كارزان گلی – ههولێر
سعوودیا و توركیا و پاكستان، بە سێقۆڵی رێككەوتنێكی گەورەی بەرگرییان بە ناوی رێككەوتنی (مەككە) ئیمزا كرد، ئەم رێكەوتنە قسە و باسی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا و چەندین شرۆڤەشی لەبارەوە كرا. بەشێك پێیان وایە رێككەوتنەكە تەنیا لەسەر كاغەزە و بەشێكیش بەپێچەوانەوە بیر دەكەنەوە.
رێككەوتنی مەككە، بەلای بەشێك لە شرۆڤەكارانی سیاسییەوە ترسە لە گۆڕینی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرلەنوێ كێشانی نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە، هەروەها ترسیشی خستووەتە دڵی ئێران و یۆنان و هیندستان.
ناوەڕۆكی رێككەوتنی مەككە، بەهیچ شێوەیەك بۆ رای گشتی و میدیاكان ئاشكرا نەكراوە، تەنیا سەرۆك و بەرپرسە باڵاكانی ئەو سێ وڵاتە دەزانن ناوەڕۆكەكەی چی تێدایە، بەڵام ئەوەی ئاشكرا كراوە ئەوەیە، لە یەكێك لە مادەكاندا هاتووە، هەر یەكێك لەو سێ وڵاتە هێرشی بكرێتە سەر، واتە هێرش كراوەتە سەر هەرسێ وڵات و دەبێت بەرگریی لە یەكتری بكەن.
هاكان فیدان، وەزیری دەرەوەی توركیا لە دیمانەیەكیدا باسی لە چۆنیەتیی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە كرد و بەرچاوی شرۆڤەكارانی روون كردەوە.
فیدان ئاشكرای كرد، لەلایەن هەرسێ وڵاتەوە سكرتێری تایبەت دادەنرێت بۆ شێوازی جێبەجێكردنی رێككەوتنەكە؛ هەروەها لە رێگەی ئەو سكرتێرانەوە، كە پاشان لیژنەیەكیشی بۆ دروست دەكرێت، بڕیاری ستراتیژیکی سیاسی و سەربازی دەدەن.
فیدان گوتیشی: ”لیژنەی سەربازی و سیاسی پێك دەهێنرێت، ئەو لیژنەیە كار لەسەر ئەو بۆچوون و بیرۆكانە دەكات كە هەرسێ سەرۆك دایانڕشتووە و كاری لەسەر دەكەن و پاشان بۆ سكرتاریەتی گشتی رەوانە دەكەن، بە شێوەیەكی گشتی ئەم رێككەوتنە لە شێوەی رێككەوتنی ناتۆیە.“
ناتۆ لە ٣٢ وڵات پێك هاتووە، لەلایەن هەر وڵاتێكەوە لیژنەی تایبەتی سەربازی و سیاسی پێك هێنراوە، بەڵام وەكو ئەوەی فیدان باسی دەكات، رێككەوتنی مەككە یەك لیژنەی دەبێت و لەو لیژنەیەش ئەندامی هەرسێ وڵاتی تێدایە.
تاوەكو ئێستا هیچ هەنگاوێك بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە نەنراوە، بەڵام دوای ئەوەی لیژنەی پێكهێنراو یەكەم كۆبوونەوەی خۆی دەکات و پاشان سەرۆكی هەرسێ وڵات بڕیاری كۆتایی لەبارەوە دەدەن، ئەوكات تاقیكردنەوەی جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنە دەردەكەوێت.
بە شێوەیەكی گشتی، رێككەوتنەكە سەرەتایە و پێویست دەكات كۆبوونەوەی تر ئەنجام بدرێت و ئەو لیژنەیەی پێكدەهێنرێت زۆر گرنگە و لەسەر بڕیار و پێشنیاری ئەو لیژنەیە ریككەوتنەكە بەرەوپێشچوون بەخۆیەوە دەبینێت، واتە تاوەكوو ئێستا یەكلایی نەبووەتەوە ئەگەر بڕیارێكی ستراتیژی بدرێت ئایە دەبێت رەزامەندی هەرسێ وڵاتی لەسەر بێت یان دوو وڵات.
بەشێك لە شرۆڤەكارانی سیاسی توركیا، رێككەوتنەكە بەمەترسی بۆ ئاساییشی ناوخۆیی توركیا لێك دەدەنەوە، چونكە بەگوێرەی رێككەوتنەكە بێت، هەر وڵاتێك هیرشی بكرێتە سەر، پێویستە هەرسێ وڵات بێنە وەڵام و بەرگری لێ بكەن، لێرەدا ئەگەر پاكستان بكەوێتە شەڕ لەگەڵ هیندستاندا، توركیا دەبێت بچێتە ناو ئەو شەڕەوە.
هەروەها دەبێت توركیا پشتگیریی لە سعوودیا بكات، ئەگەربێتو حوسییەكانی یەمەن پەلاماری سعوودیا بدەن، بەمەش گرژی و ناكۆكی دەكەوێتە نێوان توركیا و ئێرانەوە، چونكە حوسییەكانی یەمەن لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەكرێن.
یۆنان بەر لە هەر وڵاتێك دژی ئەو رێككەوتنە وەستایەوە و وەكوو ئەوەی چەند میدیایەك باسی دەكەن، داوای لە ئیسرائیل كردووە، رێكەوتنێكی هاوشێوەی مەككە ئیمزا بكەن، وەكو وڵامێك بۆ توركیا.
فیدان، هیوای خواست ئەو رێككەوتنە تەنیا لە نێوان ئەو سێ وڵاتەدا نەمێنێتەوە و وڵاتانی تریش بێنە ناو ئەو رێككەوتنەوە، بەتایبەت میسر، پێی وایە میسر لە هەموو روویەكەوە هاوپەیمانیی توركیایە، بۆیە دڵنیایە لە داهاتوو میسریش دێتە ناو ئەو هاوپەیمانییەوە.

