چایخانەی مام خەلیل؛ یەکێک لە چایخانە هەرە دێرینەکانی شاری هەولێر

گەرمیان گلی – هه‌‌ولێر

چایخانەی مام خەلیل چایخانەیەکی بەناوبانگە دەکەوێتە ناو بازاڕی قەیسەری لە هەولێر. مێژووی چایخانەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٥٢. لە چایخانەکەدا وێنەی کەسایەتییە دیارەکانی کوردستان و عێراق لەگەڵ ئەو کەسایەتییانەی سەردانی شوێنەکەیان کردووە دانراوە. مام خەلیل دامەزرێنەری چایخانەکەیە، ئەو لە ساڵی ٢٠١٥ کۆچی دواییی کرد و محەممەدی کوڕی شوێنی گرتەوە بۆ بەڕێوەبردنی چایخانەکە.

بەپێی سەرچاوە مێژوویییەکان، یەکەمین چایخانەی شار هەولێر ناوی “ئەنیشتە” بووە و خاوەنەکەی ئەرمەنیی بووە، دوای ئەویش ٢٦ چایخانە ناویان هاتووە، کە بە کۆنترین چایخانەکانی هەولێر دادەنرێن، “مام خەلیل” یەکێک لەوانەیە، لەناو ئەوانەشدا، امم خەلیل کۆنترینە، کە تا ئێستا مابێت و کاری تێدا بکرێت. ئەم چایخانەیە ماوەی ٦٩ ساڵە هەیە، لەدوای کۆچی دوایی مام خەلیل لە ساڵی ٢٠١٥، کوڕەکەی شوێنی باوەکی گرتووەتەوە و چایخانەکە بەڕێوە دەبات.
جیاوازیی چایخانەکەی مام خەلیل لەگەل چایخانەکانی تری شاری هەولێر ئەوەیە، لەسەر شێوەیەکی فۆلکلۆری کوردیی ڕازێندراوەتەوە کە هەر لە دیوار وهەڵواسینی وێنەکانەوە دەردەکەوێت. چایخانەکە لەسەر رووبەڕێکی بچووک و بە شێوازێکی کۆن دراوستکراوە و تا ئێستا دوو جار نۆژەنکراوەتەوە، خاوەنەکەشی داوا لە دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان دەکات کە لە رێبەری گەشتیاراندا ئاماژە بە چایخانەی مام خەلیل بکەن وەک شوێنێکی کولتووریی و مێژوویی.
محەمەد خەلیل، دەربارەی باوکی و چایخانەکە دەڵێ:” باوکم لە ساڵی ١٩٣٩ لە گەڕەکی عارەبانی شاری هەولێر لە دایکبووە و تا
پێنجی سەرەتایی خوێندبوو، دواتریش دەستی بەوکارە کردووە و پیشەکەی نەگۆڕیووە تا دوا ساتەکانی ژیانی. سەرەتا باوکم لە ساڵی ١٩٥٢ ئەو چایخانەی دروستکرد، بەڵام پێشتریش بۆخۆی لە چایخانەی عەبۆ قاوەچی شاگردبوو، ئەوکات تەمەنی ١٣ ساڵان بوو، لەوکاتە بەدواوە بەردەوام بوو، هەموو ژیانی لەم چایخانە بەسەربرد تا ساڵی ٢٠١٥ کە کۆچی دوایی کرد. لە چایخانەکەدا ژمارەیەکی زۆر وێنە لەسەر دیوارەکان دەبیندرێن و باوکم حەزی بە وێنە بوو بۆیەش تەواوی چایخانەکەی بە وێنە پڕکردووەتەوە و وێنەی کەسایەتی زۆری تیادایە، ئەوانەی سەردانی ئێرە دەکەن جگە لە هاووڵاتییەکان ئەوا کۆنسولەکان و سیاسییەکانن، هەروەها گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و گەشتیاری بیانیش زۆر سەردانمان دەکەن و زانیاریی مێژوویی لەسەر چایخانەکە وەردەگرن”.
محەمەد خەلیل چایچی باس لە قۆناغەکانی مێژووی چایخانەکە دەکات و دەڵێت: ” سەرەتا چەند چایخانەیەکی کەم هەبوون لە هەولێر، چایخانەی مام خەلیل بەهۆی هەڵکەوتەی شوێنەکە کە کەوتووەتە ناو بازاڕی قەیسەری هاوکات قەسابەکان لە نزیک چایخانەکەوە کاری کڕین و فرۆشتنییان دەکرد بۆیە چایخانەکە هەمیشە جمەی کاسبکارانی لێ دەهات و دواتریش لە ساڵانی هەشتاکان، کاتێک خەڵک لە گوندەوە دەهاتنە هەولێر، ئەوا دەبوو سەرێک لە چایخانەی مام خەلیل بدەن و چای بخۆنەوە. لە چایخانەکەدا ژمارەیەکی زۆر وێنە لەسەر دیوارەکان دەبیندرێن و باوکم حەزی بە وێنە بوو بۆیەش تەواوی چایخانەکەی بە وێنە پڕکردووەتەوە و وێنەی کەسایەتی زۆری تیادایە، ئەوانەی سەردانی ئێرە دەکەن جگە لە هاووڵاتییەکان ئەوا کۆنسولەکان و سیاسییەکانن، هەروەها گەشتیارانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق و گەشتیاری بیانیش زۆر سەردانمان دەکەن و زانیاریی مێژوویی لەسەر چایخانەکە وەردەگرن. دوای نەمانی باوکم، من هاتمە ئێرە و سەرپەرشتی چایخانەکەم کرد و توانیم پەرەی پێبدەم و بۆ ئەوەی کولتوور و مێژووی چایخانەکە بپارێزین بۆیە کوڕەکەشم جێگای خۆم دەگرێتەوە”.
محەمەد کوڕی مام خەلیل دەڵێت:” لە منداڵیەوە هاتوومەتە چایخانەکەی باوکم یارمەتیم داوە و کارم تێیدا کردووە، لەدوای کۆچی دوایی ئەویش دریژە بەکاری باوکم دەدەم بەردەوام دەبم لەسەری. لە کارەکەم ڕازییم و دڵم پێیخۆشە، بۆیە دەمەوێت هاوشێوەی باوکم ئەویش لەدوای خۆم چایخانەکە ڕادەستی منداڵەکانم بکەم بۆ ئەوەی چایخانەی مام خەلیل بۆ هەمیشە بەردەوام دەبێت”.
دڵدار کەریم یەکێکە لەو کەسانەی بەردەوام سەردانی چایخانەکەی مام خەلیل دەکات، دەڵێت: لە تەمەنی ١٢ ساڵییەوە ئاشنای چایخانەی مام خەلیل بوومەو سەردانی چایخانەکەم کردووە. مام خەلیل هەردەم بە ڕوویەکی خۆش و دەم پێکەنینەوە بەخێر هاتنی میوانەکانی دەکرد و لەگەڵ هەموو کەسێک زوو ئاشنا دەبوو هەمیشە ڕێزی میوانەکانی دەگرت.
چایخانەی مام خەلیل کەوتووەتە نێو بازاڕی قەیسەری هەولێر، ڕۆژانە چەندین خەڵکی ئاسایی و گەشتیار و کونسوڵ و کەسایەتییە ناسراوەکان سەردانی ئەو چایخانەیە مێژووییە دەکەن.

ھەواڵی زیاتر