تابلۆی سیاسی تورکیا چی لێ دێت؟

كارزان گلی

دوای ٢٢ ساڵ، تابلۆی سیاسی لە توركیا لەڕووی هێزی جەماوەرییەوە گۆڕانكاری بەسەردا هات، ئاكەپە بۆ یەكەمجارە لە دوای دروستبوونییەوە بووە پارتی دووەم، جەهەپەش، دوای ٤٧ ساڵ، بۆ یەكەمجارە ببێتە پارتی یەكەم لە توركیا.

بەگوێرەی ئەو ئەنجامەی بەشێوەیەكی نافەرمی بڵاوكراوەتەوە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان، جەهەپە لە تەواوی توركیادا ٣٧.١٪ی دەنگەكانی بەدەست هێناوە، لە ١٩٧٧، بولەنت ئەجەویت كە ئەوكات سەرۆكی جەهەپە بوو، توانی ٤١٪ی دەنگەكان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان بەدەست بهێنێت، لەوكاتەوە ئەمە بۆ یەكەمجارە جەهەپە، ببێتە پارتی یەكەم.

ئاكەپە بووە پارتی دووەم

ئاكەپە، ٢٢ ساڵە تامی شكستی نەكردبوو، بەردەوام پارتی یەكەمی توركیا بووە، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا بووە پارتی دووەم و لە تەواوی توركیادا ٣٥.٥٪ی دەنگەكانی بەدەست هێنا.

بەرپرسانی ئاكەپە، دانیان بە شكستەكەیاندا نا، گوتیان ئێمە پارتێكی گەورەین لە توركیا، هەڵسەنگاندنی جیدی بۆ ئەو شكستە دەكەین و هەڵدەستینەوە.

عەبدولقادر سەلفی، رۆژنامەنووسی نزیك لە رەجەب تەییب ئەردۆغان، گوتی ”پیاوی مەرد كە كەوت، دەتوانێت هەستێتەوە“، بۆیە ئاكەپەش هەڵدەستێتەوە.

ئیستانبۆڵ، كە گرەوی گەورەی ئاكەپە و خودی ئەردۆغان بوو، ئاكەپەی دووچاری شكستێكی گەورە كردەوە، ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، بە جیاوازی ١٠٪ی دەنگەكان، توانی لە موراد كوڕووم ركابەری بباتەوە، هەروەها لە ئەنكەراش، جەهەپە سەركەوتنێكی گەورەی تۆمار كرد، بە جیاوازی ٢٨٪ی دەنگەكان لە بەربژێرەكەی ئاكەپەی بردەوە.

لە ئیستانبۆڵ، جەهەپە توانی لە ئەنجوومەنیی شارەوانییەكانیش زۆرینە بێت، ٢٥ ناوچەی بردەوە، لە كاتێكدا لە هەڵبژاردنی ٢٠١٩، توانی ١٢ ناوچە بباتەوە. ئەمجارەیان ئاكەپە ١٢ ناوچەی ئیستانبۆڵی بردەوە و ١٠ ناوچەی پێشووتری كەوتە دەستی جەهەپە.

نەخشە گۆڕانی بەسەردا هات

وەكوو ئەوەی باسمان كرد، جەهەپە توانی ببێتە پارتی یەكەم لە توركیا، ئەمە خۆی گۆڕینی نەخشەی سیاسییە لە توركیا.

جەهەپە، لە ٢٠١٩ تەنیا ١١ گەورە شارەوانیی بردبووەوە، بەڵام بۆ ئەم هەڵبژاردنە كردییە ١٥ گەورە شارەوانیی، ئەمە سەركەوتنێكی گەورە بوو بۆ ئەو پارتە.

جەهەپە لە هەموو توركیا دەنگەكانی زیادی كردووە، تەنانەت ئەو شارانەی پێشتر جەهەپە تێیدا لاواز بووە و ئاكەپە زۆرینە بوو، جەهەپە توانیویەتی لە بەشێكی سەركەوتوو بێت و لە بەشێكی تریشی بە جیاوازییەكی كەم، بە ئاكەپە بدۆڕێت، ئەمەش پێمان دەڵێت، نەخشەی سیاسی لەڕووی هێزەوە لە توركیا گۆڕانێكی گەورەی بەخۆیەوە بینیوە و جەهەپە لە تەواوی توركیادا هیزی هەیە و بڵاوبووەتەوە.

توركیا تا چوار ساڵی تر ناچێتە ناو هیچ هەڵبژاردنێكەوە، بەڵام ئەم هەڵبژاردنە گڕوتینێكی گەورەی دایە ئۆپۆزسیۆن، كە چاویان لەوە بێت لە ٢٠٢٨، بتوانن پۆستی سەركۆماری توركیا ببەن. ئاكەپە، شانسی ئەوەی هەیە، چوار ساڵی تری لە پێشە تا بتوانێت خۆی كۆ كاتەوە و بەهێزێكی زۆرەوە بچێتە ناو هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی.

وەكوو ئەوەی بەرپرسانی ئاكەپە باسی دەكەن، ئەوان لە ماوەی ئەو چوار ساڵەدا خۆیان كۆدەكەنەوە و هەڵەكانیان دەستنیشان دەكەن و كاری جیدی لەسەر دەكەن.

دەم پارتیش براوەی هەڵبژاردن بوو

ئەگەر پرسیاری ئەوە بكرێت كێ براوەی ئەم هەڵبژارنە بووە، ناكرێت تەنیا باسی جەهەپە بكرێت، بەڵكوو دەم پارتیش توانیویەتی سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت، سەرەڕای ئەو فشارە گەورەیەی لەسەری بووە لەڕووی میدیایی و فیزیكییەوە.

لە ٢٠١٩، هەدەپە توانیبووی سێ گەورە شارەوانیی بباتەوە، هەروەها شەش شاری بردبووەوە، بەڵام ئەمجارەیان دەم پارتی، توانی پارێزگاری لەوە بكات هەرسێ گەورە شارەوانیی باكوور بباتەوە (ئامەد، مێردین، وان)، هەروەها ٧ شارەوانیی شارەكانیی بردەوە و جیا لەوەش توانی لە تەواوی توركیادا لە ٦٣ ناوچەدا شارەوانییەكان بباتەوە.

لە ئیستانبۆڵ، رێككەوتنی نێوان دەم پارتی و جەهەپە، شتێكی شاراوە نەبوو، ئەمەش ئاكەپەی نیگەران كرد.

دەم پارتی، بە بەربژێركردنی مەڕاڵ دانش بێشتاش، بۆ بازنەی ئیستانبۆڵ، ئەوەی سەلماند كە دەیەوێت ئەكرەم ئیمامئۆغڵو، ئیستانبۆڵ بباتەوە، چونكە دەنگدەری دەم پارتی دەنگ بە دانش نادەن و كەسێكی قبوڵكراو نییە.

دانش، تەنیا ٢٪ی دەنگەكانی بەدەستهێنا، لە كاتێكدا قورسایی دەم پارتی لە ئیستانبۆڵ ١٠٪ە، كەواتە ٨٪ی دەنگی دەم پارتی بۆ ئیمامئۆغڵو بووە.

دانش، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاشكرای كرد، با ئیمامئۆغڵو دڵی خۆی خۆش نەكات كە ئەو دەنگانەی هێناویەتی دەنگی خۆیەتی، نەخێر دەنگدەری كورد، بۆ ئەوەی سزای ئاكەپە و ئەردۆغان بدات، دەنگی بە ئیمامئۆغڵو داوە.

ئەم گوتەیەی دانش سەلمێنەری ئەوەیە، دەم پارتی رێككەوتنی نهێنی لەگەڵ جەهەپەدا هەبووە، تا لە ئیستانبۆڵ دەنگەكانیان بۆ ئەوان بێت.

نەژادپەرستەكان بەرەو هەڵوەرین دەچن

ئەوەی مایەی دڵخۆشییە بۆ كورد لە توركیا، پارتە نەژادپەرستەكان بەرەو هەڵوەرین دەچن، لەم هەڵبژاردنەدا دووچاری شكستی زۆر گەورە بوونەوە.

پارتی خاس، لە هەڵبژاردنی ٢٠٢٣، توانی ٩.٥٪ی دەنگەكان بەدەست بهێنێت، ئەمەش سەركەوتن بوو بۆ ئەوان، بەڵام لەم هەڵبژاردنەدا ٣.٥٪ی دەنگەكانی بەدەست هێنا و دووچاری شكستێكی گەورە بووەوە.

ئەم شكستەی پارتی خاس، بەئاسانی تێنەپەڕی، هەرزوو بەشێكی بەرپرسانی ئەو پارتە، گوتیان دەبێت پارت بچێتە ناو كۆنگرە و سەرۆكێكی تر هەڵبژێرن.

مەڕاڵ ئاكشەنەر، سەرۆكی پارتی خاس، لە لێدوانێكدا داوای لە پارتەكەی كرد، بچنە ناو كۆنگرەی نائاسایی و ئیتر ئەو خۆی بەربژێر ناكاتەوە بۆ سەرۆكی پارت.

دەكرێت بڵێین، پارتی خاس بەرەو هەڵوەرین دەچێت و ئیدی نابێتەوە ئەو پارتە لە پەرلەمان خاوەنی ٥٠ كورسی بێت.

هەروەها مەهەپەش، دەنگەكانی زۆر كەمی كردووە و دووچاری شكست بووەتەوە، ئەو پارتە كە لە ٢٠٢٣ توانی ١٠.٣٪ی دەنگەكان بەدەستبهێنێت و بە ئاكەپەی دەگوت، ئەگەر دەنگی ئێمە نەبێت پۆستی سەركۆماری توركیاتان نەدەبرد، كەچی لەم هەڵبژاردنە بە شكست لێی چووە دەرەوە و تەنیا ٤.٢٪ی دەنگەكانی بەدەست هێناوە.

بەبەراورد بە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٢٠١٩، مەهەپە ٣.٥٪ی دەنگەكانی لەدەست داوە.

ئەگەر زۆرە، مەهەپەش بچێتە ناو كۆنگرە و ئیدی لە شوێنی دەوڵەت باخچەلی، كەسێكی تر ببێتە سەرۆكی پارت.

باس لەوەش دەكرێت، لە هەڵبژاردنی داهاتوو، هاوپەیمانیی نێوان ئاكەپە و مەهەپە كۆتایی پێدێت، چونكە ئاكەپە، لەگەڵ پارتێكدا ناچێتە ناو هاوپەیمانیی كە بەرەو توانەوە بچێت.

دەم پارتی پارێزگاری لە شارەوانییەكانی دەكات؟

ئەوەی بووەتە مایەی پرسیار و قسەی زۆری لەسەر دەكرێت، ئایە دەم پارتی ئەو شارەوانییانەی بردویەتییەوە، قەیووم دەكرێت یان ناكرێت؟ چونكە لە ٢٠١٩، كاتێك توانی سەركەوتنی گەورە بەدەست بهێنێت، حكوومەتی توركیا، ٨٠٪ی شارەوانییەكانی قەیووم كرد و بەبەهانەی ئەوی بەنهێنی كار بۆ پەكەكە دەكەن، بەشێكیانی خستە زیندانەوە.

ئایە بۆ ئەم هەڵبژاردنەش، ئاكەپە فشار دەخاتە سەر دەم پارتی و شارەوانییەكانی لێوەردەگرێت؟ بەتایبەت كاتێك بۆی دەركەوت لە ئیستانبۆڵ، بەنهێنی دەنگیان بە جەهەپە داوە، تا شكست بە بەربژێرەكەی ئاكەپە بهێنن.

لە چەند هەفتەی داهاتوو روون دەبێتەوە، كە قەدەری شارەوانییەكانی دەم پارتی چی لێدێت.

ھەواڵی زیاتر