رۆژنامەی ھەولێر

یانەیەکی کوردی لە پاڵەوانێتییەکی جیهانی سەرکەتنی گەورەی بەدەستهێنا

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

تیپی تایکواندۆی یانەی وەرشی پەروەردە بەشداریی پاڵەوانێتیی نێودەوڵەتی کراوەی ئوردن کردووە، لەنێو 110 یانەی جیهان کوڕە کوردێکی شاری هەولێر پلەی سێیەمی بەدەستهێنا و میدالیای زێوی لە مل کرا.

یانەی پەروەردە بە نوێنەرایەتی هەرێمی کوردستان بە پێنج یاریزان و راهێنەرێکی لاو بەشداریی پاڵەوانێتییەکەی کردەوە کە 110 یانە لەسەر ئاستی هەموو جیهان بەشدارن، پێکهاتەی یانەی پەروەردەی کوردستان بریتیین لە: محەممەد مزەفەر، راهێنەر لەگەڵ یاریزانان ئاکام فەرمان، لەوەند شەمسەدین، مەتین شوان، سەهەند شەمسەدین، عومەر عەلی.
پاڵەوانێتییەکە هەفتەیەکە دەستیپێکردووە، نوێنەرەکەی کوردستان لەسەر هەر سێ ئاستی پیشکەوتووان، لاوان و تازەپێگەیشتووان رکابەریی کرد، لە رکابەریی ئاستی پێشکەوتووان لەوەند شەمسەدین، توانی میدالیای بڕۆنز لە ئاستی پێشکەوتوان بباتەوە.
محەممەد مزەفەر، راهێنەری تیپی تایکواندۆی یانەی پەروەردە لە ئوردنەوە بە رۆژنامەی هەولێری راگەیاند شانازییە بە ناوی پەروەردەی کوردستان بەشداریی ئەو پاڵەوانێتییە گەورەیەی کردووە، دەشڵێت: زۆربەی یانە گەورەکان لەسەر ئاستی جیهان بەشدارن و هەموو هەوڵی ئێمە بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باش و بەدەستهێنانی دەستکەوتە بۆ کوردستان”.
محەممەد مزەفەر گوتیشی: بە ئاڵای کوردستانەوە سەرنجی وڵاتانمان راکێشاوە و بەردەوام دەبین لە رکابەریکردن و بردنەوەی مێدالیای زیاتر.
بڕیارە لە رۆژانی داهاتوو یاریزانانی یانەی پەروەردە لەسەر ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتووان رکابەریی بکەن، چاوەڕواندەکرێت پاڵەوانانی کورد ژمارەیەک میدالیای جیهانی جۆراوجۆر لە پاڵەوانێتییەکەدا ببەنەوە.
ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستانە سەرپەرشتی گەشتی شاندی یانەی پەروەردە دەکات بۆ بەشداریکردن لە پاڵەوانێتیی تایکواندۆی نێودەوڵەتی کراوەی ئوردن.
پاڵەوانێتییەکە بە بەشداریی 110 یانە بەرێوەدەچێت و یانە بەشدارەکان لە 40 وڵاتی جیاوازەوە بەشدارییان کردووە، یانەی پەروەردە بە پێنج یاریزان بەشدارە، بڕیارە یاریزانەکانی لەسەر ئاستی لاوان و تازەپێگەیشتوان و لاوان ململانێی بردنەوەی میدالیای زێڕ بکەن.