رۆژنامەی ھەولێر

یاسایەکی نوێ بۆ پاراستنی مرۆڤ؛ ململانێی ئەکتەران و زیرەکیی دەستکرد لە هۆلیوود گەرم دەبێت

محمد لادێ – هه‌‌ولێر

لەگەڵ پەرەسەندنی بێوێنەی تەکنەلۆژیای “ئەکتەری دیجیتاڵی” لە بەرهەمهێنانە سینەماییەکانی ئەمساڵدا، سەندیکاکانی ئەکتەران لە ئەمریکا (SAG-AFTRA) و هاوتا ئەوروپاییەکانیان فشارەکان بۆ دەرکردنی یاسایەکی توند زیاد دەکەن. ئەم بزووتنەوەیە دوای ئەوە هات کە چەند کۆمپانیایەکی گەورەی فیلمسازی دەستیان کردووە بە بەکارهێنانی کارەکتەری دروستکراو بە زیرەکیی دەستکرد (AI) کە پێویستی بە بوونی فیزیکیی مرۆڤ نییە.

سەندیکاکان داوا دەکەن “ناسنامەی مرۆیی” وەک مافێکی دەستووری لە گرێبەستەکاندا بچەسپێنرێت و ڕێگری بکرێت لە جێگرتنەوەی ئەکتەرە ڕاستەقینەکان بە وێنە گرافیكییەکان. ئامانجی ئەم یاسایە پاراستنی بژێوی هەزاران ئەکتەر و کارمەندی سینەمایە کە ڕووبەڕووی هەڕەشەی بێکاری بوونەتەوە. شارەزایان پێیان وایە ساڵی ٢٠٢٦ دەبێتە ساڵی یەکلاکەرەوە بۆ دیاریکردنی سنووری نێوان داهێنانی مرۆیی و زیرەکیی دەستکرد لە جیهانی هونەردا.