حەسەن حەمەد ئاندێکی
مێژووی نەتەوەکان بە وێستگەی جیاوازدا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هەندێک ڕووداو دەبنە ناسنامە و مێژوویەکی نوێ بۆ گەلەکەیان دەنووسنەوە. ڕۆژی ٢٢ـی نیسانی ١٨٩٨ یەکێکە لەو وێستگە پڕشنگدارانەی کە تیایدا کورد لە ڕێگەی پیت و وشەوە خۆی بە جیهان ناساند. لەو ڕۆژەدا، لە قاهیرەی پایتەختی میسر، میقداد مەدحەت بەدرخان بەربەستەکان و دووریی نیشتمانی بڕی و یەکەمین ژمارەی ڕۆژنامەی کوردستانی بڵاو کردەوە. ئەم هەنگاوە تەنها کارێکی میدیایی نەبوو، بەڵکو ڕاگەیاندنی جەنگێکی مەعریفی بوو دژی تاریکی، نەزانین و ئەو ستەمکارییەی کە هەوڵی سڕینەوەی ناسنامەی کوردی دەدا.
مێژوویەک لە تێکۆشان و دوورخرانەوە
سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەری کوردی لە دەرەوەی خاکی کوردستان، گوزارشت بوو لەو ستەمە سیاسییەی کە ڕێگەی نەدەدا کورد بە زمانی دایکی گوزارشت لە ئازار و هیواکانی بکات. خێزانی بەدرخانییەکان، بە تێگەیشتن لە گرنگیی میدیا لە بنیادنانی نەتەوە و هۆشیارکردنەوەی جەماوەردا، توانییان ڕۆژنامەیەک دابمەزرێنن کە ببێتە پردێکی فیکری لە نێوان ڕۆشنبیران و چینە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا. ڕۆژنامەی کوردستان لە ماوەی بڵاوبوونەوەی ٣١ ژمارەیدا، چەندین وێستگەی جیاوازی بڕی، لە قاهیرەوە بۆ جنێف و پاشان بۆ بەریتانیا. ئەم گەشتە درێژخایەنە نیشانەی ئیرادەیەک بوو کە هیچ سنوورێکی جوگرافی و هیچ فشارێکی سیاسی نەیتوانی بێدەنگی بکات و پەیامە نەتەوەییەکەی بوەستێنێت. ئامانجی سەرەکی ئەو کاتی ڕۆژنامەکە، جگە لە بڵاوکردنەوەی هەواڵ، هاندانی کورد بوو بۆ فێربوونی زانست و خوێندەواری. میقداد بەدرخان لە وتارەکانیدا جەختی لەسەر ئەوە دەکردەوە کە تەنها لە ڕێگەی زانیاری و یەکگرتووییەوە کورد دەتوانێت پارێزگاری لە بوونی خۆی بکات. ئەمە وایکرد کە ڕۆژنامەگەری تەنها وەک پیشەیەک نەمێنێتەوە، بەڵکو ببێتە بەشێکی دانەبڕاو لە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کورد.
ڕۆژنامەگەری لە سەردەمی دیجیتاڵ و ئاڵۆزییەکاندا
ئەمڕۆ کە یادی ١٢٨ ساڵەی ئەو مێژووە شکۆدارە دەکەینەوە، ڕۆژنامەگەری کوردی لە قۆناغێکی ئێجگار هەستیار و ئاڵۆزدایە. گواستنەوەی خێرا لە ڕۆژنامەی کاغەزییەوە بۆ سۆشیاڵ میدیا و سایتە هەواڵییەکان، دەرفەتی گەورەی بۆ بڵاوکردنەوەی زانیاری ڕەخساندووە، بەڵام لە هەمان کاتدا تەحەددییەکی قورسی بەرەوڕووی کواڵێتی و ڕاستگۆیی کردووەتەوە. ئێستا کە تەکنەلۆژیا ڕێگەی خۆش کردووە هەر تاکێک ببێتە میدیاکار، پرسیاری جەوهەری ئەوەیە: ئایا بنەما ئەخلاقیەکانی پیشەیی و بەرپرسیارێتی نەتەوەیی لە کوێی ئەم گەشە خێرایەدایە؟
ڕۆژنامەنووسی ئەمڕۆی کورد پێویستی بە گەڕانەوەیەکی جدی هەیە بۆ ئەو ڕەسەنایەتی و پاکژییەی کە لە ڕۆژنامەی کوردستان دا هەبوو. میدیا نابێت تەنها وەک ئامرازێک بۆ ململانێی یان کۆکردنەوەی لایک و بینەر بەکار بێت، بەڵکو دەبێت ببێتە، چاودێرێکی بەهێز و، پارێزەرێکی سەرسەختی مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ و ژینگەی دیموکراسی.
ئاستەنگەکان و ئاسۆی داهاتوو
لە ئێستادا، ڕۆژنامەنووسان لە هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی پیشەیی دەبنەوە. نەبوونی سەربەخۆیی دارایی بۆ دەزگا میدیاییەکان وایکردووە کە زۆربەیان بکەونە ژێر کاریگەریی ئەجێندای جیاواز، ئەمەش زیانی گەورەی بە متمانەی نێوان میدیا و هاووڵاتی گەیاندووە. جگە لەوەش، فشارەکان و بەرتەسککردنەوەی مەودای ئازادییەکان لە هەندێک قۆناغدا، کاریگەری نەرێنییان لەسەر گەشەی ڕۆژنامەگەریی لێکۆڵینەوەیی دروست کردووە.
بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و بنیادنانی میدیایەکی نیشتمانیی سەردەمیانە، پێویستە کار لەسەر چاکسازی و بەهێزکردنی سەندیکاکانی ڕۆژنامەنووسی بکرێت. دەبێت ڕۆژنامەنووس وەک پارێزەری ناسنامەی نەتەوەیی و ئاشتی کۆمەڵایەتی سەیر بکرێت، نەک وەک نەیار. ٢٢ـی نیسان تەنها یادێکی مێژوویی نییە، بەڵکو ڕۆژی نوێکردنەوەی پەیمانی پەیامێکی پیرۆزە کە میقداد بەدرخان ١٢٨ ساڵ لەمەوبەر بە تەنها و لە غەریبیدا دەستی پێکرد. با پێنووسەکان هەمیشە لە خزمەت مرۆڤایەتی، ئازادی و ڕاستیدا بن، چونکە تەنها وشەی ڕاستگۆیە کە لە مێژوودا بە زیندوویی دەمێنێتەوە.
سەرچاوەکان
www. kurdistanica. com 10
2. www. rsf. org

