هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا ١٢٤٪ی تێپەڕاندووە

كارزان گلی – هه‌ولێر

هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا، راستەوخۆ كاریگەریی لەسەر هاووڵاتیان دروست كردووە و ژیان زۆر زەحمەت بووە، حكوومەت لەمساڵدا نەیتوانیوە رێژەی هەڵاوسان كەم بكاتەوە و بەگوێرەی تازەترین زانیاریش هەڵاوسانی ئابووری لە مانگی نیساندا ١٢٤.٣٥٪ بووە، بەڵام دەزگای ئاماری توركیا بڵاوی كردەوە رێژەی هەڵاوسان لە مانگی نیساندا ٦٩.٨٠٪ ە.

هەموو مانگێك، دوو دەزگا لە توركیا رێژەی هەڵاوسان بڵاودەكەنەوە، یەكەمیان دەزگای ئاماری توركیایە، كە سەر بە حكوومەتە و ئەوی تریش (ENAGrup)، كە بێلایەنە.
بەگوێرەی دەزگای ئاماری توركیا بێت، بۆ مانگی نیسانی ئەمساڵ، رێژەی هەڵاوسان ٦٩.٨٠٪ بووە، بەڵام (ENAGrup)، ئەو زانیارییانە رەتدەكاتەوە و دەڵێت هەوڵاوسان لە توركیا گەیشتووەتە ١٢٤.٣٥٪. شارەزایانی بواری ئابووریش دەڵێن، هەردوو ژمارەكە بۆ هاووڵاتی توركیا مایەی نیگەرانییە و رێژەی هەڵاوسانەكە یەكجار بەرزە.
لەراپرسییەكی ئاژانسی ئەنادۆڵدا هاتووە، كە تەنیا ئابووریناسان بۆیان هەیە بەشداری بكەن، رێژەی هەڵاوسان لە ٢٠٢٤دا، ٤٣.٦٥٪ بووە، بەڵام ئاژانسی بلوومبێرگ، راپرسی ئەنجامداوە و ئابووریناسان پێشبینی دەكەن هەڵاوسان لە ٢٠٢٤ گەیشتبێتە ٧٠٪.
ئابووریناسان، قسەیان بۆ بلوومبێرگ كردووە و پێشبینییان كردووە لە مانگی پێنجدا رێژەی هەڵاوسان بگاتە ٧٣٪، بەڵام لە مانگی تەمووز و ئابدا، ئەورێژەیە دادەبەزێت بۆ ٦٣٪.
زۆرترین كاریگەریی هەڵاوسان لەسەر كەرتی پەروەردە بووە
بەهۆی بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە توركیا، هەموو شتێك گران بووە، ئەمەش وای كردووە هاووڵاتیان بناڵێنن بەدەست گرانی خۆراك و كەلوپەلی تر.
بۆ نموونە جلوبەرگ لە توركیا، بەبەراورد بە ٢٠٢٣، بەرێژەی ٥١.٢٠٪ بەرزبووەتەوە، هەروەها بەبەراورد بە ساڵی رابردوو، كەرتی پەروەردە زۆرترین كاریگەریی بەركەوتووە و بەرێژەی ١٠٣.٨٦٪ بەرزبووەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ئاژانسی (DW)بەشی توركی، لەكەرتی تەندروستیشدا هەڵاوسان بەبەراورد بە ٢٠٢٣ زیادی كردووە، بەتایبەت نرخی دەرمان و نەشتەرگەریی.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی توركیا، بەگوێرەی ئەو پلانەی دایڕشتبوو، دەبوایە لە چارەكی یەكەمی ئەمساڵدا رێژەی هەڵاوسان بكەیەنێتە ٤٠٪، بەڵام پلانەكە وا دەرنەچوو و هەڵاوسان هەر بەبەرزی ماوەتەوە، ئەمەش وای كردووە كە هاووڵاتیان نەتوانن وەكوو پێویست سكیان تێر بكەن و هەروەها وەكوو پێویستیش جلوبەرگ بكڕن و سەدان خێزانیش لەبەر گرانی نرخی خوێندن، منداڵەكانیان هێناوەتە دەرەوە و كاریان پێدەكەن، بەتایبەت لە باكووری كوردستان و ئیستانبۆڵ، ئەمەش بە مەترسی بۆ سەر كەرتی پەروەردە لێكدەدرێتەوە.
سەرەكیترین هۆكاریش، كە وای كرد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١ی٣ی٢٠٢٤، ئاكەپە ببێتە پارتی دووەم و جەهەپە ببێتە پارتی یەكەم، قەیرانی دارایی بوو لە توركیا، بۆیە ركابەری سەرسەختی ئاكەپە لەم هەڵبژاردنەدا، ئۆپۆزسیۆن نەبووە، بەڵكوو قەیرانی دارایی بوو.
رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا، لەدوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردن رایگەیاند، پەیامەكەتان گەیشت و ئێمە كاری لەسەر دەكەین و بژێوی هاووڵاتی چاك دەكەین و كار دەكەین بۆ ئەوەی هەڵاوسانی ئابووری لە توركیا كەم بكەینەوە.
حكوومەتی توركیا، هەموو هەوڵی خۆی دەدات، تا بتوانێت رێژەی هەڵاوسان لەمساڵدا بۆ ٤٠٪ دابەزێنێت، بەڵام پێشبینیكەرانی ئابووری لە توركیا، پێیانوایە تا كۆتایی ئەمساڵ، رێژەی هەڵاوسان لە ٨٠٪ نزیك دەبێتەوە و لیرەی توركیش بەرامبەر بە دۆلار داڕوخانێكی مێژووی تۆمار دەكات و رەنگە یەك دۆلار بكاتە ٤٠ لیرەی توركی.

ھەواڵی زیاتر