مامەیارە ئەحمەد – هەولێر
لە یارییەكی پڕ جۆش و خرۆشدا، یاریزانی بۆكسێنی كوردی ئێزدی بادین ئیدریس حەسۆ، یارییەكی گرنگی بە سێ خولەك و نیو لەگەڵ یاریزاننی مەكسیكی ڕامۆسدا یەكلا كردەوە و بەسەریدا سەركەوت.
زۆرانباز و بۆكسوەشێنی كوردی ئێزدی بادین ئیدریس حەسۆ، لە شاری ئۆبەرهاوزنی ئەڵمانیا، لە یارییەكی گرنگدا رووبەڕووی یاریزانی مەكسیكی ڕامۆس بووەوە.
بادین كە بە شێری كوردان ناسراوە، لە یارییەكی جەماوەریدا، كە سەدان ڕۆڵی كورد تێیدا ئامادە بوون و بە جۆش و خرۆشەوە هانی یاریزانە كوردەكەیان دەدا، لە یاریزانی مەكسیكی ڕامۆسی بردەوە.
هەر لەگەڵ ڕاگەیاندنی سەركەوتنی پاڵەوانە كوردەكە، یەكسەر ئاڵای كوردستانی بەرز كردەوە و جارێكی تریش دووپاتی كردەوە ناسناوەكان هی خۆیەتی، ئەوەیش بووە سەركەوتنێكی گەورەی مێژوویی لەبیرنەكراو.
دوای یارییەكە ناوەندی رۆشبینیری و كۆمەڵایەتیی لالش پیرۆزبایی لە بادین حەسۆ كرد و ڕایگەیاند سەركەوتنی بادین، شانازییە بۆ هەموو ماڵێكی كوردستانی.
لە پیرۆزباییەكەی بنكەی لالشدا هاتووە: گەرمترین پیرۆزبایی لە پاڵەوانی نێودەوڵەتیی كورد بادین حەسۆ دەكەین، بادین لە یارییەكدا لە شاری ئۆبەرهاوزنی ئەڵمانیا، سەركەوتنێكی دەگمەنی تۆمار كرد و تەنیا بە سێ خولەك و نیو لە ڕكەبەرەكەی (ڤیكتۆر ڕامۆس)ی مەكسیكیی بردەوە.
بنكەكە ڕاشیگەیاندووە: ئەو سەركەوتنە، جارێكی دیكە جێی دڵخۆشی و گەورەیی و شانازییەكی زۆرە وەكوو هەموو سەركەوتنەكانی پێشووت، شانازی و خۆشیشە بۆ هەموو ماڵێكی كوردستانی.
ئاماژەی بەوەش كردووە: ئەو دەستكەوتە بۆ هەموو كورد و كوردستانییەكی جێی شانازییە، ئێمە بە ڕۆڵی خۆمان لە پشت ئەو پاڵەوانەمان دەبین، هیوای بەردەوامی و سەركەوتنی بۆ دەخوازین. هەمیشە لەسەرووی كاروانی سەركەوتووانی یاریی زۆرانبازی بی لە پاڵەوانیەتییە جیهانییەكاندا.

