رۆژنامەی ھەولێر

كاپتنە كوردەكەی هەڵبژاردەی خانمانی ئێران پێشوازییەكی شاهانەی لێكرا

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

 

دوای ئەوەی یاریزانێکی کوردی هەڵبژاردەی خانمانی ئێران لە وەرگرتنی مافی پەنابەری لە ئوسترالیا پەشیمانبوەوە و

گەڕایەوە ئێران و پێشوازییەكی شاهانەی لێكرا و تەواوی ماڵ و موڵك و سامانەكەی كە دەستی بەسەرگیرا بوو گەڕێندرایەوە و رادەستی خانەوادەكەی كرایەوە.

زەهرا قەنبەری كێیە؟
زەهرا قەنبەری، یاریزانی کوردی هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران و کاپتنی تیپەکە، لە دایكبوونی شاری كەنگاوەری كرماشانی رۆژهەڵاتی كوردستانە، پێشتر یاریی بۆ تیپی خانمانی گازی باكووری شاری كەركووكیش كردووە.
زەهرا قەنبەری لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران بەشداریی لە جامی خانمانی ئاسیا كرد كە لە سەرەتای مانگی رابردوو لە ئوسترالیا بەڕێوەچوو، ئەم پاڵەوانێتییە لە سەروبەندی جەنگی ئیسرائیل، ئەمریكا و ئێران بە بەشداریی هەڵبژاردەی ئێران لە ئوسترالیا دەستیپێكرد.
لە دەستپێكی یەكەمین یاری، بەشێك لە خانمانی هەڵبژاردەی ئێران ئامادەنەبوون سروودی نیشتیمانی وڵاتەكەیان بڵێنەوە، دواتر 7 كچ بڕیاریاندا مافی پەنابەری لە وڵاتی ئوسترالیا وەربگرن و نەگەڕێنەوە وڵاتی ئێران.

زەهرا پەشێمان بووەوە و گەڕایەوە رۆژهەڵاتی كوردستان
سەرەڕای ئەوەی هەر زوو حكوومەتی ئوسترالیا مافی پەنابەری بەخشییە هەر حەوت كچە یاریزانەكەی هەڵبژاردەی ئێران، بەڵام زەهرا، كچە ئەستێرە كوردەكەی هەڵبژاردەی ئێران لەپێناو خانەوادە و خاكەكەی بڕیاریدا بگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی كوردستان.
زەهرا هاوشانی چوار كچە یاریزانی دیكە لە وەرگرتنی مافی پەنابەری لە ئوسترالیا پەشیمان بوونەوە، بەڵام دوو كچە یاریزانی ئێرانی بڕیاریاندا نەگەڕێنەوە وڵاتەكەیان و لە ئوسترالیا مانەوە و پەیوەندیان بە یانەیەكی تۆپی پێی ئەو وڵاتە كرد. بەڵام زەهرا لەگەڵ چوار لە كچە هاوڕێیەكانی، بەرەو كوالالامپۆری پایتەختی مالیزیا بەڕێكەوتن.
زەهرا كاتێك گەیشتە مالیزیا لە لێدوانێكدا بۆ پێگەی ئاژانسی فرانس پرێس رایگەیاند لەپێناو خانەوادەكەی بڕیاریدا بگەڕێتەوە رۆژهەڵاتی كوردستان.
زەهرا دوای دوو رۆژ مانەوە لە مالیزیا گەشتی عومانی كرد، پاشان بەرەو ئیستنەبوول رۆیشت، دواتر لەگەڵ هاوڕێیەكانی رێگایەكی سەختیان بڕی تاوەكو بە پاس لە رێگەی وشكانی بەرەو دەروازەی سنووری گۆبولاك لە سنووری رۆژهەڵاتی توركیاوە بەرەو باكووری رۆژئاوای ئێران رۆیشتن. هەڵبەتە بەهۆی راگیرانی گەشتە ئاسمانییەكان سەختییەكی زۆریان بینی تاوەكو لە رێگەی وشكانی و بە چەندان رێگەی دیكە گەڕانەوە ئێران.

كاردانەوە فەرمییەكان
محەمەد باقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی “X” پێشوازی لە گەڕانەوەی ئەو پێنج كچە یاریزانە كرد و ڕایگەیاند: “ئەم یاریزانانە ڕۆڵەی نیشتمانن و گەلی ئێران لە باوەشیان دەگرێت”.
محەمەد باقر قالیباف، هێمای بۆ ئەوەش کرد کە گەڕانەوەی ئەو كچە یاریزانانە، “نەیارانی کۆماری ئیسلامی بێهیوا کردووە”.
لە لایەكی دیكەیشەوە، حكوومەتی ئێران، لە بەیاننامەیەكی فەرمی دا حكوومەتی ئوسترالیا تۆمەتبار دەكات كە هەوڵی داوە ئەو یاریزانانە رازی بكات نەگەڕێنەوە وڵاتەكەیان.

سەروەت و سامانی زەهرا گەڕێندرایەوە.
دەسەڵاتی دادوەریی ئێران بە فەرمی ماڵ و موڵکەکەی زەهرا قەنبەری، کاپتنی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێرانیان رادەستی خانەوادەكەی کردووەتەوە، ئەمەش لە كاتێكدا بووە ماوەیەك دەستی بەسەردا گیرا بوو بەهۆكاری داواکاریی مافی پەنابەریی ئەو یاریزانە، لە ئوسترالیا.
دوای ئەوەی زەهرا قەنبەری لەگەڵ چوار كچی دیكە لە داواکاریی مافی پەنابەریی پاشگەزبوونەوە و رۆژی 19ـی مانگی رابردوو لە تاران، پێشوازییەکی شاهانەیان لێکرا، لە دوایین پێشهات ناوی زەهرا لە لیستی ئەو كەسانە دەرهات كە تۆمەتی خیانەتكاریان خرابووە پاڵ.
زەهرا قەنبەری کاپتنی هەڵبژاردەی ئافرەتانی ئێران، یەکێک بوو لەو یاریزانانەی لە رێوڕەسمی پێشوازیکردن لە گەڕانەوەی هەڵبژاردەکە بۆ ئێران، سەرنجی زۆری خرایە سەر و بووە بابەتی گەرمی میدیایەكانی نێوخۆیی و جیهانیش.
بەرپرسانی دادوەریی ئێران لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی فرانس پرێس رایانگەیاند زەهرا بێتاوان دەرچوو دوای پاشگەزبوونەوەی لە بڕیاری وەرگرتنی مافی پەنابەری و گەڕانەوەی بۆ ئێران.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیایەكانی ئێران بڵاوكراوەتەوە لیستێک لەلایەن دەسەڵاتی دادوەرییەوە دەرچووە، بەناوی ئەو “خیانەتکارانە”ـی، لە دوای هەڵگیرسانی جەنگی ئەمریکا – ئیسرائیلەوە خیانەتیان لە وڵاتەکە کردووە و سەرجەم ماڵ و موڵکەکانیان دەستی بەسەرداگیراوە.
ناوی زەهرا قەنبەری لەنێو ئەو لیستەدا بووە، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری ئێران بەخێرایی ناوی ئەو کاپتنە كوردەی هەڵبژاردەی ئێرانیان لە نێو لیستەکە دەرهێنا و تەواوی ماڵ و موڵكەكەشی رادەست كرایەوە.

زەهرا بە “خانمی گوڵ” ناسراوە
زەهرا قەنبەری لەدایکبووی ساڵی 1992ـی شاری کەنگاوەری پارێزگای کرماشانی رۆژهەڵاتی کوردستانە و کوردە. یاریزانی یانەی پێرسپۆلیس بووە و پێشتر لە یانەی گازیباکووری شاری کەرکووک یارییکردووە، یەكێكە لە گۆڵكارە دیارەكانی ئێران و بە مەكینەی گۆڵكردن ناسراوە و نازناوی “خانمی گۆڵ”ـیان پێبەخشیوە.
زەهرا ئێستا تەمەنی 34 ساڵە، یاریی بۆ یانەی (بەم خاتوون)ـی ئێرانی دەكات، پێشتر بەرامبەر یانە دیارەكانی ئاسیا لەوانە ناسافی ئۆزبەكستانی، بێنگالی هیندی، مێلبۆردنی ئوسترالی گۆڵی كردووە.