مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
پاریس سان جێرمان، هەڵوێستی خۆی لەسەر دەستخستنی ڕۆدری یەکلا دەکاتەوە
یانەی پاریس سان جێرمانی فەڕەنسی، هەڵوێستی فەرمیی خۆی لەسەر دەستخستنی ڕۆدری یەکلا کردەوە، کە یەکێک بوو لەو یاریزانانەی دەیویست لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەدا بیباتە ریزەکانیەوە.
پاریس سان جێرمان دوو ساڵی لەسەریەک توانی ناسناوی چامپیۆسن لیگ لەژێر سەرپەرشتیی لویس ئێنریکی بباتەوە، ئەوە وای کردووە ئەرکی سەختتر بێ و ڕیزەکانی بەهێزتر بکا بۆ پارێزگاری لەو ناسناو و ئاستە.
بە پێی زانیارییەکانی رۆژنامەی مارکای ئیسپانی، ناوی ڕۆدری لەم دواییەدا خراوەتە ڕوو، وەکوو بژاردەیەک بۆ ئەوەی پاریس بیباتە ریزەکانی و وەکوو وەڵامێک بێ بۆ یانەی ریاڵ مەدرید لە پای کڕینی دیۆماندیی ئامانجی یانەی پاریس سان جێرمان، بەڵام کارگێریی پاریس سان جێرمان بە هیچ شێوەیەکی گفتوگۆی لەسەر ئەو بۆندە نەکرد، خودی ناسر خلێفیی خاوەن و سەرۆکی یانەکە و لویس کامپۆسی ڕاوێژکاری وەرزشی و لویس ئێنریکیی راهێنەر.
بەرپرسانی یانەی پاریس سان جێرمان، وای دەبینن کە فیتینیا باشترین یاریزانە لەو ناوەندەی یاریکردن لەم کاتەی ئێستادا، هەروەها باوەڕیان بە یاریزانانی هێڵی ناوەڕاستیان هەیە بە یەدەگەکانیشەوە، لەگەڵ بوونی یاریزانی دیکەی وەکوو جواو نیڤێز، فابیان رۆیز، لەگەڵ وارن زایر ئیمری، کە هەلی بەشداریکردنی لە مۆندیال هەبوو، هەرچەندە دیدیە دیشامپ بە شێوەی سەرەکی بەشداریی پێ نەکرد.
پاریس سانجێرمان دووپاتی دەکاتەوە کە بە نیازی ئەوە نییە ڕێگری لە هیچ گرێبەستێک بۆ یانەی ڕیال مەدرید بکات، سەرەڕای کشانەوەی لە کێبڕکێی گرێبەستکردن لەگەڵ یان دیۆماندی لە کاتێکدا کە یانەی شاهانە گرنگی بەو یاریزانە دا و کە ڕەنگە لەم هەفتەیەدا ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەو یاریزانە و یانەی لایپزیگ کۆتایی پێ بهێنێت.
یانە پاریسییەکە، بە کردار بە دوای بژاردەی دیکەدا دەگەڕی دوای کشانەوەی لە دۆسیەی دیۆماندی، بە هۆی بەرزیی تێچوو و خەرجیی گرێبەستەکەی.
هاوکاتی کشانەوە لە گرێبەستی دیۆماندی، پاریس سان جێرمان، هەوڵەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ ئەوەی هێرشبەری یانەی بەرشلۆنە فێران تۆرێسی ئیسپانی لە چەند رۆژی داهاتوودا ببەنە ریزەکانیەوە، ئەوەیش وەکوو هەوڵێک بۆ قەرەبووکردنەوەی لە دەستدانی یاریزانی کۆتدیڤواری يان دیۆماندی.
خەونەکەی زیدان دوای ساڵانێکی زۆر چاوەڕوانی بە دی هات
زینەدین زیدان، ئەفسانەی تۆپی پێی فەڕەنسی، دواجار و دوای ساڵانێکی زۆر چاوەڕوانی، بووە راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی فەڕەنسا.
فیلیپ دیالۆ، سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فەڕەنسی، ئەمڕۆ سێشەممە ڕایگەیاند کە زینەدین زیدان، وەکوو راهێنەری هەڵبژاردەی فەڕەنسا بۆ ماوەی ٤ ساڵ دەستنیشان کرا و تا مۆندیالی ٢٠٣٠ بەردەوام دەبێت.
دیالۆ، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، کە دوێنێ سێشەممە بەستی، ڕایگەیاند: بە خێراییەکی زۆر، گەیشتینە ڕێککەوتن، دوای ڕاوێژ لەگەڵ لیژنەی جێبەجێکاری یەکێتیی تۆپی پێی فەڕەنسی و بەربژێرکردنی زیدان، رایدەگەیەنین کە زینەدین زیدان دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی فەڕەنسا بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
دیالۆ باسی لەوەش کردووە، کە گرێبەستەکە لە یەکی ئابی داهاتووەوە دەبەسترێ، بە ڕێککەوتن لەگەڵ راهێنەر، تیمی دەستەی راهێنەران لە سەرەتای ئەیلوولەوە دەستنیشان دەکەین.
سەرۆکی یەکێتیی تۆپی پێی فەڕەنسا، ئاماژەی بەو گرێبەستە مێژووییە کرد و رایگەیاند: یەکێک لە گەورە ئەفسانەکانمان دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی فەڕەنسا، وکوو راهێنەر بەهرە و توانای خۆی سەلماندووە، بە نسبەت یەکێتیی تۆپی پێی فەڕەنساوە، ئەوە سەرەتای سەردەمێکی نوێیە، ئێمە زۆر بەبەختین لەم سەروەختەدا کە زیدان لە کارکردن لە هەڵبژاردەکەی بەردەوام دەبێت.
دیالۆ ئەو ساتەی بە جیاواز و مێژوویی ناو برد: نزیکەی ١٤ ساڵ تێپەڕی بەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڵوێستە بۆ یەکێتی تۆپی پێ، هەروەها جیاوازە بۆ ئەو کەسەی تەنیشتم. بەو قسانەی ئاماژەی بە دوادەستنیشانکردنی راهێنەری فەرەنسا دیدیە دیشامپ لە ساڵی ٢٠١٢ـدا کرد.
ڕۆڵی دیشامپیشی لە بیر نەکرد و وتی: دیدیە دیشامپ، سەرکردایەتیی فەرەنسای کرد کە چواردە ساڵ لە لوتکە بێ، هەڵبژاردەی فەڕەنسای گەیاندەوە پێگەی خۆی، لەگەڵ نزیکبوونەوەی کۆتایی ئەو کاروانە، دەبێ ڕێز و نرخاندن بۆ ئەو کارە دابنێین.
لە بارەی پشتپەردەی دانوستانەکانەوە، ڕوونی کردەوە: لە یەنایەری ٢٠٢٥ـدا، کاتێک دیدیە دیشامپ رایگەیاند کە نایەوێ لە ئەرکەکەی بەردەوام بێت، ڕووبەڕووی هەڵوێستێکی بێپیشینە بووینەوە، ناچار بووم چارەسەرێک بدۆزمەوە و دەبوو هەوڵ بدەین چارەسەری بکەین بۆ ئەوەی دڵنیا بم لەوەی ئەم سەردەمە زێڕینەی تۆپی پێی فەرەنسا بەردەوام دەبێت لەگەڵ دەستپێکردنی سەردەمێکی نوێ
باسی بە دیداری یەکەم لەگەڵ زینەدین زیدان لە فێبرایەری ٢٠٢٥ـدا کرد و ڕایگەیاند: لە مانگی دوودا چاوم بە زینەدین زیدان کەوت، لەو کاتەوە چەند جارێکی تر یەکترمان بینی، وەک ئامادەکاری و شیاندن بۆ بوونە راهێنەر، زیدان ئەفسانەی تۆپی پێی فەڕەنسییە، ساڵانێکی زۆرە رایگەیاندووە یەکێک لە خەونەکانی، ئەوەیە راهێنەرایەتیی هەڵبژاردەی فەڕەنسا بکات.
زینەدین زیدانی تەمەن ٥٤ ساڵان، ڕۆڵی سەرەکیی لە بردنەوەی مۆندیالی ١٩٩٨ و یۆرۆی ٢٠٠٠ وەکوو یاریزان بۆ فەرەنسا بینی. لە ئۆکتۆبەری داهاتوویشدا یەکەم یاریی خۆی وەکوو راهێنەر لەگەڵ فەڕەنسا دەکات.
زیدان وەکوو راهێنەر لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید، خاوەن ئەزموونێکی سەرکەوتووە، سێ ناسناوی چامپیۆنس لیگی لەسەریەکی لە نێوان ٢٠١٦ تا ٢٠١٨ بردەوە.

