رۆژنامەی ھەولێر

عێراق یاریی یەكلاكەرەوەی لە بۆلیڤیا بردەوە و بۆ دووەمجار بەشداریی مۆندیال دەكات

ئەسعەد ئیسماعیل – هەولێر

 

كاتژمێر 06:00ی بەرەبەیانی دوێنێ چوارشەممە 1/4/2026 یاریی یەكلاكەرەوەی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و بۆلیڤیا، بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 بەڕێوە چوو، عێراق بە ئەنجامی ٢-١ گۆڵ یارییەکەی بردەوە و دوای ٤٠ ساڵ گەیشتە مۆندیال.

یارییەكە لە شاری مۆنتێریی مەكسیك بەڕێوە چوو هەردوو هەڵبژاردە ڕكەبەرییان لەسەر بردنەوەی بلیتێكی گەیشتن بە مۆندیالی 2026 کر لە كۆی دوو پلیتی پاشكۆ بۆ گەیشتن بە مۆندیال.
دوای ئەوەی عێراق، خانەی سێیەمی گرووپی دووەمی لە خولی سێیەمی پاڵاوتنەكانی كیشوەری ئاسیا بۆ گەیشتن بە مۆندیال گرت لە دوای هەردوو هەڵبژاردەی كۆریای باشوور و ئوردنەوە، كە پێش عومان، فەڵەستین و كوەیت كەوت و گەیشتە پاشكۆ و لەوێش خانەی دووەمی گرووپی دووەمی لە دوای سعوودیەوە گرت، كە سعوودیە ڕاستەوخۆ بۆ مۆندیال سەركەوت.
عێراق ڕووبەڕووی ئیماراتی خاوەن خانەی دووەمی گرووپی یەكەم بووەوە، بۆ یەكلاكردنەوەی ناسنامەی هەڵبژاردەی ئاسیای گەیشتوو بە پاشكۆی جیهانی.
عێراق لە بردنی بلیتی گەیشتن بە پاشكۆ سەركەوتوو بوو، دوای ئەوەی لەسەر یاریگەی ئیمارات 1-1 یەكسان بوو، دواتر لەسەر یاریگەی خۆی 2-1 سەركەوتوو بوو.
دواتر بە تیروپشك، هەڵبژاردەی عێراق لە یاریی كۆتایی پاشكۆ ڕووبەڕووی براوەی نێوان بۆلیڤیا و سۆرینام بووەوە، كە بۆلیڤیا سەركەوتنی بەسەر سۆرینامدا بە دەست هێنا.
عێراق لە یارییەکەدا ئاستێکی بەرزی پێشکەش کرد و یاریزانی کورد ئاکام هاشم ڕۆڵێکی گەورەی لە سەرکەوتنی عێراقدا بینی.
گراهام ئارنۆڵدی ئوسترالی، راهێنەری هەڵبژاردەی تۆپی پێی عێراق، سەرکەوتوو بوو لەوەی لە دوای ساڵی 1986ـەوە بۆ یەكەمجار بلیتی گەیشتن بە مۆندیال مسۆگەر بكا، هەرچەندە ئەمساڵ ڕێژەی تیپە بەشداربووەكانی مۆندیال بۆ 48 هەڵبژاردە بەرز بووەتەوە.
عێراق پێشتر یەك جار بەشداریی مۆندیالی كردووە، ئەویش مۆندیالی 1986ی مەكسیك بوو، كە تیپەكە هەر لە قۆناغی گرووپەكان بە سێ دۆڕان بەرانبەر مەكسیك، بەلژیكا و پاراگوای، مۆندیالی جێ هێشت.
لە بەرانبەردا بۆلیڤیا گەیشتە قۆناغی پاشكۆی گەیشتن بە مۆندیال، دوای ئەوەی خانەی حەوتەمی گرووپی پاڵاوتنی كیشوەری ئەمریكای باشووری بۆ گەیشتن بە مۆندیال گرت، كە 6 سەركەوتنی بە دەست هێنا و دوو یاریی یەكسان بوو و 10 یاریی دۆڕاند، لە كۆی 18 یاری.
بۆلیڤیا سەركەوتوو بوو لەوەی 2-1 لە سۆرینام بباتەوە، هەرچەندە سەرەتا بە گۆڵێك دواكەوت.
بۆلیڤیا سێ جار بەشداریی مۆندیالی كردووە، یەكەمیان 1930 كە لە قۆناغی گرووپەكان دوور خرایەوە، لە مۆندیالی 1950 و 1994یش بەشداریی كرد و بە هەمان شێوە لە قۆناغی گرووپەكان دوور خرایەوە.
پێش ئەو یارییە، عێراق و بۆلیڤیا تەنیا یەك یارییان پێكەوە كردووە، لە 20ی نۆڤێمبەری 2018 لە یارییەكی دۆستانەدا بەبێ گۆڵ یەكسان بوون.
عێراق دوای سەرکەوتنی، دەچێتە گرووپی نۆیەمی مۆندیال، كە فەرەنسا، سەنگیال و نەرویژیشی تێدایە.
بە بۆنەی سەرکەوتنی هەڵبژاردەی عێراقەوە، حکوومەتی ئەو وڵاتە ئەمڕۆ پێنجشەممەی کرد بە پشوو.