پێویستە دەم پارتی هەڵەی ٢٠١٧ دووبارە نەكاتەوە

بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور، هەوڵەكان لەناو پەرلەمانی توركیا چڕ كراوەتەوە، پارتە سیاسییەكان كۆبوونەوەی جیدی دەكەن، دەیانەوێت لە دەستووری تازەدا توركیایەكی تازە بوونیاد بنێن، كە جیاواز بێت لەو توركیایەی ١٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا لەسەر دەستی موستەفا كەمال ئەتاتورك دروست كرا. هیچ پارتێكی سیاسی توركی، باس لە مافی كورد ناكات، دەیانەوێت وەكو ئەتاتورك و عیسمەت ئینۆنوو، بڵێن تورك و كورد یەكە، لەڕووی ماف و ئازادییەوە هیچ جیاوازییەكیان نییە، بۆیە ناكرێت لەیەكتری جیا بكرێنەوە.

لە رێككەوتنی لۆزاندا، وڵاتانی بەریتانیا و فەڕەنسا، بە عیسمەت ئینۆنوو، نوێنەری توركیا لە لۆزانیان گوت، دەبێت مافی كورد بدەن و ئەوانیش بەشداربن لەو رێككەوتنە، ئەوكات ئینۆنوو، گوتی كورد و تورك هیچ جیاوازییەكیان نییە، كورد واتە تورك لەڕووی ماف و ئەركەوە، بۆیە كوردەكان قبوڵیان نییە بەو شێوەیە باسیان بكرێت. ئینۆنوو و ئەتاتورك، لەرێگەی حەسەن خەیری، سەرۆك عەشیرەتی كورد لەناو پەرلەمانی توركیا، نامەیەكیان بۆ لۆزان نارد و خەیری گوتی، ئێمە لەچوارچێوەی توركیادا مافمان پارێزراوە و كەس دووبەرەكی نەكاتە نێوانمانەوە، كورد هیچ كێشەیەكی لەگەڵ توركدا نییە.
ئەگەرچی دوای ئەوەی ئەتاتورك، دەوڵەتی توركیای دروست كرد و كوردی فەرامۆش كرد و تا ئەوئاستەی كۆمەڵكووژی كردن، خەیری، زۆر پەشیمان بووەوە لەو هەڵوێستەی و گوتی، ئەتاتورك فێڵی لێكردین، چوونكە بەڵێنی دابوو كە مافی كورد دەدات، هەربۆیە نامەم بۆ لۆزان نارد و پشتگیریم لە ئەتاتورك كرد.
توركیا دەیەوێت دەستوور هەموار بكاتەوە، ئاكەپە و مەهەپە، دەیانەوێت دەستوور لەبەرژەوەندی خۆیان بنووسرێتەوە و جەهەپەش دەیەوێت دەستوورێك بێت، بەرژەوەندی ئەوانیشی تێدا فەراهەم كرابێت، ئەوەی دەمێنێتەوە كوردە، كە هیچ پارتێكی سیاسی باس لە مافیان ناكات و دەیانەوێت دیسان كورد وەكوو نەتەوە نەناسێنن.
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆكی مەهەپە، لە وتارێكدا دەڵێت، بۆ ئەوەی جیاوازی لەنێوان كورد و توركدا نەمێنێت، پێویستە ژن و ژنخوازی لە نێوانیاندا دروست بكرێت، ئەمەش هەر سیناریۆی ئینۆنووە، بەڵام بەشێوەیەكی تر، واتە باخچەلی دەیەوێت لە رێگەی ژن و ژنخوازییەوە كورد لەناو توركدا بتوێنێتەوە.
لە دەستووری توركیادا، تەنیا نەتەوەی تورك ناسێنراوە، هەروەها لە زمانی توركی زیاتر هیچ زمانێكی تر دانی پێدا نەنراوە، كورد دەیان ساڵە خەبات دەكات تا بتوانێت لە دەستووری توركیادا مافی وەكوو نەتەوە و زمانێكی جیاواز پارێزراو بێت، كەچی نەگەیشتووەتە ئەنجام.
لەناو جەهەپەدا، دەنگێكی ناڕازی بوونی هەیە، بەوەی نابێت ئۆزگوور ئۆزەل، سەرۆكی پارت، بچێتە كۆشك و لەگەڵ رەجەب تەییب ئەردۆغاندا كۆ ببێتەوە لەبارەی هەمواركردنەوەی دەستووری توركیا.
كەمال كلیچدارئۆغڵو، سەرۆكی پێشووی جەهەپە لە وتارێكدا گوتی: ”دانووستاندن لەگەڵ كۆشكدا ناكرێت، بەڵكوو دەبێت خەباتی لە دژ بكەیت“
بەڵام جەهەپە خۆی یەكلایی كردووەتەوە، كە دژی هەمواركردنەوەی دەستوور نییە، بەو مەرجەی تاكڕەوی دروست نەكات.
ئەردۆغان و باخچەلی، ئەگەر نەتوانن بڕوا بە جەهەپە بهێنن بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور، دەبێت لە دەرگای دەم پارتی بدەن، چوونكە بۆ ئەوەی دەستوور بخەنە ریفڕاندۆمەوە، پێویستیان بەدەنگی دەم پارتییە.
ئەوەی ئەردۆغان داوای دەكات لە هەمواركردنەوەی دەستووردا، رێگەی بۆ خۆش بكرێت تا جارێكی تر ببێتەوە بەربژێری سەرۆكایەتیی، هەروەها سیستەمی ٥٠+١ بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی بكات بە ٤٠+١، هەروەها دەستكاری یاسای هەڵبژاردن و حیزبەكانیش بكرێت. رەنگە جەهەپە، نەیەتە ژێرباری ئەو داوایانەی ئەردۆغان و هەمواری دەستوور رەتبكاتەوە، بۆیە دەم پارتی تاكە دەرگایە ئاكەپە و مەهەپە لێی بدەن و ئامانجەكەیان بهێننە دی.
دەنكی مەهەپە و ئاكەپە لەناو پەرلەمانی توركیا، ٣١٣ پەرلەمانتارە، ئەگەر وای دابنێین پارتی خاسیش بچێتە پاڵیان دەبێتە ٣٥١، بەڵام بە ٣٦٧ پەرلەمانتار دەتوانن دەستوور بخەنە ریفڕاندۆمەوە، بۆیە دەم پارتی دەتوانێت هاوكێشەكە بگۆڕێت.
گرنگە دەم پارتی، بە عەقڵێكی نەتەوەییەوە بچێتە ناو ئەو هاوكێشەیەوە، واتە پشتگیری لە هەمواری دەستوور بكات، بەو مەرجەی زمان و نەتەوەی كورد بە فەرمی بناسێنرێت، ئەوكات پرسی كورد چەندین هەنگاو دەچێتە پێشەوە و دەستكەوتێكی گەورەش دەبێت بۆ كورد لە توركیا، بەڵام ئەگەر دیسان بچێتە پاڵ ئۆپۆزسیۆن و دژایەتی دەسەڵات بكات، عاقیبەتەكەی خراپ دەبێت، وەكوو چۆن لە ریفڕاندۆم بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی توركیا لە پەرلەمانییەوە بۆ سەرۆكایەتیی هەدەپە دژایەتی ئەردۆغانی كرد، ئەگەر ئەمجارەش دژایەتی بكات، رەنج و خەباتی كورد، چەندبن هەنگاو دەچێتە دواوە.