توركیا بۆچی لەم كاتەدا پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بڕی؟

كارزان گلی – هه‌ولێر

توركیا بەبڕیارێك هەموو ئاڵوگۆڕێكی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیلدا بچڕاند، وەزیری بازرگانی توركیاش رایگەیاند، تا ئەوكاتەی ئیسرائیل رێگە دەدات، هاوكاری بگەیەنینە غەززە، ئێمە بەردەوام دەبێن لەوەی پەیوەندییەكان بەتەواوی بپچڕێنین. وەزیری بازرگانی ئیسرائیلیش رایگەیاند، داوای یاسایی لەسەر توركیا تۆمار دەكەن، چوونكە تاكلایەنە ئەو بڕیارەیان داوە.

رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لە لێدوانێكیدا بۆ رۆژنامەنووسان، ئاماژەی دا كە پەیوەندی بازرگانی نێوان ئیسرائیل و توركیا ٩ ملیار و نیو دۆلار بةووە، ئەوان وای دادەنێن كە ئەو پەیوەندییە نەبووە و بەتەواوی دەرگا بەڕووی ئیسرائیلدا دادەخەن.
پرسیار ئەوەیە، بۆچی لەم كاتەدا توركیا ئەو بڕیارەیدا، ئاخۆ بڕیارەكە بۆ هەردوو وڵات چی ئەنجامێكی دەبێت؟
كاتێك ئیسرائیل پەلاماری غەززەیدا و تاوەكوو ئێستاش بەردەوامە لە لێدانی هاووڵاتیانی ناو غەززە و بزوتنەوەی حەماس، رای گشتی توركیا دژی حكوومەت جولا و داوایان دەكرد هەموو پەیوەندییەكی بازرگانی و دیبلۆماسی لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێت.
پارتی سەرلەنوێ رەفاە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا یەكێك لە مەرجەكانی بۆ ئەوەی لە ئیستانبۆڵ بەربژێریان نەبێت و پشتگیری لە بەربژێری ئاكەپە بكەن، بچڕانی پەیوەندی بازرگانی بوو لەگەڵ ئیسرائیل و زۆر بە جوانی كاریان لەسەر كرد و توانیان رای گشتی بجولێنن و گورزێكی گەورە لە ئاكەپە بدەن.
حكوومەتی توركیا، لە ٩ی نیساندا، ٤٥ بەرهەمی توركی قەدەغە كرد بۆ ئیسرائیلی بنێرێت، بەڵام ئەمە بۆ توركیا بەس نەبوو و هاووڵاتيیان داوایان كرد بە تەواوی پەیوەندی بازرگانی بپچڕێنن، بۆیە ئەردۆغان بڕیارە قورسەكەیدا.
ئەردۆغان، دانی بەوەدا نا كە لە پروپاگه ندەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا، بە بێویژدانانە پەیوەندی بازرگانی توركیا و ئیسرائیلیان بەكارهێنا، بەڵام ئەوان پەلەیان نەكرد لە پچڕانی ئەو پەیوەندییە و بابەتەكەیان هەڵسەنگاند و دوای هەڵبژاردن بڕیاری كۆتاییان لەبارەیەوەدا.
ئۆغوزخان چاغلەیان، شارەزا لە سیاسەتی ئیسرائیل و فەلەستین، قسەی بۆ ئاژانسی( بي بي سی)ـى توركی كردووە و پێیوایە، ئەم بڕیارە فشاری سیاسەتی ناوەخۆی توركیا بوو، بەتایبەت كاتێك لە پروپاگه ندەی هەڵبژاردن، پارتی سەرلەنوێ رەفاه، داوای كرد پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل كۆتایی پێبهێنن و فشارەكان بۆ سەر حكوومەت زۆر تووند بوو.
ئەو دەڵێت: ”ئەگەرچی هەڵبژاردن كۆتایی پێهاتووە، بەڵام توركیا لەبەرەم ریفڕاندۆمدایە بۆ هەمواركردنەوەی دەستوور، كاتێك پارتی سەرلەنوێ رەفاه، توانی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا ٦٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، ئەمە وای لە ئاكەپە كرد بیر لەوە بكاتەوە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل كۆتایی پبهێنێت، چوونكە زانی بەشێكی زۆر ئەو دەنگانەی پارتی ناوبراو، بەهۆی هەڵوێستی سەرلەنوێ رەفاه بووە، كە داوای كردووە هەموو پەیوەندییەكی بازرگانی لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنرێت.“
بەڵام سەلین ناسی، لێكۆڵەر لە ئەمریكا، پێیوایە هەرچەندی توركیا تووندبوو بەرامبەر بە ئیسرائیل و سەرۆكی هەردوو وڵات زۆر بە تووندی وەڵامی یەكتریان دەدایەوە، بەڵام بەرژوەندییە ئابوورییەكانیان هەربەردەوامی هەبوو، كەچی ئێستا كار گەیشتە ئەوەی لە بەرژەوەندی ئابووری یەكتری بدەن.
ئەو زیاتر گوتی: ”ئەگەر لە من بپرسن هۆكاری دۆڕانی ئاكەپە لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان چی بوو، دەڵێم قەیرانی دارایی بوو، بەڵام لەپاڵ ئەوەدا، دەنگدەرە موحافیزكارەكانی توركیا، بەدوای بەدیلی ئاكەپە دەگەڕان، بەهۆی ئەوەی هەڵوێستی حكوومەت بەرامبەر بە ئیسرائیل تووند نەبوو، بەوەی پەیوەندی بازرگانی نێوانیان كۆتایی پێبهێنێت، بۆیە پارتی سەرلەنوێ رەفاه، ئەو دەرگایە بوو دەنگدەرە موحافیزكارەكان لێی چوونە ژوورەوە، ئەمە وای كرد، ئاكەپە پەیوەندی لەگەڵ ئیسرائیل بپچڕێنێت و ئەو دەنگدەرانە لە خۆی نزیك بكاتەوە.“
دەبێت ئەوەش باس بكرێت، سەرەتا توركیا ویستی رۆڵی نێوەنگیر ببینێت لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، بەڵام لەوەیاندا شكستی هێنا و ئیسرائیل بە پیل داواكانییەوە نەهات، ئەمەش ئەردۆغانی نیگەران كرد، بۆیە رەنگە ئەمەش یەكێك بێت لەو هۆكارانەی توركیا بڕیاریدا هەموو پەیوەندییەكی ئابووریی لەگەڵ ئیسرائیل كۆتایی پێبهێنێت.
دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردەوە، لە ٢٠٢٣، ئاڵوگۆڕی بازرگانی نێوان توركیا و ئیسرائیل ٦ ملیار و ٨٠٠ ملیۆن دۆلار بووە، لەورێژەیە توركیا بەبەهای ٥ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلار كاڵای خۆی رەونەی ئیسرائیل كردووە و ئیسرائیلیش بەبەهای ملیارێك و ٦٠٠ ملیۆن دۆلار كاڵای رەوانەی توركیا كردووە.

ھەواڵی زیاتر