئازادکرانی دەمیرتاش، رۆڵێكی گەورەی دەبێت بۆ چوارچێوەی پرۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكە، چونكە ئەو كەسایەتییە دەتوانێت رۆڵێكی باش ببێت بۆ بەدیهێنانی ئاشتی و تەواوی پارتە سیاسییەكانی توركیا جگە لە پارتی خاس، رێزی تایبەتیان بۆی هەیە و بەردەوام داوا دەكەن ئازاد ببێت، بۆیە ئازادکرانی دەمیرتاش، گرێكوێرەی چوارچێوەی پرۆژەیاسای چەكدانانی پەكەكە دەكاتەوە.

