رۆژنامەی ھەولێر

لە ڕاستیدا، ئیتر دڵم نەبوو ناساندنی کتێبی (بیرەوەرییەکانی پەڕەسێلکە)ی (ئامێلی نۆتۆمب)

 

 

(ئێمە، هەڵدەدرێینە نێو ترس و تۆقینی زیندوونەوە. )
ئەم ڕستەیە، سەرەتای گێڕانەوەی ڕەنج و ئازارەکانی پیاوە جەحێڵەکەی ڕۆمانی (بیرەوەرییەکانی پەڕەسێلکە* – Journal d Hirondelle)یە بە قەڵەمی (ئامێلی نۆتۆمب – Amélie Nothomb)ە، کەسایەتییەک کە لە چەق و جەرگەی ڕەنج و تاریکییەوە لەدایک بووە و بڕیاری داوە لەو بیرەوەریانە تێپەڕێت کە دڵی تەواو ئازار دەدەن. (بیرەوەرییەکانی پەڕەسێلکە)، گێڕانەوەی یاخیبوونێکە لە ناو پانتایی و جوگرافیای زیندانی جەستە.
ئەم بەرهەمە، تێڕوانینێکی نوێی هەیە بۆ خەم و بەتاڵبوونەوە. خەمێک کە هەر ڕۆژەی زیاتر دەکەوێتە کەوڵی مرۆڤ و لە ناخەوە بەرەو شێتی و نەمان پاڵی پێوەدەنێت. شێتبوونێک کە جاری وایە بە بەهاکی لەدەستدانی هەتاهەتایی خودە. ئەزموونێکیش لە نەبوون، لە هەمان کات لەگەڵ ژیانێکی جیاواز لەوەی کە بووین و بۆ ئایندە وێنامان دەکرد، ئەزموونی مەرگێکی ناوەکی کە کار دەکاتە سەر هەموو هەستەکانی مرۆڤ.
(هەموو شتێک لە هەشت مانگ پێش دەستی پێکرد. سەرقاڵی ئەزموونکردنی ئازاری خۆشەویستییەکی بێزارکەر بووم کە هەر باسی نەکەم باشترە. لەگەڵ ئازارەکەمدا، شەرمەزارییش دەچووە سەر ئازارەکەم. بۆ ئەوەی ڕێگری لەم ئازارە بکەم، دڵم لە جێی خۆی هەڵقەند. کارێکی سادە بوو، بەڵام هێندەش کاریگەر نەبوو. چەقی ئازارەکە مابووەوە و دە هەموو شوێنێکمەوە گەڕابوو: لەژێر و لەسەر پێستم، لەنێو چاو و گوێچکەکانم. هەستەکانم ببوونە ئەو دوژمنانەی کە دەستیان لە بیرهێنانەوەی ئەم حیکایەتە بێزارکەرە هەڵنەدەگرت. بۆیە بڕیارم دا هەستەکانم بکوژم. هێندە بەس بوو کلیکە ناوەکییەکەی بدۆزمەوە و بکەومە نێو جیهانێک کە نه سارد بێت و نه گەرم. ئەمە خۆکوژییەکی هەستیارانه بوو، سەرەتای بوونێکی نوێ بوو. لەوە بەدەواوە بوو کە ئیتر ئازارم نەبوو. ئیتر هیچم نەبوو. )(بەشێک لە ڕۆمانەکە)
خەریک بووم نەبوونێکم ئەزموون دەکرد
ڕۆمانی (بیرەوەرییەکانی پەڕەسێلکە)، دەربارەی پیاوێکی جەحێڵی چینی ناوەڕاستی کۆمەڵگەیە کە بە دوای گۆڕانکارییە ناوەکییەکانی خود و ئەو ڕووداوانەی تێیپەڕاندووە، بڕیاری دووبارە بەرهەڤکردنەوەی هەستە لەدەستچووەکانیەتی، و لەگەڵ ئەم بڕیارە قورسە، پەنا دەباتە بەر کوشتن.
کوشتنێک کە چێژێکی خەمناکی لەگەڵە بۆی. پیاوە جەحێڵەکە ڕاسپێردراوە بۆ کوشتنی کەسانی جیاوازی کۆمەڵگە و هیچ ناسیاوییەکیشی لەگەڵ قوربانییەکانی نییە، وەک ئەوەی لە تەواوی ئەم کوشتنانەدا بە جۆرێک خۆی وەک قوربانیی خۆی دەبینێتەوە.
هەستی بێهودەیی و پووچگەرایی، ئەوی بۆ ئەم کارە ڕاکێشاوە و گێڕانەوەیەکی نوێ لە ڕەنج و ئازار لە ژیانیدا تۆمار دەکات. ئەو بەدوای دۆزینەوەی ڕاستی و مانایەکی نوێیە لە ژیانە لەدەستچووەکەی. ئەم بەرهەمە سەربووردەی ئەو مرۆڤانەیە کە بەهۆی هەستی وازلێهێنران و بەتاڵی و پووچییەوە دەتوانن لە مرۆڤێکی ئاساییەوە بگۆڕێن بۆ بکوژێکی بێبەزەیی.
(جەستە، خراپ نییە، ئەوە ڕۆحە کە خراپە. جەستە هەمان خوێنە؛ بێگەرد. ڕۆح هەمان مێشکە؛ چەوری. چەوریی مێشکە کە خراپەی بەرهەم هێناوە. پیشەی من بریتییە لە خراپەکردن، ئەگەر بەم هەموو بێچاووڕووییەوە ئەنجامی دەدەم، بەهۆی ئەوەوەیە کە ئیتر جەستەیەکم نییە تا دەستەمۆ و ڕامکەری ڕۆحم بێت). (بەشێک لە ڕۆمانەکە)
لەبارەی منەوە قسەیان دەکرد، بەڵام کەس نەیدەزانی من کێم
ئەو (کارەکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە) لە کاتی زنجیرە کوشتنەکانیدا، پەڕەسێلکەیەک (کچێک) دەبینێت کە هەستە کپ و لەدەستچووەکانی یەکهۆ زیندوو دەکاتەوە، هاوشێوەی تیشک و ڕووناکییەک کە لە تاریکیدا دەدرەوشێتەوە و مرۆڤ لە خەوێکی قووڵ هەڵدەستێنێت.
ئەو، لە هەوڵی تێگەیشتنی حەقیقەت و ڕاستیی ژیانی ئەو کچەی کە کوشتوویەتی، وردە وردە حەقیقەتی ئێستای خۆی لەبیر کرد. خەریک بوو لەبیری دەچووەوە کە بکوژێکە و لەم قۆناغەشدا دیسان دەستی دایەوە یاخیبوونێکی دیکە.
(لە کۆتاییدا، تیرهاوێژ و نیشانەشکێنبوونی لێهاتوو هیچ بەکەلکم نەهات، تەنها ئەوە نەبێت کە کردمی بە ئامانجێکی باڵا بۆ نیشانەگرتن. پەڕەسێلکەکە (کچەکە) کەمتر لە خولەکێک سەیری کردم، بەڵام تیری تێڕوانینەکەی دای لە ناو دڵ و ئامانجەکە. دوای ئەوەی کە بیرکەنەکە کەوتە ناو بیرەکەوە، بکوژەکەش بووە کوژراو. من قبووڵی دەکەم کە بۆ پاراستنی نهێنییەک کە لێی تێناگەم بمرم. هیچ ڕوونکردنەوەیەکیشم بۆی نییە، ئەمە کردارێکی باوەڕئاسایە). (بەشێک لە ڕۆمانەکە)
کەمێک لەبارەی نووسەر
ئامێلی نۆتۆمب، نووسەری بەلجیکی و فەڕەنسی ‌زمان، لە ٩ی تەممووزی ١٩٦٦ لە ژاپۆن لەدایکبووە. نۆتۆمب تاوەکو ئێستا خەڵاتی جۆراوجۆری ئەدەبی پێبەخشراوە. هەروەها ئەندامی دەستەی داوەرانی خەڵاتی دیسەمبەرە. ڕۆمانی (تینوویەتی)یەکەی کە نازناوی (ئینجیل بە گێڕانەوەی نۆتۆمب)یان پێبەخشیوە، یەکێک بوو لە سێ پاڵێوراوی کۆتایی خەڵاتی گۆنکۆر لە ساڵی ٢٠١٩. لە ساڵی 2021، ڕۆمانی (یەکەم خوێن) خەڵاتی ڕێنۆدۆی پێبەخشراوە.
بەرهەمەکانی نۆتۆمب، ئەمڕۆکە لە ڕیزی پڕفڕۆشترین پەرتووکە ئەدەبییەکانی فەڕەنسان. ئەم نووسەرە لە پێکهاتەی نووسینە مۆدێرنەکانی خۆیدا، سوود لە ڕەگەزی جۆراوجۆری وەک ئەفسانە، فەلسەفە و ئەدەبیاتی کلاسیک وەردەگرێت. لە بەرهەمە دیارەکانی دەکرێت ئاماژە بە (ساغڵەمی بکوژ)، (خەرابکارییە عاشقانەکان)، (ڕیشی شین)، (تینوویەتی)، (ڕێنمایی ڕۆح) و (باوککوژی) بکرێت.

سەرچاوە:
ماڵپەڕی ئاڤانگارد

پەراوێز:
* (پەڕەسێلکە) یا ئەوەی کە پێی دەگوترێت (پەرەستوو)، بەو ژن و کچانە دەگوترێت کە لە لایەن دەوڵەت یا ڕێکخراوێکەوە بەکار دەهێنرێن بۆ سیخوڕی.