رۆژنامەی ھەولێر

فێران تۆرێس مەرجێکی ئاشکرای خستە بەردەم بەرشلۆنە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی

 

تۆرێس مەرجێکی ئاشکرای خستە بەردەم بەرشلۆنە بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی
فێران تۆرێسی تەمەن ٢٦ ساڵان، مەرجێکی نوێ بۆ یانەی بەرشلۆنە دادەنێ بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی، هەر گفتوگۆیەکیش بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەێ، بەندە بەو مەرجەی فێران دایناوە.
لە ماوەی گەڕانێکی یانەی بەرشلۆنە بۆ ئەمریکا، لە دیمانەیەکدا کە تۆڕی مێدیایی وەرزشی سپۆرتیکۆ لەگەڵیدا کردووە، فێران تۆرێس بە ئارامی قسەی کرد و رایگەیاند لەسەر بەرشلۆنە پێویستە کە خۆی یەکلا بکاتەوە کە منی دەوێ، دەکرێ پێشنیازی دانوستان بکەن و لە کۆتاییدا قسە لەسەر هەموو شتێک دەکرێ و کۆتایی پێ دێت.
باسی ناوی فێران تۆرێس دەکرێ کە چەندان یانەی گەورەی ئەورووپا ڕکەبەری بۆ دەستخستنی دەکەن، لە پێشیانەوە یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی، لەو ڕووەوە ئەو یاریزانە رایگەیاندووە: هەر کاتێک ئەو تیپ و یانانە تۆیان بووێ، ئەوە کارێکی باشە.
سەرەڕای ئەوەیش، تۆرێس پێداگرە لەوەی پێشینەی بۆ بەرشلۆنەیە، ئاماژەی بەوەش کرد، گرێبەستەکەی ئێستای ئارامیی دەروونیی پێدەبەخشێت بۆ ئەوەی مامەڵە لەگەڵ داهاتوودا بکات، لەو ڕووەوە بەم جۆرە کۆتایی بە قسەکانی هێنا: گرێبەستم لەگەڵ بەرشلۆنەدا هەیە، ڕاستە لە تۆپی پێدا بە هیچ شێوەیەک نازانی چی روو دەدا، بەڵام بەشە باشەکە ئەوەیە کە گرێبەستم هەیە، دەکرێ چاوەڕێ بکەم و بڕیار لەسەر خۆم بدەم.
لەلایەکی دیکەوە، یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی، هەموو سەرنج و توانای دەخاتە سەر سەرخستنی بۆندی فێران تۆرێسی یاریزانی یانەی بەرشلۆنە، دوای ئەوەی پێشتر لە گرێبەستی یان دیۆماندی لە بەرژەوەندیی یانەی ریاڵ مەدرید كشابووەوە،
یانەی پاریس سان جێرمان دەرك بەوە دەكات، كە بە هۆی ئەو ئاستەی فێران لە مۆندیال پێی دەركەوت، كارەكە سەخت دەبێ، بەڵام بەرشلۆنە تا ئێستە نەیتوانیوە گرێبەستی لەگەڵدا نوێ بكاتەوە.
بەرشلۆنە فشار لەسەر فێران دروست دەكات بۆ بەردەوامبوون لە ریزەكانی یانەكەیان، بەڵام ئەوە پرسیارە كە كاتەكە بۆ وا درەنگ كەوت؟ بۆچی بەرشلۆنە ماوەیەكی زۆر ئەو پرسەی ڕاگرتبوو؟
ئەو یاریزانە جۆرێك لە دڵشكانی پێوە دیارە، چونكە زۆربەی دۆسیەكان پێش ئەو یەكلا كرانەوە.
فێران پەیوەندییەكی بەهێز بە بەرشلۆنەوە گرێی داوە، دەرك بەوە دەكات كە هەلی یاریكردنی زیاتری دەبێ گەر یانەكە گرێبەست لەگەڵ جۆلیان ئەلڤارێزدا نەكات لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا.
دەرك بەوەیش دەكات كە دەستخستنی فێران تۆرێس زۆر سەختە، بە تایبەت كە یانەكە هێزێكی گەورەی هێرشبەریی هەیە.
گەر پاریس لەگەڵ تۆرێس بگاتە ڕێككەوتن، قسە و دانوستان لەگەڵ بەرشلۆنە دەست پێ دەكات و هەردوولا ناچار دەبن بگەنە ڕێككەوتن، چونكە یاریزانە تەنیا یەك ساڵ لە گرێبەستەكەی ماوە.

ئایا دیاز دەبێتە قوربانی؟ مۆرینهۆ چەند بڕیارێکی سەخت دەدات و پێکهاتەی مەدرید دەگۆڕێت
دوای سێ هەفتەی مەشق و راهێنانی سەخت و چڕ، خۆزێ مۆرینهۆی راهێنەری پورتوگالی، بەرەبەرە ئەو شێوازە یاریکردنە دەست پێ دەکات کە خواستی لێیە لە ریاڵ مەدرید جێبەجێی بکا، ئەویش پلانی یاریکردنی ٤-٢-٣-١ـە، کە بژاردەگەلی هێرشبەری پێ دەدا، بەڵام لە هەمان کاتدا دەیخاتە بەردەم دووڕیانێکی ڕاستەقینە لەکاتی هەڵبژاردنی پێکهاتەی سەرەکی بۆ هەر یارییەک.
رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆی ئیسپانی ئاشکرای کرد، کە سیانە هێرشبەر، ناوچەی بەرپرس لە دروستکردنی ڕووبەری یاریکردن و پێدانی تۆپی یەکلاکەرەوە بە هێرشبەران، دەبێتە حاڵەتێکی بێپیشینە لە بژاردەکانی بەردەمی خۆزێ مۆرینهۆ کە گەڕانەوە سانتیاگۆ و دوای ١٣ دابڕان دەیەوێ ریاڵ مەدریدێکی بەهێز پێکەوە بنێت.
جۆد بێلینگهام، دەچێتە سەرلیستی ئەو یاریزانانەی لە هێڵی دروستکردنی یاری بە شێوەی سەرەکی یاری دەکەن، بە تایبەت دوای ئەو ئاستە جیاواز و باشەی لە مۆندیالی ٢٠٢٦ لەگەڵ هەڵبژاردەی ئینگلتەرا پێشکەشی کرد، وای کرد کە یاریکردنی بە شێوەی سەرەکی لە پێکهاتەکەی ریاڵ مەدرید و مۆرینهۆ نیمچەمسۆگەر بێت.
بەڵام ڕکەبەرییەکە بۆ ئەستێرە ئینگلیزییەکە ئاسان نابێ، لە کاتێکدا بێرناردۆ سیلڤای پورتوگالییش لە یانەکەیە، کە یەکێک لە هەرە دیارترین گرێبەستەکانی ماوەی گواستنەوەی هاوینە بوو، کە لەسەر داوای تایبەتیی خۆزێ مۆرینهۆ ئەو گرێبەستە واژۆ کرا، ئەوەیش واتەی پێدانی پێشینە لە پلانەکانی راهێنەردا.
ڕووماڵکردن و پڕکردنەوەی ئەو دوو هێرشبەرە جیهانیییە، دەکەوێتە سەر بژاردەکانی دیکەی بەردەمی مۆرینهۆ، دیارترینیان ئەردە گویلەری تورکی، کە هێشتا ڕۆڵی لە ریاڵ مەدرید پارچەپارچەیە و هەلی پێویستی پێ نەدراوە بۆ خۆسەلماندن. لەگەڵ بوونی یاریزانی مەغریبی ئیبراهیم دیاز، کە دوای تەواوبوونی ماوەی خواستنەکەی لە یانەی ئەی سی میلانی ئیتاڵی، گەڕاوەتەوە مەدرید.
سەرەڕای بەشداریکردنی ئیبراهیم دیاز لە زیاتر لە ٣٠ یاریدا لە یەک وەرزدا لەم ساڵانەی دواییدا، بەڵام هێشتا پێگە و جێگەی خۆی لە پێکهاتەی سەرەکیی یانەی ریاڵ مەدرید جێگیر نەکردووە، چونکە هەلی ڕکەبەری لەو ناوەندە لە نێوان بێلینگهام و بێرناردۆ سیلڤادا کورت دەکرێتەوە.
هەرچەندە بە هۆی خشتەی چڕوپڕی یارییەکانی وەرزی نوێوە، ئەو بژاردەیە لەبەردەم مۆرینهۆدا دەبێ کە هەلی ئاڵوگۆڕکردنی پێکهاتە و یاریزانانی لەبەردەستدا بێ، بەڵام خواستی ڕکەبەری بۆ بردنەوەی ناسناوەکان، کار و ئەرکەکە بۆ مۆرینهۆ سەخت دەکات، بە تایبەت لە یارییە یەکلاکەرەوەکاندا.