ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
بەگوێرەی تۆڕی هەواڵی ئی ئێس پی ئێنی ئەمریکا ماوەی ساڵێکە خۆرخێ مێسی بەهۆی نەخۆشییەکی کوشندەوە ناڵاندوویەتی، بەڵام خانەوادەکەی وردەکاری نەخۆشییەکەیان بەنهێنی هێشتووەتەوە بۆ ئەوەی کاریگەری دەروونی خراپ لەسەر تەشەنەسەندنی نەخۆشییەکەی خۆرخێ دروست نەکات. دواجار بەرەبەیانی شەممەی رابردوو لە بنکەیەکی تەندروستی لە شاری رۆزاریۆی ئەرجەنتین، خۆرخێ مێسی باوکی ئەفسانەی تۆپی پێ لیۆنێل مێسی لە تەمەنی 68 ساڵیدا گیانی سپارد.
مێسی بەهۆی کۆچی دوایی باوکی، گەڕایەوە رۆزاریۆ و بەشداریی یارییەکەی دوێنێی ئینتەر میامی بەرامبەر مۆنتێری نەکرد و بەهۆیەوە تیپەکەی مێسی یارییەکەی دۆڕاند.
لیۆنێل مێسی بەنیازبوو لەپێناوی باوکی ئەم وەرزە لە یانەیەکی ئەرجەنتینی یاریی بکات، بەڵام مەرگ رێگای نەدا مێسی بەوم ئاواتەی بگات.
دوای ئەوەی بەرەبەیانی دوێنێ لیۆنێل مێسی و ئانتۆنێلای خێزانی گەیشتنە رۆزاریۆ بۆ ئەوەی لە پرسە و رێوڕەسمی بەخاکسپاردنی تەرمی باوکی ئامادە بێت.
رۆژنامەی ئۆلێی ئەرجەنتین نووسیویەتی: لیۆنێل مێسی تەنیا بۆ ئەوەی لە باوکی نزیک بێت و لە کۆتاییەکانی تەمەنی بەیەکەوە بژین، بەنیازبوو کۆتایی ئەم وەرزە دوای تەواوبوونی خولی ئەمریکی پەیوەندی بە یانەی نیوئۆڵدبۆیزی ئەرجەنتینی یانەی منداڵی خۆی بکات و لەوێ درێژە بە یاریکردن بدات، بۆ ئەوەی لە کۆتاییەکانی تەمەنی باوکی لەگەڵی بژی، بەڵام ئەم ئاواتەی مێسی نەهاتەدی و باوکی لە تەمەنی 68 ساڵی بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجە کۆچی دوایی کرد.

