رۆژنامەی ھەولێر

هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا رێژەی ٣٠٪ـی تێپەڕاند

كارزان گلی – هه‌ولێر

دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردەوە، لە مانگی سێی ئەمساڵدا هەڵاوسانی ئابووریی لە تەواوی توركیادا بەرز بووەتەوە و، رێژەکەی گەیشتووەتە ٣٠.٨٧٪، ئەمەش بەهۆی هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران بووە.

بەهۆی داخرانی گەرووی هورمز و هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە جیهاندا، توركیا هەڵاوسانی ئابوورییەكەی بەرز بوەتەوە، ئەمەش راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر ژیانی هاووڵاتیانی هەیە.
ئاژانسی بلومبێرگ بڵاوی كردووەتەوە، لە توركیا هەڵاوسانی ئابووری بۆ مانگی سێ بەرز بووەتەوە، بەرزبوونەوەكەش ٢.٤٠٪ بووە، واتە هەڵاوسان بۆ ٣٠.٨٧٪ هەڵكشاوە.
میدیاكانی سەر بە ئۆپۆزسیۆنی توركیا و هەروەها دەزگا ئابوورییەكانی ئۆپۆزسیۆن، باس لە رێژەیەكی تر دەكەن بۆ هەڵاوسانی ئابووریی لە توركیا، ئەوان ئاماژەیان داوە، هەڵاوسانی ئابووریی لە توركیا ٥٤.١٤٪ـە، ئەمەش رێژەیەكی یەكجار زۆرە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی توركیا، پلانی دانابوو تا سەری ساڵ، هەڵاوسانی ئابووری دابەزێنێت و، بگەڕێنێتەوە سەر ٢٠٪، بەڵام هێرشی ئەمریكا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، پلانی وەزارەتی تێك داوە و ئێستا پێشبینی دەكرێت، هەڵاوسان زۆر لەوەی ئێستا بەرزتر ببێتەوە.
كاریگەریی ئەم جەنگە توركیاشی گرتووەتەوە، بەتایبەت نرخی خۆراك و بەنزین و گاز گران بووە، ئەمەش وای كردووە هەڵاوسان بەرز ببێتەوە.
توركیا رۆژانە پێویستی بە یەك ملیۆن بەرمیل نەوت هەیە، واتە لە ساڵێكدا ٣٦٠ ملیۆن بەرمیل نەوتی پێویستە، پێشتر بە ٧٠ بۆ ٨٠ دۆلاری دەكڕی، بەڵام نرخی نەوت بووەتە ١١١ دۆلار، ئەمەش وای كردووە توركیا لەڕووی ئابوورییەوە زیانی پێ بگات.
بانكی ناوەندی توركیا، بۆ ئەوەی پارێزگاری لە بۆرسە و پارەی توركی بكات، زێڕە. یەدەگەكانی خۆی فرۆشتووە، كە رێژەكەی ١٧ملیار دۆلار بووە. كارەهان، سەرۆكی بانكی ناوەندی توركیا رایگەیاند، ئاساییە زێڕە یەدەگەكانیان بفرۆشن، تا بتوانن لەو رێگەیەوە پارێزگاری لە هەڵاوسانی ئابووری و پارەی توركی بكەن، چونكە ئەگەر ئەو هەنگاوە نەنێن، لێرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار، بەهای زیاتر دێتە خوارەوە و ئەمەش بۆ توركیا خراپە.
ئیستانبۆڵ، كە گەورەترین شاری توركیایە و ژمارەی دانیشتوانەكەی ١٦ملیۆن كەسە، هەڵاوسانی ئابوورییەكەی بەراورد بە شارەكانی تری توركیا زیاترە، چونكە لەو شارە ژیان زەحمەتە و هەموو شتێك گرانە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی دەزگای ئاماری توركیا، هەڵاوسانی ئابووری لە ئیستانبۆڵ بۆ مانگی ٣، گەیشتووەتە ٣٧.٦٨٪، ئەمەش رێژەیەكی زۆرە.
بەسترپێرارەکە (سێ ساڵ لەمەوبەر)، کە هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا ٨٠٪ بوو، محەمەد شیمشەك، وەزیری دارایی و ئابووریی توركیا، پلانێكی دانابوو تا بتوانێت بۆ ٢٠٢٦ هەڵاوسانی ئابووریی بگەیەنێتە ٢٠٪. ئەگەرچی پلانەكەی سەركەوتوو بوو، بەڵام نەیتوانی بگاتە ئەو ئاستەی لەمساڵدا هەڵاوسان بگەیەنێتە ٢٠٪، ئەویش بەهۆی ئەو جەنگەیە كە ناوچەكەی گرتووەتەوە.
رەوشە خراپە سیاسییەکەی توركیا، كاریگەریی لەسەر هەڵاوسانی ئابووریی هەبووە، چونكە رەوشی ناوەخۆی توركیا زۆر خراپە و ئۆپۆزسیۆنی توركیا داوای هەڵبژاردنی پێشوەختە دەكات و زیاتر لە ٣٠ سەرۆك شارەوانی جەهەپە قەیوم كراوە، ئەمە وای كردووە هەفتەی دوو بۆ سێ جار لایەنگرانی ئەو پارتە بێنە سەر شەقام و داوای گۆڕینی رژێم بكەن.