كارزان گلی – ههولێر
قەیومكردنی سەرۆك شارەوانییەكانی جەهەپە لە توركیا بەردەوامە، دوای ئەوەی چەند رۆژێك بەر لە ئێستا ئۆزكان یاڵم، سەرۆكی شارەوانی وشاك دەستگیر كرا و شارەوانییەكەی قەیوم كرا، سەرۆكی شارەوانی بورساش دەستگیر كراوە، ئەمەش هەرایەكی گەورەی نایەوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤دا، ئاكەپە ئەنجامێكی خراپی بەدەست هێنا، بەتایبەت لە باكووری كوردستان و گەورە شارەوانییەكانی وەكوو ئیستانبۆڵ و ئەنكەرا و ئیزمیر، بەڵام دوای چەند مانگێك لە هەڵبژارد، سەرەتا بەشێكی شارەوانییەكانی باكووری كوردستان قەیوم كرا، پاشان سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆڵ و ئیزمیر. بەگوێرەی زانیارییەكان تاوەكوو ئێستا ٣٠ سەرۆك شارەوانی قەیوم كراوە.
چەند رۆژێك دوای هەڵبژاردن، قەیوم لەسەر عەبدوڵا زێدان، سەرۆكی شارەوانی وان دانرا لەسەر لیستی دەم پارتی، بەڵام دوای ئەوەی خەڵك رژایە سەر شەقام و هەرایەكی گەورە دروست بوو، ناچاربوون مەزبەتەی شارەوانیی پێبدەن و دەستبەكار بێت، بەڵام ئەمجارەیان روویان لە هەكاری كرد و شارەوانی هەكاریان قەیوم كرد، كە دەم پارتی ئەو شارەوانییەی بردبووەوە. لەداوی هەكاری شارەوانی مێردین و ئامەدیش قەیوم كرا، كە دەم پارتی لە هەڵبژاردندا ئەو شارەوانییانەی بردبووەوە.
بەگوێرەی ئەو بەدواداچوونەی ئاژانسی (DW)ی توركی ئەنجامی داوە، بەهۆی ئەو قەیومانەوە، لە هەر پێنج دەنگدەرێك، دەنگی یەكێكیان بردراوە.
قەیومكردنی شارەوانییەكان، تەنیا دوورخستنەوەی ئەو سەرۆك شارەوانییانە نییە كە هەڵبژاردنیان بردووەتەوە، بەڵكوو كودەتایە بەسەر ملیۆنان دەنگدەر، كە دەنگیان بەو سەرۆك شارەوانییە داوە، بەڵام كەسێك دەچێتە شوێنیان، خەڵك دەنگی بۆ نەداوە.
سەرۆك شارەوانییەكانی دەم پارتی، بەتۆمەتی ئەوەی بەنهێنی كاریان بۆ پەكەكە كردووە قەیوم كراون و پاشان دەستگیر كراون، بەڵام سەرۆك شارەوانییەكانی سەر بە جەهەپە، بەتۆمەتی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی شارەوانییەكان قەیوم كراون، بۆ نموونە، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆكی شارەوانی ئیستانبۆڵ، بەتۆمەتی ئەوەی گەندەڵی لە پرۆژەكاندا كردووە و هەروەها پارەیەكی زۆری شارەوانی بەفیڕۆداوە دەستگیر كرا و شارەوانییەكەشی قەیوم كرا.
دەوڵەت باخچەلی، لە نووسینیكدا ئاماژەی دا، پێویستە سەلاحەدین دەمیرتاش بچێتەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆی و ئەحمەدەكانیش بچنەوە سەر كاری خۆیان، بەڵام نە دەمیرتاش ئازاد كراوە و نە ئەحمەدەكانیش چوونەتەوە سەر پۆستی سەرۆكی شارەوانییان.
باخچەلی، مەبەستی لە ئەحمەد تورك و سەرۆك شارەوانییەكانی تری سەر بەدەم پارتی بوو، كە پێویستە قەیومیان لەسەر هەڵبگیرێت و بگەڕێنەوە سەر كاری خۆیان، بەڵام تاوەكوو ئێستا بەگوێی باخچەلی نەكراوە.
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩ەوە، سەرۆكی شارەوانییەكانی هەدەپە، كە ئێستا بووەتە دەم پارتی، قەیوم دەكرێت و ئەوكات هەدەپە داوای لە جەهەپە كرد، رێگە نەدەن شارەوانییەكانی هەدەپە قەیوم بكرێت، بەڵام جەهەپە بێدەنگی هەڵبژارد.
لەدوای هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠٢٤، ئەمجارەیان روویان لە جەهەپە كرد و شارەوانییەكانی ئەوانیان قویوم كرد و سەرتاش لە شارەوانیی ئیستانبۆڵەوە دەستیان پێكرد.
ئاكەپە و مەهەپە، دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتیان توركیا، بەوەی دەستگیركردن و قەیومكردنی شارەوانییەكانی سەر بە جەهەپە یاسایین و سیاسی نین، ئەوان گەندەڵیان كردووە و سامانی وڵاتیان بەهەدەر داوە. بەڵام جەهەپە رەتی دەكاتەوە سەرۆك شارەوانییەكانیان گەندەڵ بن، ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی جەهەپە دەڵێت، ترسیان لە جەهەپەیە و دەزانن هەڵبژاردن دەبەینەوە، بۆیە فشارمان دەخەنە سەر.

