بەهۆی گڕکانێکەوە فڕۆکەخانەیەک لە ئەندەنوسیا داخرا

ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی گواستنەوەی ئەندەنوسیا ڕایگەیاند، فڕۆکەخانەی مانادۆ داخرا، ئەمەش بەهۆی ئەوەی لە نزیکی گڕکانێکە، کە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین جار تەقیوەتەوە.

 ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە، لە چیای ڕوانگ لە پاریزگای سولاویسی باکوور گڕکانێک تەقیەوە و خۆڵەمێشەکەی زیاتر لە کیلۆمەترێک بەرز بووەوە. بەگوێرەی ئامارەکانی دەزگای ناوخۆیی بۆ زانیاری گڕکانەکان، لە ڕۆژی چوارشەممە، چوار جاری دیکە گڕکان ڕوویداوە.

ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە، ئاستی ئاگادارکردنەوە سەبارەت بە گڕکانەکەوە لە ئاستی سێ بۆ چوار بەرزکرایەوە، کە بەرزترین ئاستە لە سیستەمی پۆلێنکردندا، هاوکات دەسەڵاتداران هۆشدارییان دا لە ڕوودانی تسونامی لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی پاشماوەی گڕکانەکە بۆ ناو دەریا.

سەبارەت بەوە  ئیدارەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی مانادۆ کە زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە گڕکانی ڕوانگەوە دوورە، ناچار بوو بۆ ماوەی 24 کاتژمێر تا ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە فڕۆکەخانەکە دابخات.

 ئەمبار سۆریۆکۆ، بەڕێوەبەری ئۆفیسی دەسەڵاتی فڕۆکەخانە ناوخۆییەکان لە بەیاننامەیەکدا ڕوونیکردەوە کە فڕۆکەخانەکە داخراوە، “بەهۆی بڵاوبوونەوەی خۆڵەمێشی گڕکانەکان کە ڕەنگە زیان بە سەلامەتی فڕۆکەوانی بگەیەنێت.”

هەروەها فڕۆکەخانەکە گەشتە ناوخۆیی و دەرەکییەکان بۆ سەنگافورە، کۆریای باشوور و چین ئەنجام دەدات.

هەر پێنجشەممە، دەزگای فریاگوزاریەکان دەستیان کرد بە چۆڵکردنی هەزاران کەس کە بەهۆی تەقینەوەی گڕکانەکەوە مەترسییان لەسەر بووە، هاوکات داوا لە دانیشتووانی شارەکە کرا کە زیاتر لە شەش کیلۆمەتر لە شوێنی گڕکانەکەوە نزیک نەبنەوە.

 ئێوارەی ڕۆژی چوارشەممە زیاتر لە 800 کەس لە “ڕوانگ”ەوە بۆ دوورگەی تاگولاندانگی دراوسێی گواسترانەوە.

ھەواڵی زیاتر