ئەمشەو سێشەممە 2026.10.27، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، بە یاوەری سەرۆک و دەستەی کارگێری یانەی هەولێر، بە مەبەستی چاودێریکردن و دڵنیابوونەوە لە بەڕێوەچوونی کارەکان و چۆنیەتی تەواوكردنی پڕۆژەكە، سەردانی پڕۆژەی نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی “شەهید فەڕەنسۆ هەریری” کرد.
لەسەردانەكەیدا، پارێزگاری هەولێر لەگەڵ ئەندازیار و سەرپەرشتیاران کارەکانی قۆناغی کۆتایی پڕۆژەکەی بەسەرکردەوە و دەستخۆشی لە تیمەکانی جێبەجێکار کرد بۆ کارکردنی بەردەوام و خێرایان لە پێناو تەواوکردنی پڕۆژەکە لە کاتی دیاریکراوی خۆیدا، بۆ ئەم مەبەستەش پارێزگاری هەولێر، سوپاسی ڕێزدار مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد، کە سەرەڕای قەیران و تەنگانەی دارایی ئێستای هەرێمی کوردستان، بە ڕۆحێکی نیشتمانپەروەرانە و بە سەخاوەتەوە ڕەزامەندی لەسەر نۆژەنکردنەوەی یاریگای نێودەوڵەتی فڕەنسۆ هەریری دا.
بێگومان، ئەم بڕیارە جگە لە گرنگیی وەرزشییەکەی، پەیامێکی ڕوونی پشتیوانی و گرنگیدانە بە بزاڤی وەرزش و لاوانی کوردستان و پاراستنی پێگە و مێژووی وەرزشی شاری هەولێر.
پارێزگاری هەولێر، ئەوەشی راگەیاند کە تێچووی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە بە بڕی ٤ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دینار خەمڵێنراوە؛ ئەوەش لە خۆیدا گرنگی ئەو یاریگایە و پێویستیی نۆژەنکردنەوە و گەڕاندنەوەی شکۆی وەرزشییەکەی دەردەخات.
هەر لە میانی کۆنگرەکەیدا، وێرای سوپاسکردنی سەرۆک و دەستەی کارگێری یانەی هەولێر، کە بە دڵسۆزی وەک یەک تیم کاریان بۆ سەرخستنی یانەی هەولێر کردووە، ئاماژەی بەوە کرد، کە یاریگای فەڕەنسۆ هەریری هێمایەکی دێرین و گرنگی وەرزشیی شاری هەولێر و کوردستانە، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە گرنگییەوە دەڕوانێتە پەرەپێدانی ئەم ژێرخانە بۆ ئەوەی بە شێوازێکی مۆدێرن و شایستە پێشوازی لە هاندەران و خولە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بکات.
جێگەی باسە، کارەکانی نۆژەنکردنەوەی یاریگاکە بە پاڵپشتی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، کە تێیدا تەواوی کورسییەکانی جەماوەر، نۆژەنکردنەوەی بەشی (VIP) و گشت هۆڵ و شوێنەکانی حەوانەوەی یاریزانان بە پێوەرە جیهانییەکان ئەنجام دراون.

