ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر
ئەنجامە خراپەكانی ریال مەدرید لەژێر سەرپەرشتی ئەلڤارۆ ئاربێلوا بازاڕی چابی ئالۆنسۆی خۆش كردووە و ئێستا هەست بەوە دەكرێت ریال مەدرید زوڵمی لەو راهێنەرە كردووە و ئەگەر پشتگیری كرابا ئەنجامەكانی یانە شایانەكەی بەرەو هەڵكشان دەبرد. لە لایەكی دیكەیشەوە چارەنووسی نێیمار دا سیلڤا و هۆشدارییەكی لامین یامال بووەتە بابەتی گەرمی میدیایەكان.
چابی ئالۆنسۆ بازاڕی گەرمە
پێدەچێت چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری پێشووی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، بۆ وەرزی داهاتوو داواکاری زۆر بێت و دوای کەمتر لە ساڵێک لە دوورخرانەوەی لە پۆستی راهێنەرایەتی یانە شاهانەکە، جارێکی دیکە بگەڕێتەوە لاکێشەی سەوز.
ئالێکس کۆرۆک رۆژنامەنوسی ئینگلیزی زانیاری دەستکەوتووە، چابی ئاڵۆنسۆ راهێنەری ئیسپانی پێشووی یانەی ریاڵ مەدرید، یەکێک لە بژاردە بەهێزەکان بۆ ئەوەی وەرزی داهاتوو ببێتە راهێنەری یانەی مانچێستەر سیتی.
ئەو رۆژنامەنوسە بڵاویشی کردووەتەوە ئاڵۆنسۆ تەنها یەک چانسی هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرایەتی یانەی مانچێستەر سیتی، ئەویش وازهێنانی پێپ گواردیۆلایە لە راهێنەرایەتی ئەو یانەیە.
لە ماوەی رابردوو دەنگۆیەکی بەهێزیش بڵاوبووەتەوە گوایە ئاڵۆنسۆ بە ئەگەرێکی زۆر وەرزی داهاتوو، لە شوێنی ئارنێ سلۆت راهێنەری هۆڵەندی یانەی لیڤەرپوول، دەبێتە راهێنەری ئەو یانەیە، بۆیە پێدەچێت وەرزی داهاتوو ئەو راهێنەرە ئیسپانیە لە یەکێک لە یانەکانی پرێمەرلیگ راهێنەرایەتی بکات.
ئێنزۆ بەهۆی ریال مەدرید رووبەڕووی سزا بووەتەوە
ئێنزۆ فێرناندێز ناوەڕاستکاری ئەرجەنتینی یانەی چێڵسی ئینگلاند، بەم دواییە بەهۆی رەفتارەکانی سەبارەت بە ئارەزووی پەیوەندی کردنی بە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، لەلایەن یانەکەی رووبەڕووی سزا بووەتەوە.
ناوەڕاستکارە ئەرجەنتینیەکە بەم دواییە زۆرترین قسەی لەسەر شاری مەدرید بووە، وەکو ئاماژەیەکی ناراستەوخۆ بۆ پەیوەندی کردن بە یانەی ریاڵ مەدرید، هەر ئەمەش وایکرد لەلایەن یانەکەیەوە رووبەڕووی سزای دوورخستنەوەی لە یارییەکان ببێتەوە.
ماڵپەری Foot Mercatoـی ئیتاڵی بڵاویکردەوە، ئێنزۆ فێرناندێز بڕیاریداوە هاوینی داهاتوو، بە شێوەیەکی فەرمی داوا لە بەرپرسانی یانەکەی بکات، دەستبەرداری بن بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید بکات.
ئەو سەرچاوەیە بڵاویشی کردەوە ئەستەمە یانە ئینگلیزیەکە بە ئاسانی دەستبەرداری ئەو یاریزانە ناوەڕاستکارەکەی بێت و پێدەچێت بەرامبەر دەستبەرداربوون لە ئێنزۆ فێرناندێز، داوای نزیکەی 150 ملیۆن یۆرۆ بکات.
بۆچی زیاتر یاریزانە ڕەشپێستەكان رووبەڕووی رەگەزپەرستی دەبنەوە؟
لەم ساڵانەی دواییە بەردەوام یاریزانە رەش پێشتەکان رووبەڕووی دروشمی رەگەز پەرستی دەبنەوە، دیارترین ئەو یاریزانانەی بەردەوام رووبەڕووی ئەو دۆخە قورسە دەبنەوە، هەر یەکە لە ڤینیسیۆس جونیۆر هێرشبەری بەڕازیلی یانەی ریاڵ مەدرید و لامین یامال هێرشبەری لاوی یانەی بارسێلۆنان.
رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، دوای ئەوەی لە یارییە دۆستانەکەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و میسڕ، هاندەران دروشمی رەگەزپەرستیان بەرامبەر لامین یامال ئەستێرەی لارۆخا گووتەوە، کاردانەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر یاریزانی بەڕازیلی یانەی ریاڵ مەدریدی بە دوای خۆیدا هێناوە.
ئەستێرە بەڕازیلیەکە لە پەیامێکدا داوا لە یاریزانەکەی لارۆخا دەکات بەهێزی بمێنێتەوە و گوێ بەو کەسانە نەدات، هەروەها داواشی لێدەکات هەمووان پێکەوە رووبەڕووی ئەو کەسانە ببنەوە، کە بەردەوام لە یاریگاکان سوکایەتیان پێدەکەن.
لامین یامال هۆشداریی دەداتە بارسێلۆنا
لامین یامال ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا، هۆشداری دەداتە بەرپرسانی یانەکەی بۆ وەرزی داهاتوو پێویستە هێرشبەرێکی بە توانا بگوازنەوە ریزەکانیان، لە پێناو ئەوەی بتوانن زیاتر رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکان بکەن.
ماڵپەری Fichajes بڵاویکردەوە لامین یامال هێرشبەری لاوی یانەی بارسێلۆنا، کارگێڕی یانەکەی ئاگادار کردووەتەوە، پێویستە بۆ وەرزی داهاتوو هێرشبەرێکی بە توانا بگوازنەوە ریزەکانیان، ئەویش بە مەبەستی ئەوەی بتوانن زیاتر رکابەری لەسەر بەدەستهێنانی ناسناوەکان بکەن.
سەرچاوەکە بڵاویشی کردەوە ئەو یاریزانە لاوە هیچ یاریزانێکی بۆ یانەکەی پێشنیار نەکردووە، بەڵام بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی هەن کارگێڕی یانەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا، ئامانجی یەکەمیان بۆ وەرزی داهاتوو، جولیان ئالڤارێز هێرشبەری ئەرجەنتینی یانەی ئاتلێتیکۆ مەدریدە.
ماڵپەری Fichajes باس لەوەش دەکات ئەگەر بەرپرسانی بارسێلۆنا داواکەی یامال جێبەجێ نەکەن، رەنگە ئەو یاریزانە ریزەکانی یانەکەی جێبهێڵێت و پەیوەندی بە یانەی پاریس سانجێرمان بکات و چاوەڕێش دەکرێت یانە فەڕەنسیەکە، ئامادەبێت بەرامبەر 350 ملیۆن یۆرۆ لامین یامال بگوازێتەوە ریزەکانی.
ئانچیلۆتی لەگەڵ بەرازیل پلانێكی درێژخایەنی هەیە
فێدراسیۆنی تۆپی پێی بەڕازیل لە پێناو پلانێکی درێژخایەن دواجار بڕیاریدا، گرێبەستی کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵی هەڵبژاردەکەی تاوەکو ساڵی 2030 نوێ بکاتەوە.
ماڵپەری فەرمی هەڵبژاردەی تۆپی پێی بەڕازیل بڵاویکردەوە، وەکو پلانێکی درێژخایەن بڕیاریاندا گرێبەستی کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵیا هەڵبژاردەکەیان، بۆ ماوەی چوار ساڵی دیکە واتە تاوەکو ساڵی 2030 نوێ بکەنەوە.
ئانچێلۆتی گرێبەستەکەی دوای مۆندیالی 2026 لەگەڵ بەڕازیل کۆتایی دەهات، بەڵام لە گرێبەستە نوێیەکەی تاوەکو چوار ساڵی دیکەش لەگەڵ هەڵبژاردەی سلێسائۆ بەردەوام دەبێت، بە گوێرەی زانیارییەکانیش مووچەی ساڵانەی راهێنەری ئیتاڵیەکە 10 ملیۆن یۆرۆ دەبێت.
کارلۆ لە رۆژی 25ـی ئایاری 2025 وەکو راهێنەری هەڵبژاردەی بەڕازیل دەست نیشانکرا، ئەو راهێنەرە ئیتاڵیە لەو ماوەیە لە 10 یاری سەرکردایەتی سامبای کردووە و 5 بردنەوە و 3 دۆڕان و 2 بەرامبەربوونی تۆمار کردووە.
نێیمار لەپێناو مۆندیال نەشتەرگەری كردووە
ئالێکس ستیڤال کوکا راهێنەری یانەی سانتۆسی بەڕازیلی ئاشکرای دەکات، نێیمار داسلیڤا ئەستێرەی یانەکەی، لە ماوەی پشووی یارییە نێودەوڵەتییەکاندا نەشتەرگەرییەکی ئەژنەی ئەنجامداوە بۆ ئەوەی بەتەواوی بۆ مۆندیالی 2026 ئامادەبێت، کە بڕیارە لە مانگی حوزەیران دەستپێ بکات.
ماڵپەری ESPN بڵاویکردەوە نێیمار داسلیڤای تەمەن 34 ساڵ لە پێکهاتەی هەڵبژاردەی بەڕازیل بۆ یارییە دۆستانەکانی مانگی ڕابردوو بەرامبەر فەڕەنسا و کرواتیا وەک ئامادەکارییەک بۆ مۆندیال دوورخرایەوە. هەرچەندە دوورخستنەوەی دەنگۆیەکی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، بەڵام کارلۆ ئانچێلۆتی راهێنەری ئیتاڵیا سامبا، سوورە لەسەر بانگهێشت نەکردنی ئەو یاریزانە بۆ مۆندیال.
ئەو هێرشبەرە بەڕازیلییە لە یاری ڕۆژی یەکشەممەی رابردوو 5ـی نیسانی 2026 کە یانەکەی 3-1بەرامبەر فلامینگۆ دۆڕا بەشداری نەکرد، سەرەڕای ئەوەی کە پێشتر لە 2ـی نیسان لە یاری سانتۆس بەرامبەر ڕیمۆ بە ئەنجامی 2-0 بەشێوەی سەرەکی یاری کردبوو.
کوکا راهێنەری یانەی سانتۆن سەبارەت بە نێیمار داسیلڤا ئەستێرەی یانەکەی گووتی ” لەو پشووەی لە ماوەی رابردوو هەمانبوو، نێیمار نەشتەرگەرییەکی سەرکەوتووی لە ئەژنوی ئەنجامدا، هەر بۆیە مەشق و ڕاهێنانی نەکردووە.”

