سووتانەوە و داخورانی پێست لە شوێنی دایبی، یەکێکە لە کێشە باوەکانی تازەلەدایکبووان و منداڵانی ساوا کە دەبێتە هۆی ناڕەحەتیی منداڵەکە و بێزاركردن و دڵەڕاوكێی دایک و باوکەکەی.
د. کۆیان زاهیر هەورامی، دکتۆرا (بۆرد) لە نەخۆشییەکانی منداڵان و تازەلەدایکبووان، ڕوونی دەکاتەوە: “سووتانەوە بە دایبی بریتییە لە سووربوونەوە و دەرکەوتنی پەڵەی سوور لە ناوچەی هەستیاریی منداڵ و دەوروبەری”.
نیشانەکانی سووتانەوەی پێست بە دایبی
بەپێی وتەی پسپۆڕان، نیشانەی سەرەکیی ئەم حاڵەتە بریتییە لە سووربوونەوەی پێست لە شوێنی دایبییەکە، لەوانەش ناوچەکانی سمت، ڕان و بەشە هەستیارەکان. زۆر جار بە شێوەی پەڵە دەر دەکەوێت و منداڵەکە تووشی ئازار دەکات، بە تایبەت لە کاتی پاککردنەوە یان بەرکەوتنی دەست بەو ناوچەیەدا.
لە حاڵەتە توندەکاندا ئەم نیشانانە دەردەکەون:
• دروستبوونی تلۆق و برینداربوونی پێست.
• ئەگەر پێستەکە تووشی هەوکردنی میکرۆبی ببێت، ڕەنگەکەی سووری گەش دەکات و دەئاوسێت.
• دەرکەوتنی دەردراو (تەڕبوون) لە برینەکان و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمای لەشی منداڵەکە (تا).
• بڵاوبوونەوەی پەڵە سوورەکان بۆ دەرەوەی ناوچەی دایبییەکە.
هۆکارە سەرەکییەکانی سووتانەوە بە دایبی
د. کۆیان زاهیر ئاماژە بە چەند هۆکارێک دەکات کە دەبنە هۆی دروستبوونی ئەم کێشەیە:
1. تەڕی و پیسبوونی زۆر: بەرکەوتنی درێژخایەنی پێست بە دایبیی تەڕ یان پیسبوو. هەروەها منداڵێک سکچوونی هەبێت زیاتر تووشی ئەم کێشەیە دەبێت.
2. لێخشاندن: تەسکبوونی دایبییەکە یان لێخشاندنی بەردەوامی بە پێستی منداڵەکەوە.
3. تەقینەوەی کەڕووەکان: ئەم کەڕووە لە شوێنی شێدار و گەرمدا بە خێرایی گەشە دەکات.
4. کارلێکی هەستیاری: بەکارهێنانی سابوون، کلێنسی تەڕ.
5. گۆڕینی سیستمی خواردن: زیادکردنی خواردنی نوێ بۆ منداڵەکە دەبێتە هۆی گۆڕانکاری لە پێکهاتە و ژمارەی پیسایی کە ئەگەری سووتانەوە زیاد دەکات.
6. بەکارهێنانی دژەبەکتریا: دژەبەکتریاکان جگە لە بەکتریای زیانبەخش، بەکتریای بەسوودیش لەناو دەبەن، کە ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ گەشەی کەڕووەکان و تووشبوون بە سکچوون.
کەی پێویست دەکات سەردانی پزیشکی منداڵان بكرێت؟
پێویستە دایکان و باوکان بە زووترین کات سەردانی پزیشک بکەن ئەگەر:
• سووتانەوەکە زۆر توند بوو یان لەگەڵ چارەسەری ماڵەوەدا خراپتر بوو.
• شوێنی سووتانەوەکە خوێنی لێ هات یان تەڕایی و دەردراوی هەبوو.
• بووە هۆی ئازارێکی زۆر لە کاتی میزکردن یان پیساییکردندا.
• تا (بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی) لەگەڵدا بوو.
ڕێنماییەکانی خۆپارێزی بۆ دایکان و باوکان
بۆ پاراستنی منداڵەکەت لە سووتانەوەی پێست، پزیشکانی منداڵان ڕێنمایی ئەم هەنگاوانەی خوارەوە دەکەن:
• گۆڕینی بەردەوامی دایبی: زوو زوو پشکنین بۆ دایبیی منداڵەکە بکە و لە کاتی تەڕبوون یان پیسبووندا ڕاستەوخۆ بیگۆڕە.
• وشککردنەوەی پێست: لێگەڕێ پێستی منداڵەکە بە تەواوی وشک ببێتەوە، پاشان دایبییەکی نوێی بۆ ببەستە.
• نەبەستنی توندی دایبی: دایبییەکە زۆر بە توندی مەبەستە تاکو هەواگۆڕکێ هەبێت.
• دوورخستنەوەی لەزگە: ئاگادار بە لەزگەی بەستنی دایبییەکە بەر پێستی منداڵەکە نەکەوێت.
• شوشتنی دەستەکان: پێش و دوای گۆڕینی دایبی، دەستەکانت بە باشی بشۆ بۆ ڕێگریکردن لە گواستنەوەی میکرۆب.
• بەکارهێنانی مەڵهەمی پارێزەر: بۆ ئەو منداڵانەی پێستیان هەستیارە، لە کاتی گۆڕینی دایبی بەکارهێنانی مەرهەمی پارێزەر (وەک ڤازلین یان زینکئۆکساید) بەسوودە.

