رۆژنامەی ھەولێر

پێرێز: لە ریاڵ مەدرید هیچ کەسێک ڕادەست نابێ

مامەیارە ئەحمەد – هەولێر

 

کاریگەریی ئاستی ئمباپێ بەسەر ئەنجامەکانی ریاڵ مەدریدەوە چییە؟
مشتومڕەکان لەناو ڕیاڵ مەدریددا چڕتر بووەتەوە لەبارەی کاریگەریی گەڕانەوەی کیلیان مباپێ لەسەر ئەنجامەکانی تیپەکە، ئەمەش بە لەبەرچاوگرتنی دابەزینی ئاست و ئەنجامەکان لەو کاتەوەی ئەستێرە فەرەنسییەکە پێگەی سەرەکیی خۆی وەرگرتەوە.
یانەی ریاڵ مەدرید لە دۆخێکی سەختدا دەژی، دوای ئەوەی لە سێ یاریی ڕابردوو نەیتوانیوە سەرکەوتن تۆمار بکا، لە کاتێکدا ئمباپێ بە شێوەی سەرەکی یاری دەکات. ئەوەیش دەرگەی پرسیاری پێشوەختەنەبووی لەبارەی ڕادەی خۆگونجانی یاریزانەکە لەگەڵ دەستەی ریاڵ مەدرید دەورووژێنێ.
رۆژنامەی سپۆرتی کاتەلۆنی لە ڕاپۆرێکی تێروتەسەلدا، تیشکی خستووەتە سەر کاریگەریی نەرێنیی یاریزانە فەڕەنسییەکە لە دەستەی یاریزانانی ریاڵ مەدرید.
لە ڕاپۆرتەکەدا بە داتا باسی ئەوە کراوە، کە گەڕانەوەی ئمباپێ، یەکسانە بە شکستەکانی ریاڵ مەدرید، بەو پێیەی لەو کاتەوەی ئمباپێ گەڕاوەتەوە پێکهاتەی سەرەکیی ریاڵ مەدرید، ریاڵ مەدرید هیچ سەرکەوتنێکی تۆمار نەکردووە. دوو جار شکستی خواردووە و جارێکیش یەکسان بووە. زنجیرەیەک ئەنجامی خراپە، کە هاندەرانی یانەکەی نیگەران و دوودڵ کردووە.
کارەکە تەنیا پەیوەست نییە بەو ئەنجامانە، بەڵکوو درێژ دەبێتەوە بۆ ژمارە تاکەکەسییەکانی ئمباپێ، کە لە ٧ یاریی ڕابردوودا تەنیا یەک گۆڵی کردووە، ئەوەیش ژمارەیەکە، پێچەوانەی ڕەنگدانەوەی ئەستێرەیەکی گەورە و هێرشبەرێکی مەترسیدار و ئاستباڵای جیهانییە.
ئامارەکان ئاماژە بەوە دەدەن، کە لە کۆی چوار یاریی ئەم دواییەی ریاڵ مەدرید کە ئمباپێ بە شێوەی سەرەکی بەشداریی کردووە، ریاڵ مەدرید سێ شکستی خواردووە و یارییەکیش یەکسان بووە، ئەوەیش ڕێژەی ڕەخنەکانی ڕووە و ئەو یاریزانە زیاد کرد، بە تایبەت لە یارییە گەورەکان هەلی ئاسانی لە دەست داوە.
هەروەها لە یەکێک لە سەختترین قۆناغەکانی ریاڵ مەدرید، ئمباپی بە هۆی پێکانەوە دابڕا. بەڵام لەو ماوەیەدا ریاڵ مەدرید ئاستی باش و ئەنجامی دڵپەسەندی هاندەرانی تۆمار کرد. بە جۆرێک ئاستی باشی بەرانبەر مانچستەر سیتی، ئێلچی و ئەتلەتیکۆ مەدرید پیشان دا، تیمەکە زۆر هاوسەنگ و هاوگونجاوی پێوە دیار بوو، کە ئەو ئەنجامانە وای کرد هاندەران هیوای ئەوەیان وەبەر بێتەوە، کە ڕکەبەری لەسەر هەموو ناسناوەکان بکەن.
هەرچەندە ئەنجامەکان نموونەیی نەبوون، بەلام ئاستی بەکۆمەڵی یانەکە زۆر جێی ڕەزامەندیی هاندەران بوو، بەراورد بە بوون و یاریکردنی کیلیان ئمباپێ.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەکە باسی لەوە کردووە، یەکێک لە دیارترین ئەو ڕەخنانەی لە کیلیان ئمباپێ دەگیرێ، ئەوەیە کە لێکتێگەیشتنی لەگەڵ ڤینیسیۆس جۆنیۆر نەبووە، لە کاتێکدا چاوەڕێ دەکرێ لە ساڵانی داهاتوویشدا پێکەوە ببنە دوو هێرشبەری مەترسیداری ریاڵ مەدرید.
ڕوونیشی کردووەتەوە، هەرچەندە پەیوەندییەکی زۆر باش لە نێوان هەردوو یاریزان لە دەرەوەی یاریگە هەیە، بەڵام خۆگونجان و لێکتێگەیشتنیان لە نێو یاریگە نییە و لێک ونن، هەندێ جار هەردووکیان پێکەوە دەچنە ئەمان شوێن و ڕووبەری یاریگە، ئەوەیش کاریگەریی نەرێنیی دەخاتە سەر هێڵی هێرشبەریی یانەکە.
هەروەها شێوازی یاریکردنی کیلیان ئمباپێ، بەندە بە پارێزگاریکردن لە تۆپ و جووڵانەوە بە تەنیا، ئەوەیش هەندێ جار دەبێتە هۆی هێواشکردنەوە و خاوکردنەوەی ڕیتمی هێرشەکانی ریاڵ مەدرید، هەروەها ئەو شێوازە پێچەوانەی سروشتی یاریی بە کۆمەڵی وەکوو تۆپی پێیە.
ڕۆژنامەکە پێداگرە لەوەی بوونی ئمباپێ لە یانەکە، تەنیا کاریگەریی لەسەر هێڵی پێشەوە نەکردووە، بەڵکوو سەری کێشاوە بۆ تەواوی پێکهاتەی یانەکە، شێوازی یاریکردنی ئمباپێ، وای کردووە تەکتیک و هاوسەنگیی یانەکە تێک بچێ.
هەروەها یاریزانەکە بە دانپێدانانی خۆی، ڕۆڵی لە بەرگریکردن لە یانەکە سنووردارە، ئەوەیش وای کردووە فشارێکی زیاتر بکەوێتە سەر هاوکارەکانی، بە تایبەت لە یارییە گەورەکاندا، کە پێویستیی بە وابەستەبوون و پابەندیی بە کۆمەڵ هەیە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەگەڵ دووبارەبوونەوەی ئەو کێشانەدا، بەشێکی هاندەرانی یانەکە ئەو بڕوایەیان بۆ دروست بووە، کە یانەکە بە بوون و ئامادەبوون و بەشداریکردنی کیلیان ئمباپێ، ئاستی باشی خۆی پێشکەش ناکات، ئەوە ئەو شتەیە، دوو ساڵ لەمەوبەر قەت چاوەڕێ نەدەکرا بگەنە ئەو بڕوایە.
ئێستە یانەی ریاڵ مەدرید نزیکە لە بێهیوابوون لە لەدەستدانی لا لیگا، بەشێکیش پێیان وایە پرسی بێبەشبوونی لە ناسناوی لا لیگا تەنیا وابەستەی کاتە و ناسناوەکەی لە دەست داوە، بەو پێیەی بەرشلۆنە خاوەنی ٧٩ خاڵ و ریاڵ مەدریدیش ٧٠ خاڵ. لە کاتێکدا ٧ گەڕ بۆ کۆتاییهاتنی یارییەکانی خولی ئیسپانیا ماوە. بەڵام ئەربیلووای راهێنەری یانەی ریاڵ مەدرید، دەڵێ: ئەو ڕۆژەی بە فەرمی ناسناوەکە لە دەست دەدەین، هەست بە لەدەستدانی ناسناوەکە دەکەم، تا ئەو کاتە بەردەوام دەبین لە ڕکەبەری و جەنگان بۆ بردنەوەی.

ئایا بەرشلۆنە بردنەوەی لا لیگای مسۆگەر کردووە؟
یانەی بەرشلۆنە، هەنگاوێکی گرنگی بۆ بردنەوەی ناسناوی لا لیگا بڕی و یانەی ئیسپانیۆلی هاوشاری بە ٤ گۆڵ شکست دا، بەو پێیە ٩ خاڵ لە ریاڵ مەدریدی ڕکەبەری دوور کەوتەوە، لە کاتێکدا ٧ گەڕ بۆ کۆتاییهاتن بە خولەکە ماوە.
ئەنجامی کۆتایی یارییەکەیان لەگەڵ ئیسپانیۆل، ٤-١ بوو، بەو پێیە ژمارەی خاڵەکانی گەیاندە ٧٩ خاڵ بەرانبەر ٧٠ خاڵی ریاڵ مەدرید.
بەرشلۆنە ئەوە ٢٦ـەمین بردنەوەی بوو، بەرانبەر تەنیا چوار شکست و یەک یەکسانبوون لە ٣١ یاریدا، ئەوەش دەریدەخات بەرشلۆنە لە وەرزێکی زۆر باش و جێگیردایە لە ماوەی چەندان ساڵی ڕابردوودا.
بەڵام هەندێ جار لەوانەیە ژمارەکان فریودەر بن و وێنەکە تەنیا لەو ژمارانەدا نەبینرێن و وێنە گەورەکە ون بکەن.
بەرشلۆنە لەو یارییەدا، بە تەواوی پێکهاتەکەی چووە نێو یارییەکە و لە نیوەی دووەمدا بەهێزتر یاریی کرد و ١٩ تۆپی ئاڕاستەی گۆڵ کرد و ١١ لەویان بۆ ناو گۆل بوو، ٥٨%ی کۆنتڕۆڵی تۆپی لا بوو.
فلیکیش لە سەرەتای وەرزەکەوە فشاری ئەوەی لەسەر بوو، کە ناتوانێ ئەنجامەکانی وەکوو پێویست بن و وەکوو وەرزی ڕابردوو ناتوانێ لا لیگا بباتەوە. بەڵام دوای ٣١ گەڕ ئەو بۆچوونەی پێچەوانە کردەوە و دووپاتی کردەوە ئەو پیاوی بردنەوەی ناسناوی لا لیگایە.
بەشێکی چاودێرانی وەرزشی، ڕەخنەیان لە هانز فلیکی راهێنەری یانەی بەرشلۆنە گرت، بەوەی هەڵەی کردووە کە پێکهاتەی سەرەکی بەشداریی ئەو یارییەی کردووە، لە کاتێکدا بردنەوەی ناسناوی لا لیگا نیمچەمسۆگەرە و پێویستی بەوە بوو وزە و توانای یاریزانە باڵاکانی بۆ یاریی گەڕانەوە لە چامپیۆنس لیگ بەرانبەر ئەتلەتیکۆ مەدرید هەڵبگرێ، بە تایبەت کە لە نێو یاریگەی خۆی ٠-٢ گۆڵ دۆڕاوە و پێویستی بە ئەنجامێکی گەورەیە بۆ ئەوەی بگاتە ئەتلەتیکۆ ببڕێ.

پێرێز: لە ریاڵ مەدرید هیچ کەسێک ڕادەست نابێ
فلۆرێنتینۆ پێرێز، سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید، سەرەڕای ئەوەی یانەکەی بە ٩ خاڵ لە دوای بەرشلۆنەوەیە، بەڵام رایگەیاند هیچ کەسێک لە ریاڵ مەدرید ڕادەست نابێ.
لەو ڕووەوە پێرێز وتی: هیچ کەسێک لێرە ڕادەست نابێ، ساڵ لە دوای ساڵ، لە جەنگان و هەوڵدان بەردەوام دەبین لە پێناو هەموو شتێکدا، ساڵ لە
سەرۆکی یانەی ریاڵ مەدرید وتیشی: پێویستە شانازی بە ریاڵ مەدریدەوە بکەین، کە لە هەموو پۆلێنک و پۆلێنکاری و ڕیزبەندییە سەرەکییەکاندا هەر یەکەم و پێشەنگە، ئەوەیش بە پێی هەڵسەنگاندنی نێودەوڵەتیی بەهادار و خاوەنشکۆی گەورە.
دەشڵێ: خێزانێکی گەورەمان پێکەوە ناوە، یەکبوونی ریاڵ مەدرید، هێزی گەورەمانە، ئاماژەی بە زۆری و گرنگیی ناسناو و دەستکەوتەکانی کرد و وتی: لەم ١٥ ساڵەی کۆتاییدا، ٥٨ ناسناومان بردووەتەوە.
باسی لەوەش کرد: ئێمە گەورەترین گۆڕانکاری لە بێرنابیۆ تەواو دەکەین، کە ئێستا چێژ لە ئاسوودەیی زیاتر و ئاسایشی زیاتر وەردەگرێت، و بە شێوەیەک ڕێک خراوە، دڵنیایی دەدات هیچ یارییەک یان ڕووداوێک بەهۆی هیچ بارودۆخێکی کەشوهەواوە تێک ناچێت.”