مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەكانی عێراق بەڕێوە دەچێ، كە دوێنێ دەستی پێ كرد و ئەمڕۆ و سبەینێش بەردەوام دەبێت.
یانەی زاخۆ، هەرچەندە ئامادەكارییەكی باش و گواستنەوەی یاریزانانی سەركەوتوو بوو، بەڵام تا ئێستە تیپە دەلالەكەی كوردستان، نەیتوانیوە ڕێچكەی سەركەوتن و ئەنجامە باشەكان لە خولی ئەستێرەكانی عێراقدا بدۆزێتەوە.
زاخۆ لە 6 یاری تەنیا 6 خاڵی هەیە، لە دوای یاریی ڕابردوویشیان لەگەڵ جۆلان كە یەكسان بوون، بەشێكی هاندەرانیان یەخەی یاریزانانیان گرت، بەوەی وەكوو پێویست نین و هەموو شتێكیان بۆ كراوە لە یاریزانی باشی و راهێنەری نوێ و ستافی كارگێڕیی كارا، بەڵام ئەنجامەكانیان خراپن. یاریزانانیش بەڵێنی چوونە سەر ڕێگەی سەركەوتنیان دا.
یانەی مووسڵ، كە ئەمڕۆ میوانی زاخۆییەكانە، ئەنجامەكانی كەمێك لە زاخۆ باشترە و خاوەنی 8 خاڵە. زاخۆ دەیەوێ ئەمڕۆ بەربەستی ئەنجامە خراپەكان تێك بشكێنێ و ببێتەوە زاخۆ مەترسیدارەكەی ساڵانی پێشتر. كە یاریگە قەشەنگەكەی دەلال، هەموو تیپەكانی دیكە بە ترسەوە یارییان بەرانبەر زاخۆییەكان دەكرد.
یانەی نەورۆزیش، كە سەرەتا وەكوو پێویست نەبوو، بەرەبەرە ڕێچكەی ئەو ئەنجامانەی گرت كە دڵی هاندەرانی خۆش دەكات و سبەی دووشەممەش بەرانبەر جۆلان یاری دەكات و خوازیارە ئەنجامە باشەكانی بەردەوام بێت.
یانەی هەولێر، كە ئامادەكارییەكی درەنگوەخت و ماوەی گواستنەوەی لە دواكاتەكاندا بە زەحمەتی جێبەجێ كرد، بەڵام یاریزانان و ستافی كارگێڕی و هونەریش كارێكیان كرد هەرزوو جێی خۆیان لە خولەكەدا بەهێز كرد و هەر لەكیسدان دوو خاڵی یارییەكەیان بەرانبەر جەوییە نەبووایە لە یاریگەی فرەنسۆ هەریری كە لە دواساتەكانی یارییەكەدا گۆڵی لێ كرا. ئێستە بەبێ ڕكەبەر لە خانەی یەكەمی خولی ئەستێرەكانی عێراقدا بوو.
یارییەكانی ئەمڕۆ یەكشەممە:
مووسڵ – زاخۆ كاتژمێر 06:45ی ئێوارە
كارەبا – مینا كاتژمێر 06:45ی ئێوارە
كەرخ – دهۆك كاتژمێر 09:00ی شەو.
نەوتی میسان – تەڵەبە كاتژمێر 09:00ی شەو.
یارییەكانی سبەی دووشەممە:
جۆلان – نەورۆز كاتژمێر 06:45ی ئێوارە
نەوت – كەربەلا كاتژمێر 06:45ی ئێوارە
هەولێر – گەرمە كاتژمێر 09:00ی شەو

